‌ئامانج ئەگەر نەنووسرێت خەونە

ئەرسەلان ئەحمەد پیرانی

توێژەری دەروونی

لە زانكۆیەكی ئەمریكی توێژینەوەیەك كرا لەسەر ئەو كاسانەی بە زارەكی ئامانجیان هەیە و لەبەرامبەر ئەوانەی ئامانجەكانیان نووسیوە، توێژینەوەكە لەسەر 100قوتابی زانكۆ كرا، 80 قوتابی گووتیان ئێمە ئامانجێكی دیاریكراومان نییە، قۆناغەكان ئەبرین و بەپێ ئەو قۆناغانە ژیان ئەكەین، 16 لەو قوتابییانە ئامانجەكانیان دیاری كردبوو و دەیانزانی بۆچی دەخوێنن و چیان دەوێت، 4 لەو قوتابییانە ئامانجەكانیان نووسیبوو لە شوێنێك كە رۆژانە چاویان پێدەكەوت بۆ ئەو ئامانجانە دەژیان و بەپی ئەو ئامانجانە پلانیان بۆ ژیان دائەنا، دوای 10ساڵ چوون بۆلای هەر ئەو 100 قوتابییە، ئەو 80 كەسە ژیانی زۆر ئاسایی و سادەیان هەبوو 16 قوتابییەكەیتر ژیانیان لەو 80 كەسە باشتر بوو لە سەرووی رێژەی ئاسای ژیانیان دەكرد، 4 كەسەكەی كە ئامانجیان نووسیبوو لە دەوڵەمەنترینەكانی ئەوكاتی ئەمریكا بوون.
ژیان لە نێوان بوون و نەبووی ئامانج
دابنێ لە نێو دەریایەكی و كەشتییەكت بەدەستە شوێنێكت دیاری كردووە بۆی بچی، واتا ئاراستەی چوونت لە نێو دەریا دیارە، بۆ گەیشتن بەو شوێنە تەواو ئامادەكاریت كردووە، شەپۆڵەكان و ئاراستەی بای نێو دەریا ئەگەر پێچەوانەی ئاراستەكەشت بن، تۆ هەموو هەوڵێك دەدەی بەسەریاندا زاڵ بیت، چونكە شوێنێكی دیاری كراو و كاتێكت دەستنیشان كردووە تا پێ بگەی، بەڵام ئەگەر كەشتێكی باشت بەدەست بێت هیچ كێشەیەكیشت نەبێت لەنێو دەریا، بەڵام شوێنێكی دیاری كراوت نەبێت بۆی بڕۆی شەپۆڵەكان و بای دەریا بە مەیلی خۆیان لە نێو دەریا هەر دەتهێنن و دەتبەن، ژیانیش بەهەما شێوەیە كاتێك ئامانجێكی دیاری كراوت هەبێت كەسە نەرێنییەكان یا كێشەكان چەندە زۆر بن، تۆ توانای ئەوەت دبێت بەسەر هەموویان سەركەویت، بەڵام ئەگەر ئامانجێكت نەبێت بۆ ژیان ئەوا كەسە نەرێنییەكان، كێشەكان و كۆمەڵگا بە مەیلی خۆیان بۆ كەنارەكان ئاراستەت دەكەن، بۆیە با ئامانجت هەبێت تا كەشتیوانێكی سەركەوتوو بیت لە نێو دەریای ژیاندا.
كامە ئامانج بنووسین ؟
لە سایكۆلۆجیدا دەوتریت ئامانج ئەگەر نەنووسرێت خەونە، خەونیش هەر بە خەون ئەمێنێتەوە .
پێویستە هەر ئێستا پێنوسێك و پارچە كاغەزێك بێنی و 10 لە گرنگترین ئامانجەكانی ژیانت بنووسی كە پێشبینی دەكەی 10ساڵیتر بەو ئامانجانە بگەیت، پێویستە بەپێ گرنگی ئامانجەكان رێزبەندییان بۆ بكەی و لە شوێنێك هەڵواسی تا رۆژانە چاوت پێ بكەوێت، با ئامانجەكانت ئەرێنی بن، هەموویان لە پێناو بەدەست هێنانی ژیانێكی شایستەدا بن لەمە دڵنیابە چۆن بیردەكەیتەوە و چی دەنووسی هەمان شت روودەدات، بۆیە باشترینەكان بنووسە.
گرنگی نوسینی ئامانج چییە ؟
1- ئەبێتە هۆی ئەوەی تۆ رۆژانە پلان دابنی و گۆڕانكاری بخەیتە پلانەكانت
2- دەبێتە هۆی هاوسەنگی دەروونی یا دەروون ئارامی، چونكە بە بینینی ئامانجەكانت دەزانی لە پێناو چیدا ژیان دەكەیت و بۆیە خۆت ماندوو دەكەی.
3- كاتی بەتاڵت كەمتر دەبێت، بەهۆی سەرقاڵی پلان و كار كردن لە پێناو ئەو 10 ئامانجە، نەبوونی كاتی بەتاڵ لە بیركردنەوە نەرێنی و نەخۆشییە دەروونییەكان دوورت دەخاتەوە.
4- ئەبیتە كەسێكی واقع بین، چونكە ئیتر پێویستە مامەڵەی راستەقینە لەگەڵ چواردەور و كار و ژیانتدا بكەی لە پێناو گەیشتن بە ئامانجەكانت.
بۆچی بە ئامانجەكانمان ناگەین ؟
هەڵبژاردنی ئامانج بەقەد خودی ئامانج گرنگە، ناكرێت تۆ چاوەكانت داخەیت و هەرچی بە خەیاڵتدا هات لەسەر پارچە كاغەزێك بنووسی و بڵێی ئەمە دەكەم بە ئامانجی ژیانم، پێویستە واقعبین بیت لە هەڵبژاردنی ئامانجەكەت، بۆ نموونە بەپێ ئەو ژینگەیەی لێی دەژیت و ئەو كاتەی دیاری دەكەی بۆ گەیشتن بە ئامانجەكەت تا بزانی چەند كات دەوێ و بە پلانێكی دارێژراو گرنگی بە ئامانجەكەت دەدەی، بۆیە نووسینی ئامانجیش ئەگەر بە هەرەمەكی بێت وەك ئەو ئامانجەیە كە نەتنووسیوە و بە خەون دەمێنێتەوە.

 

زۆرترین بینراو