په‌رله‌مانی كوردستان راپۆرتێك سه‌باره‌ت به‌دۆخی دارایی و لێبڕینی مووچه‌ و یاسای چاكسازی ئاماده‌ ده‌كات

په‌رله‌مانی كوردستان راپۆرتێك سه‌باره‌ت به‌دۆخی دارایی و لێبڕینی مووچه‌ و یاسای چاكسازی ئاماده‌ ده‌كات

زاری كرمانجی - كاتژمێر 11ی پێشنێوه‌ڕۆی ڕۆژی دووشه‌ممه 2021/6/28، به‌سه‌رۆكایه‌تیی د.ڕێواز فایق سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان و ئاماده‌بوونی د.هێمن هه‌ورامی جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان و منی نبی قه‌هوه‌چی سكرتێری په‌رله‌مان، دانیشتنی ژماره‌ (16)ی ئاسایی خولی بەهارەی ساڵی سێیەم له‌خولی پێنجه‌می هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان به‌ڕێوه‌چوو.
سه‌ره‌تا سه‌رۆكی په‌رله‌مان به‌ناوی خواو گه‌لی كوردستانه‌وه‌ دانیشتنه‌كه‌ی كرده‌وه‌، پاشان منی نبی قه‌هوه‌چی سكرتێری په‌رله‌مان، به‌رنامه‌ی كاری دانیشتنه‌كه‌و پوخته‌ی دانیشتنی پێشووی په‌رله‌مانی خوێنده‌وه.
به‌پێی خاڵی یه‌كه‌می به‌رنامه‌ی كارو ئاماژه‌ به‌ماده‌ی (5) له‌یاسای ژماره‌ (2)ی ساڵی 2008و بڕگه‌ی (6) له‌ماده‌ی 18ی په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مان، له‌لایه‌ن سه‌رۆكی په‌رله‌مانه‌وه‌ درێژكردنه‌وه‌ی ماوه‌ی ویلایەتی سەرۆكی دیوانی چاودێریی دارایی هەرێمی كوردستان، خالید هادی چاوشلی بۆ (9) مانگی تر خرایه‌ ده‌نگدانه‌وه‌و به‌ده‌نگی 70 په‌رله‌مانتار په‌سندكرا.
به‌پێی خاڵی دووه‌می به‌رنامه‌ی كاریش، له‌لایه‌ن لیژنه‌ی كاروباری یاساییه‌وه‌ به‌جیا خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌م بۆ پڕۆژەیاساكانی (نیشان و میدالیا لەهەرێمی کوردستان، کۆمپانیا ئەمنییە تایبەتەکان لەهەرێمی کوردستان، بەرهەمهێنان و هاوردەكردنی بنەتۆو شەتڵ و تۆماركردن و پەسەندكردن و پارێزگاریكردن لەتەرزە كشتوكاڵییەكان لەهەرێمی كوردستان)و پێشنیازەیاساكانی (هەمواری یاسای چاودێریی نەوجەوانان ژمارە (76)ی ساڵی 1983و هەموارەکانی لەهەرێمی کوردستان، هەمواری یاسای بزربووەکان لەهەڵمەتەکانی لەناوبردنی بەکۆمەڵی گەلی کوردستانی عێراق ژمارە (3)ی ساڵی 1999، هەمواری دووەمی یاسای دەستەی دەسپاكیی هەرێمی كوردستان-عێراق ژمارە (3)ی ساڵی 2011، گەشتوگوزار لەهەرێمی كوردستان) كران و له‌لایه‌ن سه‌رۆكی په‌رله‌مانیشه‌وه‌ ئاراسته‌ی لیژنه‌ تایبه‌تمه‌نده‌كان و لیژنه‌ی كاروباری یاسایی و سه‌رجه‌م ئه‌ندامانی په‌رله‌مان كران بۆ وه‌رگرتنی رێككاره‌ یاساییه‌كانی خۆیان.
به‌پێی خاڵی سێیەمی به‌رنامه‌ی كارو به‌پێی ماده‌ی (7)، بڕگه‌ی چواره‌م له‌په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مان، له‌لایه‌ن سه‌رۆكی په‌رله‌مانه‌وه‌ پێشنیازی درێژكردنه‌وه‌ی خولی به‌هاره‌ی ساڵی سێیەم له‌خولی پێنجه‌می هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان بۆماوه‌ی 30 ڕۆژ خرایه‌ ده‌نگدانه‌وه‌و به‌ده‌نگی 65 ئه‌ندامی په‌رله‌مان په‌سندكرا.
هه‌ر له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا به‌بۆنه‌ی تێپه‌ڕبوونی نزیكه‌ی سێ ساڵ به‌سه‌ر تێپه‌ڕبوونی ئه‌و خوله‌ی په‌رله‌ماندا، سه‌رۆكی په‌رله‌مان ئامارێكی سه‌باره‌ت به‌به‌دواداچوونه‌كانی لیژنه‌ هه‌میشه‌ییه‌كانی په‌رله‌مان بۆ پڕۆژه‌كانی وه‌به‌رهێنان له‌كه‌رتی تایبه‌ت و پڕۆژه‌ حكومییه‌كان كه‌ له‌سه‌رده‌می كابینه‌ی نۆیه‌مدا هه‌ن كه‌زیاتر له‌هه‌زار پڕۆژه‌ن‌ خسته‌ڕوو و ڕاشیگه‌یاند: "جگه‌ له‌لیژنه‌ی كاروباری یاسایی و لیژنه‌ی كاروباری په‌رله‌مان و سكاڵا كه‌ئیشه‌كه‌یان له‌نێو په‌رله‌مانه‌، به‌هه‌موو لیژنه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان (26) لیژنه‌ی لاوه‌كییان دروستكردووه‌ بۆ سه‌ردانی پڕۆژه‌كان، واته‌ ئه‌گه‌ر (26) دابه‌ش بكه‌ین به‌سه‌ر هه‌زار ئه‌كاته‌ (0.026)، ئه‌گه‌ر دابه‌شیشی بكه‌ین به‌سه‌ر ژماره‌ی لیژنه‌كانی په‌رله‌مان ژماره‌یه‌كی وایه‌ كه‌ئێمه‌ له‌ڕوومان نایه‌ت بیخه‌ینه‌ ناو هه‌ڵسه‌نگاندنه‌كه‌مان بۆ لیژنه‌ لاوه‌كییه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان".
گووتیشی: "واته‌ له‌كۆی ئه‌و هه‌زار پڕۆژه‌یه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ئێمه‌ به‌دواداچوونمان بۆ (2.6) پڕۆژه‌ كردووه‌ وه‌كو لیژنه‌، له‌كاتێكدا به‌ته‌نیا یه‌ك لیژنه‌ له‌خولی سێیه‌می په‌رله‌مانی كوردستان (113) شوێنی پڕۆژه‌ی به‌سه‌ركردۆته‌وه‌".
ڕِاشیگه‌یاند: "ئێمه‌ له‌په‌رله‌مانی كوردستان حه‌زده‌كه‌ین ڕێژه‌ی به‌دواداچوونه‌كانی لیژنه‌كانی په‌رله‌مان له‌ئاسمان بێت و هه‌موو پێداویستییه‌كانیشی بۆ دابین ده‌كه‌ین و ده‌شمانه‌وێ كێشه‌كانیان چاره‌سه‌ربێ"، گووتیشی: "له‌به‌رئه‌وه‌ ده‌مه‌وێ دڵنیابن سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان هیچ زانیارییه‌كی وردو پشتڕاستكراوه‌ی له‌سه‌ر هیچ یه‌كێك له‌و ده‌نگۆیانه‌ نییه‌".
به‌پێی خاڵی چواره‌می به‌رنامه‌ی كاریش كه‌بریتی بوو له‌خستنەڕوو و گفتوگۆكردنی چۆنیەتیی پڕکردنەوەی کورتهێنانی مووچەو هۆکارەکانی جێبەجێنەبوونی یاسای چاکسازی و یاسای بودجەی عێراق و داهاتی گومرگی و خاڵە سنوورییەكان و کەموکوڕییه‌كان له‌و خاڵە سنوورییانه‌و داهاتی نەوت و داهاتی ناوخۆ، كه‌به‌ئاماده‌بوونی هه‌ریه‌ك له‌ ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و كاروباری ئابووری، کەمال ئەتروشی وەزیری سامانە سرووشتییەکان، خالید شوانی وەزیری هەرێم بۆ کاروباری بەغداو د.ڤالا فەرید وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پەرلەمان و د.ئومێد سه‌باح سه‌رۆكی دیوانی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران و د.ئامانج ڕه‌حیم سكرتێری ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران و عه‌بدولحه‌كیم خه‌سره‌و بەرپرسی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون به‌ڕێوه‌چوو، له‌لایه‌ن ئه‌ندامانی په‌رله‌مانه‌وه‌ چه‌ندین سه‌رنج و تێبینی و پرسیار سه‌باره‌ت به‌دۆخی دارایی و پرسی لێبڕینی مووچه‌و چۆنیەتیی پڕکردنەوەی کورتهێنانی مووچەو پله‌به‌رزكردنه‌وه‌ی‌ فه‌رمانبه‌ران و هۆکارەکانی جێبەجێنەبوونی یاسای چاکسازی و یاسای بودجەی عێراق و کەموکوڕیی خاڵە سنوورییەکان و داهاتی نەوت و داهاتی ناوخۆو پرسی گرانبوونی نرخی به‌نزین و مامۆستایانی وانه‌بێژو سێ یه‌كه‌مه‌كانی زانكۆو په‌یمانگه‌كان و فه‌رمانبه‌رانی گرێبه‌ست، ئاراسته‌ی ستافی حكومه‌ت كران و داوایانكرد كۆتایی به‌لێبڕینی مووچه‌ بهێنرێت و كۆنتڕۆڵی خاڵه‌ سنوورییه‌كان بكرێت و داهاتی فرۆشتنی نه‌وت كه‌ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ خه‌زێنه‌ی حكومه‌ت بۆ ئه‌ندامانی په‌رله‌مان ئاشكرا بكرێت و هه‌نگاوه‌كانی پرۆسه‌ی چاكسازیش تائێستا به‌كوێ گه‌یشتوون بۆ ئه‌ندامان ڕوونبكرێته‌وه‌، هه‌روه‌ها داواشیانكرد كه‌سێ یه‌كه‌مه‌كانی زانكۆو په‌یمانگه‌كان دابمه‌زرێنرێن و فه‌رمانبه‌رانی گرێبه‌ستیش بكرێن به‌هه‌میشه‌یی و شایسته‌ داراییه‌كانی مامۆستایانی وانه‌بێژیش خه‌رج بكرێن.
لای خۆیانه‌وه‌ شاندی حكومه‌تی هه‌رێم، ڕوونكردنه‌وه‌ی پێویستییان سه‌باره‌ت به‌و سه‌رنج و تێبینییانه‌ی ئه‌ندامانی په‌رله‌مان سه‌باره‌ت به‌دۆخی دارایی و پرسی لێبڕینی مووچه‌و چۆنیەتیی پڕکردنەوەی کورتهێنانی مووچەو پله‌به‌رزكردنه‌وه‌ی‌ فه‌رمانبه‌ران و قۆناغه‌كانی جێبه‌جێكردنی یاسای چاکسازی و یاسای بودجەی عێراق و ڕێككه‌وتنی هه‌رێم و به‌غدا سه‌باره‌ت به‌و بودجه‌یه‌و داهاتی نەوت و گرێبه‌سته‌ نه‌وتییه‌كان و قه‌رزه‌كانی سه‌ر حكومه‌تی هه‌رێم و داهاتی ناوخۆ خسته‌ڕوو و وه‌ڵامی ئه‌و پرسیارانه‌شیان دایه‌وه‌ كه‌له‌لایه‌ن ئه‌ندامانی په‌رله‌مانه‌وه‌ ئاراسته‌یان كرابوو.
له‌میانه‌ی قسه‌كانیاندا شاندی حكومه‌ت زانیاریی وردیان له‌باره‌ی كۆی داهات و خه‌رجییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ئاشكراكردو رایانگه‌یاند: "42%ی داهاتی نه‌وتیان بۆ ڕه‌وانه‌ ده‌كرێت، ئه‌مه‌ش كابینه‌ی نۆیه‌م لێی به‌رپرس نییه‌".
هه‌روه‌ها ورده‌كاریی داهات و خه‌رجییه‌كانی پێنج مانگی سه‌ره‌تای ئه‌مساڵیان ئاشكراكردو ڕایانگه‌یاند: "مانگی كانونی یه‌كه‌می ئه‌مساڵ داهاتی سامانه‌سروشتیه‌كان 322 ملیار دینار بووه‌، داهاتی ناوخۆش 232 ملیار بووه‌".
سه‌باره‌ت به‌ڕێژه‌ی داهاتی نانه‌وتی و چۆنیه‌تیی دابه‌شكردنی ڕایانگه‌یاند: "له‌ 1ی 1ی 2021 تا 30ی 4ی 2021 داهاتی نانه‌وتیی هه‌رێم یه‌ك ترلیۆن و 136 ملیارو 254 ملیۆن دینار بووه‌، كه‌ناكاته‌ مانگێ 200 ملیۆن دۆلار، 300 ملیۆن دۆلاریش داهاتی نه‌وت بووه‌، به‌هه‌ردووكیان مووچه‌ی ته‌واوی دابین نه‌كردووه‌".
ڕاشیانگەیاند: "لەسەرەتای ئەمساڵەوە تا 30ی نیسان داهاتی نانه‌وتیی هه‌رێم یه‌ك ترلیۆن و 136 ملیارو 254 ملیۆن دینار بووه‌، كه‌ناكاته‌ مانگێ 200 ملیۆن دۆلار، 300 ملیۆن دۆلاریش داهاتی نه‌وت بووه‌، به‌هه‌ردووكیان مووچه‌ی ته‌واوی دابین نه‌كردووه‌، دەشڵێت، "%88ی داهات بۆ مووچه‌ ده‌ڕوات".
دوابه‌دوای ئه‌و گفتوگۆیه‌ دوورودرێژه‌ی كه‌ له‌نێوان په‌رله‌مان و شاندی حكومه‌ت كرا كه‌نزیكه‌ی 18 سه‌عاتی خایاند، سه‌رۆكی په‌رله‌مان ئه‌وه‌ی خسته‌ ده‌نگدانه‌وه‌ كه‌هه‌ر ئه‌ندامێكی په‌رله‌مان له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یه‌ ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان هه‌رسێ لیژنه‌ی دارایی و یاسایی و وزه‌و سامانه‌ سرووشتییه‌كان رابسپێردرێن بۆ ئاماده‌كردنی پوخته‌ی داواكارییه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان سه‌باره‌ت به‌و پرسانه‌ی كه‌له‌دانیشتنه‌كه‌دا گفتوگۆیان له‌سه‌ركرا به‌مه‌به‌ستی ئاراسته‌كردنی وه‌ك نه‌خشه‌ڕێگه‌یه‌ك بۆ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و به‌ده‌نگی 69 په‌رله‌مانتار په‌سندكرا.
به‌مجۆره‌ سه‌رۆكی په‌رله‌مان كۆتایی به‌دانیشتنه‌كه‌ هێنا.

زۆرترین بینراو