رۆژنامەنووسانی کوردی ئێران دووجار مەترسیان لەسەرە

رۆژنامەنووسانی کوردی ئێران دووجار مەترسیان لەسەرە

واشنتن – سزادانی دوو ڕۆژنامەنووس لەم مانگەدا لە شارێکی کوردی ئێران تیشکدەخاتە سەر ئەو فشارانەی لەسەر میدیاکانی هەرێمەکە هەیە.

زیندانی تاکەکەسی، ئەشکەنجە و سزای قورس مەترسی هەمیشەیین بۆ ئەوانەی راپۆرت لەسەر جیاکارییەکان بەرامبەر بە کوردانی دانیشتووی ئێران دەکەن. تەنانەت هەڵهاتنیش بۆ کوردستانی عێراقی دراوسێ پاراستنیان مسۆگەر ناکات.

لە کەیسی شەهرام ئەمجەدیان و مۆرتەزا حەق بەیان، دادگای سنە بە تۆمەتی بڵاوکردنەوەی هەواڵی ساختە هەردووکیانی بە دوو ساڵ و نیو و ٩٠ شەلاق (جەڵدە) سزاداوە.

حوکمدانەکە پەیوەندی بە کەناڵێکی تەلەگرامەوە هەیە کە دوو رۆژنامەنووسەکە بەرێوەیان بردووە و نزیکەی (١٠) هەزار بەشداربووی هەبووە.

شەهرام و مورتەزا پلانیان هەبوو رووماڵی کەناڵەکەیان فراوان بکەن و هەواڵی پارێزگاکانی دیکە بڵاوبکەنەوە. بەڵام کەناڵەکەیان، ئەعماک- کە کورتکراوەیەکی فارسییە بۆ "روونکردنەوەی کاروباری بەرپرسانی کوردستان"- دوو ساڵ پێش ئێستا داخرا و ئەمجەدیان و حەقبەیان دەستگیرکران.

ئەرسەلان یارئەحمەدی، ئەندامی بەرێوەبەرانی هەنگاو، کە رێکخراوێکی قازانجنەویستە، گوتی، "کەناڵێکیان هەبوو کە گەندەڵی و ئەو شتانەی بەرپرسانی حکومەتیان لە شاری سنە تیادا بڵاوکردووەتەوە. هەر بەو هۆیەشەوە گیراون و ئەو سزایەش سەپاوە."

یارئەحمەدی دەڵێت هەردوو رۆژنامەنووسەکە زیاتر لە دوو مانگیان لە بەندینخانەی تاکەکەسیدا بەسەربردووە.

گرتنی ئەم رۆژنامەنووسانە رووداوێکی دەگمەن نییە. کۆمیتەی بەرگریکردن لە رۆژنامەنووسان کە بنکەکەی لە شاری نیویۆرکە دەڵێت دەسەڵاتدارانی ئێران ساڵی پار هەشت رۆژنامەنووسیان دەستگیرکرد، وەکو بەشێک لە هەڵمەتێکی گەورەتر دژی چالاکی سیاسی.

ساڵەح نیکبەخت، پارێزەرێک کە لە تاران دەژی و نوێنەرایەتی چەندین رۆژنامەنووسی کردووە، بە دەنگی ئەمەریکا دەڵێت، "ئێستا لە ئێراندا پایزی رۆژنامەنووسییە." نیکبەخت روونیکردەوە کە لەسەردەمی سەرۆکی ریفۆرمخوازی ئێران موحەمەدی خاتەمی لە ناوەڕاستی ١٩٩٠ ەکان "بەهاری" رۆژنامەنووسی هەبوو چونکە میدیا دەیتوانی رووماڵی زۆر بابەتی کلتووری و سیاسی بکات کە ئەمڕۆ ناتوانن خۆی لێبدەن.

وەزارەتی دەرەوەی ئێران وەڵامی ئیمەیڵی دەنگی ئەمەریکای بۆ سەرنج لەوبارەیەوە نەدایەوە.

ناچاربوون هەڵبێن

دوای ئەوەی دەستگیرکران و فشاریان خرایە سەر، چەند رۆژنامەنووسێک ئێرانیان جێهێشتووە. یەکێک لەوانە، حوسێن ئەحمەدینیازە کە وەکو رۆژنامەنووسێک و پارێزەر کاریدەکرد پێش ئەوەی ساڵی ٢٠١٨ لە هۆڵەندا داوای مافی پەنابەرێتی بکات.

حوسێن سەرنووسەری گۆڤاری ئاسۆ بوو پێش داخستنی بڵاوکراوەکەی لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە ساڵی ٢٠٠٥. بڵاوکراوەکە رووماڵی کوشتنی شوان قادری کردبوو کە هێزەکانی ئاسایشی ئێران بەستبوویان بە ئۆتۆمبیلێکەوە و بە شەقامەکانی مهاباددا رایانکێشابوو.

حوسێن گوتی، "ئێمە رەخنەمان گرت لە کوشتنی شوانی قادری کە ئێران بە نایاسایی لە مهباددا ئەنجامیدا. ئەو کات، سۆشیاڵ میدیا (میدیای کۆمەڵایەتی) وەکو ئێستا نەبوو. رۆژنامە یەکەم قسەی دەکرد لە رۆژهەڵاتدا."

کوردی عێراق نزیکەی سێ دەیەیە خاوەنی ئۆتۆنۆمی سیاسی خۆیانن، و کوردی سوریاش بەمدوایە هەرێمێکی هاوشێوەی خۆبەڕێوبەری دروستکردووە بەهۆی هاوکاری ئەمەریکا و وڵاتانی دیکەی رۆژئاواوە. بەڵام لە ئێران و تورکیا، کورد بۆ مافی زیاتری سیاسی و کلتووری تێدەکۆشن.

شرۆڤەکارێک دەڵێت هەراسانکردنی میدیای کوردی لەلایەن ئێرانەوە پەیوەندی بە ترسەوە هەیە لەبارەی کاریگەرییەکانی دەستکەوتەکانی کورد لە عێراق و سوریا.

دەیڤد رۆمانۆ، پسپۆڕی ناسیۆنالیزمی کوردی، بە دەنگی ئەمەریکای گوتی، "ئێران دەوڵەتێکی فرە نەتەوەیە و فارسەکان تیایدا نزیکەی نیوەی دانیشتوانن." رۆمانۆ روونیکردەوە کە ئێران وادەردەکەوێت "ترسێک و نیگەرانییەکی زۆر گەورەی لەبارەی ئۆپۆزسیۆنی کوردییەوە" هەبێت و ئەوەشی زیادکرد کە بەهۆی ئەمەوە جێگەی سەرسوڕمان نییە کە "رژێم چەندە سەرکوتکەر و دڕندەیە بەرامبەر میدیای کوردی و رۆژنامەوانانن."

رۆمانۆ گوتی کورد نزیکەی ٩% ی دانیشتوانی ٨٥ ملیۆنی ئێران پێکدەهێنن. راپۆرتێکی ساڵی ٢٠١٩ی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاشکرایکرد کورد نزیکەی نیوەی بەندکراوە سیاسییەکانی ئێرانیش پێکدەهێنن و ژمارەیەکی زۆریان رووبەڕووی سزای لە سێدارەدان دەبنەوە.

دوای داخستنی ئاسۆ و بڵاوکراوەکانی دیکەی وەکو ئاشتی لەلایەن ئێرانەوە، حوسێن ئەحمەدینیاز دەستیکرد بە کاری پارێزەری و نوێنەرایەتی چەندین رۆژنامەنووس و چالاکوانی سیاسی کرد.

بەڵام دووجار بەندکرا بەهۆی قسەکردنییەوە دژی ئەو سزا توندانەی ئێران بە سەر ئەوانەدا دەیسەپاند کە لە دادگادا حوسێن نوێنەرایەتی دەکردن.

حوسێنی گوتی، "کورد لە ژێر چاودێری کامڵی ئێراندایە...[ئێران] میدیای تایبەتی کوردی سوپای پازدارانی داناوە." پارێزەرەکە ئاماژەی بە چەند وێبسایت و تەلەفزیۆنێکی کوردی کرد لە دەوڵەتی ئێران پاڵپشتیان دەکات.

حوسین گوتی، "ئامانجی ئەوەیە رێگەنەدات بە رۆژنامەیەکی سەربەخۆی کوردی بێتە مەیدان و سەبارەت بە مافی کورد، چارەنووسی کورد، و کەلتووری راستەقینەی کورد لێکۆڵینەوە بکات، یان بنووسێت یان ئارتیکڵێک دەربخات."

ناوچەی نائارام

هەرێمی کوردستانی عێراقی دراوسێ زۆرجار بووەتە یەکەم وێستگەی ئەو رەخنەگر و رۆژنامەنووسانەی لە ئێران هەڵدێن.

بەڵام هەرێمەکە تەواو ئارام نییە. پێنج کەس ساڵی پار هەڵیانکوتایە سەر ماڵی رۆژنامەنووسێک، لێیاندا و منداڵ و ژنەکەیان کردە بارمتە بۆ ئەوەی زانیاری لەبارەی سەرچاوەکانی و کەسانی ئۆپۆزسیۆن لە ئێران بداتەدەستەوە.

هەروەها ئەم مانگە، بەرپرسێکی باڵای پارتێکی کوردی ئێران لە ژووری هوتێلەکەیدا لە هەولێر لەلایەن پیاوێکەوە کوژرا کە دەسەڵاتدارانی کوردستانی عێراق دەڵێن بۆ ئێران هەڵهاتووە.

نەعیم نەجەفی، رۆژنامەنووسێکی تەمەن (٣٠) ساڵە کە بۆ کەناڵە تەلەفزیۆنییەکانی وەکو گەلی کوردستان و کوردستان ٢٤ کاریکردووە. ساڵی ٢٠٠٤، نەعیم ڕۆشت بۆ کوردستانی عێراق، دوای ئەوەی دەستگیرکرا و هەراسانکرا لەکاتێکدا سەرنووسەری گۆڤارێکی خوێندکاری بوو لە ئێران کە لەسەر ئەدەبیات و مێژووی کورد دەینووسی.

بەڵام لەدەرەوەی وڵاتەکەش، هەراسانکردن بەردەوامە و خانەوادەی رۆژنامەنووسەکە بەمدواییە هەڕەشەی لێرکراوە.

نەعیم گوتی، "بە بنەماڵەکەمیان گوتبوو، 'ئەگەر واز لە چالاکییەکانی نەهێنێت، تەرمەکەی دەهێنینەوە بۆتان.' بەگشتی ئەو فشارانە زیاتر لەبەر ئەوەیە کە ئەوان بتوانن یان تۆ بێدەنگ بکەن، یان ئەوەی ناچارت بکەن بە شێوەیەک چالاکییەکانت ئەنجامبدەیت کە نەبێتە مەترسی لەسەریان یان ئاشکراکردنی ئەو کردەوە نامرۆڤانەی ئەوان لە ناوچەکە و ئێراندا دەیکەن."

نەعیم هیچی دیکە هەستی بە سەلامەتی نەکرد و بەم دواییە کوردستانی عێراقی بۆ ئەڵمانیا جێهێشت.

"ئەگەر رۆژنامەنووسێکی کورد بیت، دەزانیت رۆژنامەنووس چەندە گرفتی لەسەر، لەو لاوە تۆ کوردیش بیت... بەتایبەتی ئەو رۆژنامەنووسانەی ئەگەر بیانەوێت باسی مافی میللەتەکەی خۆیان بکەن، کێشەکانیان بکەن، ببنە دەنگی ئەوانە."

زۆرترین بینراو