بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی سۆران چەند رێنماییەك بۆ خۆپاراستن لە لافاو بڵاودەكاتەوە

بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی سۆران چەند رێنماییەك بۆ خۆپاراستن لە لافاو بڵاودەكاتەوە

1. تاوەکو بكرێت بە ھەموو شێوەیەك دووربكەوە لەو باڵەخانانەی راستەوخۆ كەوتوونەتە نێو رێڕەوەی سەرەكیی لافاوەكە.
2. دیواری ئەستوور و تووندووتۆڵی وەكو بەربەست لە دەوروبەری خانووەكەت دروستبكە ئەگەر لەناوچەیەك دەژیای، كە ئەگەری روودانی لافاوی لێ زیاتربێ لە ئەوانی دیكە تاوەكو ھەڕەشەی ھاتنە ژوورەوەی ئاو بۆ ناو خانووەكەت دووربخەیتەوە.
3. دیواری خانوو یان نھۆمەكانی زەمینی بە دیواری ئەوتۆ دروستبكرێن كە دژە دزەكردنی ئاو بن بۆ دوورخستنەوەی نەك تەنھا ئاوی لافاو بەڵكو ھەموو جۆرە شێوەیەك كە كاردەكاتە سەر تەواوی پەیكەری بیناكە.
4. بەدواداچوونی بەردەوامی دەزگاكانی راگەیاندن، بە تایبەتی لەگەڵ زیادبوونی زۆری رێژەی بارانبارین لە ناوچەكەتدا.
لەكاتی نزیكبوونەوەی روودانی لافاو:
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
- پێشوەختە جانتایەك ئامادەبكە و ھەموو دیكۆمێنتە كەسییە گرنگەكانت و چەند جۆرە دەرمانێكی پێویستی تێدا كۆبكەوە.
- ئەگەر بەرپرسانی حکومەت داوایان لێكردی ماڵەكەت جێبھێڵیت، ئەوا دەستبەجێ و بەبێ دواكەوتن جێیبھێڵە.
- تاکو دەتوانی بڕۆ ناوچە و شوێنە بەرزەكان.
- ئەگەر پێت كرا ئەوا كەلوپەلە بەھادار و گرنگ و پێویستەكانت زووتر بگوازەوە نھۆمی سەرەوە یان ھەر ژوورێك كە لەسەرووی نھۆمی زەویدا بێت.
- دەستبەجێ سویچی سەرەكی كارەبای ماڵەوەت بكوژێنەوە.
لەكاتی روودانی لافاو:
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
1. بەھیچ شێوەیەك بەنێو تەوژمی ئاوە بەخووڕ رۆیشتووەكاندا مەڕۆ، ئەگەر قووڵایشیان كەمبێت. چونكە ئەگەر قوڵایی رێڕەوێكی لافاو تەنھا 15 سانتیمەتر بێت، ئەوا دەستبەجێ دەتخاتە سەر زەوی و دەكەویە نێو تەوژمی ئاوەكە.
2. ئەگەر ناچاربوویت لەنێو ئاودا بڕۆیت، ئەوا تاوەکو پێتدەكرێ بەنێو ئەو ناوچانەدا بڕۆ كە تەوژمی لێ نییە و دارێكیش بەدەستەوە بگرە و بەردەوام لە ئاستی قووڵایی ھەنگاوەكانی پێش خۆت دڵنیابە ئینجا ھەنگاو بنێت.
3. بەھیچ شێوەیەك ئۆتۆمبێل لە ناوچە نقومبوو یان نیمچە نقومبووەكاندا لێ مەخوڕە، كاتێك لەناو ئۆتۆمبێل بوویت و بە ئاو گەمارۆ درای، دەستبەجێ جێیبھێڵە و تاوەکو دەتوانی بەرەو ناوچەیەكی بەرزتر بڕۆ.
4. ئەگەر بە تەواوی تەڕ ببوویت، ئەوا بەھیچ شێوەیەك دەست لە ھیچ جۆرە كەلوپەل و ئامێر و كەرەستەیەك مەدە، كە پەیوەندی بە كارەباوە ھەبێت بە تایبەتیش ستوونەكان.
لەدوای وەستانی لافاوەكە:
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
- بەردەوام بەدواداچوونی فەرمانگەكانی میری بکە بەتایبەتی بەرگری شارستانی بۆ زانینی سنووری كارتێكردنی لافاوەكە و ئەو ناوچانەی كە زۆر پێیوە كاریگەربوون.
- بەھیچ شێوەیەك لەناوچە نقوومبووەكاندا نزیك مەبەوە، چونكە زۆرجار ئەو جۆرە ناوچانە ئاو بە ماددەی كیمیایی جۆراوجۆری ژەھراویی یاخود بە نەوت و بەنزین و ئاوی زێرابەكانەوە پیسبووە، جگە لە ھەڕەشەی بەردەوامی بەركەوتن بە تەزووی كارەبا لە ھێڵە لێك ئاڵاوەكاندا.

راگەیاندنی بەرێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی سۆران.

زۆرترین بینراو