یانەی زاخۆ بایكۆتی كرد

یانەی زاخۆ بایكۆتی كرد

زاری كرمانجی: سەرۆكی یانەی زاخۆ، راگەیاند" یانەكەیان بایكۆتی خولی نایابی عێراقی كردووەو بەرامبەر یانەی كەرخ یاری ناكەن".
حەمید سەلمان گووتیشی" پشتڕاستی كردەوە ئەوان بە ناچاری بڕیاری بایكۆتكردنی خولی نایابی عێراقیان داوە، چونكە چیدی بەرگەی نەبوونی پارە بۆ مووچەی یاریزانان و خەرجی یارییەكان ناگرن, ئێمە وەك كارگێڕی یانە ناچاربووین ئەو بڕیارە بدەین، چونكە هەموو یاریزانەكان بایكۆتیان راگەیاندووەو دەڵێن: ناچارنین بەبێ بەرامبەر یاری بكەین".
یانەی زاخۆ ئەمساڵ ئاستێكی بەرزی لە خولی نایابی عێراقدا پێشكەش كردووەو لە 19 یارییدا 29 خاڵی كۆكردۆتەوەو ئێستا لە پلەی شەشەمی ریزبەندی خولەكەدایە، بەڵام وەك سەرۆكی یانەكە دەڵێت"هیچ چارەیەكیان نەمابوو".
حەمید سەلمان، لە درێژەی لێدوانەكەیدا گووتی" پێشتر هۆشداری ئەوەمان دابوو كە بەو بارودۆخە خراپە داراییەوە ناتوانین بەردەوام بین، داوامان لە حكومەتی هەرێم كرد، بەڵام كەس هیچی بۆ نەكردین".
ئەو دووپاتیشیكردەوە كە ئەوان زیاتر لە پێویست بەرگەیان گرتووەو ئارامیان گرتووەو گووتی" بەو دۆخە خراپەوە 5 مانگ بەرگەمان گرت، بەڵام هیچ چارەیەك نەما، كاتێك یاریزان ئامادە نەبێت یاریت بۆ بكات، چی دەكەی؟ ناچاری بایكۆت رابگەینی".
سەرۆكی یانەكەی پردی دەلال، ئاماژەی بۆ ئەوەكرد كە ئەوە بڕیاری یاریزانانی عەرەبە، بەڵام وەك خۆی گووتی" ئێمە تەنیا دوو یاریزانی كوردمان هەیە، هەڵوێستی ئەوان هیچ كاریگەرییەكی نابێت, ئێمە بەهۆی ئەو بڕیارەوە رووبەڕووی سزادان دەبینەوە لە لایەن یەكێتی تۆپی پێی عێراقەوە، هیچمان لەدەست نایەت".
ئەو لە كۆتایی قسەكانیدا گووتی" هێشتا درەنگ نیە، ئەگەر حكومەت بێتە سەر هێڵ دەتوانین دەستپێبكەینەوە, دووپاتیدەكەینەوە ئەو بڕیارەمان بۆ ئیحراجكردنی حكومەتەكەمان نەداوە، بەڵكو بڕیارێكی ناچاری بووە".
بڕیاربوو رۆژی شەممەی داهاتوو یانەی زاخۆ لە گەڕی 20ی خولی عێراقدا ببێتە میوانی یانەی كەرخ لە بەغدا، بەڵام بەهۆی بایكۆتەوە ئەم یارییەی ئەنجام نادات.

بابەتى پەیوەندیدار وەرزشى

زۆرترین بینراو