یەكگرتوو كار لەسەر گەڕاندنەوەی متمانەی هاووڵاتییان دەكات

یەكگرتوو كار لەسەر گەڕاندنەوەی متمانەی هاووڵاتییان دەكات

رەمەزان هەرنی – دهۆك : یەكگرتووی ئیسلامی لە كۆتا هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان لەگەڵ لایەنێكی سیاسی بەشداری هەڵبژاردنەكان كرد، بەڵام نەك دەنگەكانی هەر زیاد نەكرد، بەڵكو دەنگەكانی زۆر كەمی كرد, لە لایەكی ترەوە یەكگرتوو كۆنگرەی خۆی بەست. وتەبێژی یەكگرتووی ئیسلامی لە دهۆك هۆكاری كەمبوونەوەی دەنگەكانی یەكگرتوو ئاشكرا دەكات.
ئێحسان دۆسكی, وتەبێژی مەڵبەندی سێی یەكگرتوو لە دهۆك بە زاری كرمانجی راگەیاند:" لە كۆتا هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان بەرێژەیەكی بەرچاو كۆرسییەكانی یەكگرتوو كەمبوونەوە, هۆكاری كەمبوونەوەی دەنگ و كورسییەكانیش بۆ پێش هەڵبژاردن دەگەرێتەوە, كەمكردنەوەی دەنگەكان پێشبینی كراو نەبوو بۆ یەكگرتوو, بەڵام لە هەڵبژاردندا كەمكردن و زیادكردن هەیە و بە كارێكی سرووشتی دەبینین.
وتەبێژی مەڵبەندی سێی یەكگرتوو لە دهۆك گووتیشی:" كەمكردنەوەی دەنگەكانی یەكگرتوو بۆ چەند هۆكارێك دەگەڕێتەوە، یەكێك لە هۆكارەكان ناوخۆی یەكگرتوو بوو لەگەڵ رەوشی سیاسی ناوچەكە و دروستبوونی شەری داعش و چەند هۆكارێكی تر, یەكگرتوو لایەنێكی سیاسی ئیسلامییە, بە بیانۆی داعش یەكگرتوو كرابووە ئامانج، بووە هۆكار كە دەنگدەر دەنگی خۆی بگۆڕێت و دەنگ بە یەكگرتوو نەدات, بەناوی داعشەوە خەڵك گلەیی لە ئیسلامەتی دەكرد.
ئێحسان دۆسكی, ئەوەشی خستەڕوو:" یەكگرتووی ئیسلامی لە كۆنگرەی هەشتەمی خۆی كە ماوەیەك پێش ئێستا بەست هەموو هەوڵێكی بۆ ئەوەیە بۆ چوار ساڵی ئایندە كار لەسەر گەڕاندنەوەی متمانەی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان بكات، بۆ ئەوەی زیاتر لە جاران متمانەی خەڵك بەدەست بهێنێتەوە.
وتەبێژی مەڵبەندی سێی یەكگرتوو لە دهۆك روونیكردەوە:" لە هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان یەكگرتوو بە لیستی هاوبەش لەگەڵ بزووتنەوەی ئیسلامی دابەزی، بەڵام تەنها یەكگرتوو بووە خاوەنی پێنچ كورسی و بزووتنەوە هیچ كاندیدێكی دەرنەچوو, لەو پێنچ پەرلەمانتارەی یەكگرتوو لە پەرلەمانی كوردستان دوو خەڵكی بادینانن, لە سەركردایەتی یەكگرتوو لە كۆنگرەی هەشتەمدا دوازدە كەس ئەندامی سەركردایەتی یەكگرتوو خەڵكی بادینانن.
ئێحسان دۆسكی, وتەبێژی مەڵبەندی سێی یەكگرتوو لە دهۆك ئاماژەی بەوەشكرد:" ئەو پرۆژەیەی باس لە دروستكردنی بەرەیەكی ئیسلامی دەكات، خەونێكە بۆ هەموو كەسێك كە لایەنە ئیسلامییەكان ببن بەیەك و بەرەیەك دروست بكەن, بۆیە پرۆژەكە سەر ناگرێت".

زۆرترین بینراو