یونیسێف: 60%ی گەنجانی عێراق بێ توانان

یونیسێف: 60%ی گەنجانی عێراق بێ توانان

ئایا گەنجانی كورد بێ‌ توانان؟

مەهدی محەممەد – رواندز :
بە بۆنەی رۆژی جیهانی كارامەیی لاوان رێكخراوی یونیسَف راپۆرتێكی لەسەر زیندووكردنەوەی پەروەردە و ئاست و توانا و لێهاتوویی گەنجان و منداڵان لە كۆمەڵگە جیاوازەكان بڵاو كردەوە، راپۆرتەكە بەم پرسیارە دەست پێ دەكات، ئایا گەنجان و منداڵان لەسەر رێڕەوی راستن لە رووی پەرەپێدانی كارامەییەكانەوە؟
عێراق لە ناو 92 وڵات پلەی یەكەمی بە دەستهێناوە كە بە رێژەی 60% ی گەنجان لە تەمەنی 15 بۆ 24 ساڵی بێ توانان و دەرفەتی بەدەستهێنانی لێهاتووییەكانی پەیوەست بە فێربوون و تواناسازی و پێشخستنی كۆمەڵگەیان نییە.
داتاكانی نێو راپۆرتەكە تیشكیان خستووەتە سەر ئاستی نزمی كارامەیی لە نێوان منداڵان و گەنجان بەهەموو تەمەنە جیاوازەكانەوە، نەبوونی هەلی كار و كەمی داهات بۆ دابینكردنی بژێوی ژیان و خوێندن و نەبوونی دەرفەتی دامەزراندن لە داهاتوودا، هۆكارگەلێكن كە وەك بەربەستێكی گەورە لەبەردەم چالاكی و دەركەوتن و لێهاتوویی گەنجان وەستاوەتەوە و ناهێڵێت بە هیچ شێوەیەك گەنج دەربكەوێت و چالاك بێت.
لە هەرێمی كوردستانیش هەمان كێشە رووبەرووی گەنجان بۆتەوە، بەڵام جیاوازتر لە شارەكانی تری عێراق، هەروەكو هەندێك لە گەنجانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران باسی لێوە دەكەن، تا رادەیەك كوردستان باشترە لە شارەكانی تری عێراق و لەلایەن حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە دەرفەتێكی باش رەخسێندراوە بۆ دەركەوتنی گەنجان، بەڵام هێشتا لە ئاست داواكاری و داخوازی گەنجان دانییە، بۆیە ئەوان لە رێگەی زاری كرمانجییەوە داواكارن حكوومەت دەرگای زیاتر بە رووی گەنجان بكاتەوە بۆ ئەوەی بتوانن خزمەتی نیشتمان و حكوومەت و كۆمەڵگەی خۆیان بكەن.
هاوكار خورشید باس لەوە دەكات گەنجانی كورد بە هیچ گەنجێكی دونیا بەراورد ناكرێن گەر دەرفەتیان بۆ برەخسێ ئاست و تواناو لێهاتوویی خۆیان دەربخەن و دەڵێ‌" گەنجی كورد بێ توانا نییە و زۆریش بە توانایە گەر دەرفەتیان بۆ برەخسێ دونیا سەرسام دەكەن" ئەوەش دەڵێ‌"ئێستا بە دەیان گەنجمان هەیە لە وڵاتانی دەرەوە بوونەتە نموونەی بەرزی لێهاتوویی و ئاستبەرزی و هاوشان لەگەڵ گەنجانی وڵاتانی جیهان، داهێنەرانە كار لەسەر بەرەوپێشبردنی دونیا و مرۆڤایەتی دەكەن، هاوكار داواكارە لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان بایەخی زیاتر بە گەنجان بدات و دەڵێ‌"هیودارم حكوومەتی هەرێم دەرفەتی زیاتر بۆ گەنجان برەخسێنێت و لە پێناو بەرەوپێشچوونی وڵات، سوود لە هێز و توانایان وەربگرێت، هەروەها هەوڵبدات دەستی گەنجانی بەهرەمەند بگرێت بۆ ئەوەی بەهرەكەی بخاتەوە خزمەت كۆمەڵگەكەی، نەك نیشتمان جێ بهێڵێت و روو لە وڵاتێكی تر بكات و لەوێ خزمەت بكات".
سامان كاكەمین دەڵێ‌"گەنجان نوێنەرایەتی گەورەترین توێژی دانیشتووانی جیهان دەكەن، بەڵام لە هەندێك كۆمەڵگە، سنوورەكانی بەردەم گەنجان تەسك كراونەتەوە و ناهێڵن وەك پێویست دەربكەون و ئاست و توانای خۆیان تاقی بكەنەوە، لە هەندێك كۆمەڵگەی تریش گەنجان پێشرەوی كاروانی بەرەوپێشبردنی زانست و هۆشیاری و ئاوەدانی كۆمەڵگەی خۆیانن، لە كوردستان بەداخەوە وەكو پێویست بایەخ بە گەنج نەدراوە و پەراوێزخراون و تا دوێنی وا تێگەیشتبوون كە ئیدی ئەو نیشتمانە ماڵی ئەوان نییە و كەس خاوەندارێتیان ناكات، بۆیە وڵاتی دووەمیان هەڵبژارد و بە هەزاران گەنج نیشتمانی رەسەنی خۆیان جێهێشت و لە وڵاتانی غەریبی مانەوە، بەڵام وەك گەنجێك هەست دەكەم كابینەی نۆیەم جیاواز لە كابینەكانی پێشوو دەیەوێت بایەخی زیاتر بە گەنجان بدات و ئاست و توانا و لێهاتوویان تاقی بكاتەوە، بۆیە دڵنیام گەر بەو شێوەیە بەردەوام بێت دەبێتە حكومەتی گەنجان و ئەوانەی بۆ دەرەوش رۆیشتوون دەگەڕێنەوە نیشتمان، بۆیە لێرەوە داواكارم لە حكومەتی كوردستان دەرفەتی زیاتر بە گەنجان بدات و كار بۆ بەرزكردنەوەی توانایان بكات و لە بێ ئومێدیی و رەشبینییە رزگاریان بكات كە بەرامبەر بە خۆیان و نیشتمانەكەیان هەیە".
كار لە سەر تواناسازیان بكرێت و ئاستی بەشداریكردنیی مەدەنییان بەرز بكرێتەوە و وایان لێ بكرێت خاوەندارەیەتیی لە خاك و نیشتمانی خۆیان بكەن و هێز و توانای خۆیان بۆ بەرەوپێشبردنی كۆمەڵگە تەرخان بكەن، ئەمانە قسەی هەڤاڵ مەعروفە و هەروەكو هاوكار پێی وایە گەنجی كورد ئەوەندە بەهێزە گەر دەرفەتی بۆ برەخسێ دونیا سەرسام دەكەن، ئەو دەڵێ‌" گەنجی كورد زۆر بە هێز و بە توانا و خاوەن ئیرادەیەكی پۆڵاینە و هیچ شتێك ناتوانێ بیوەستێنێت، دڵسۆز و وەفادارە لەبەرامبەر خاك و نیشتمان و نەتەوەكەی، بۆیە گەنجی كورد وەك سەرمایەكی گرنگی كۆمەڵگەی كوردەوارییە و پێویستە ئەو سەرماییە بپارێزرێ و لە نێو نەبرێت، ئەركە لەسەر حكوومەتی هەرێمی كورستان بایەخی زیاتر بە گەنجان بدات و دەرفەتی كاریان بۆ برەخسێندرێت و جیهانێكی باشتر لەوەی هەیە بۆیان بونیات بنرێت تا لە نیشتمانی خۆیان هەست بە لاوازی نەكەن و وەك بێگانەیەك سەیری خۆیان نەكەن".