تەکنەلۆژیای کریسپەر (CRISPR) چییە؟

تەکنەلۆژیای کریسپەر (CRISPR) چییە؟

دانەر عەزیز

تەکنەکنەلۆژیایی کریسپەر(CRISPR) ئامرازێکە بەکار دێت بۆ گۆڕین و دەستکاریکردنی (DNA) زیندەوەران بە تایبەت مرۆڤ.
کریسپەر جۆرێکی جیاوازی سیستەمی بەرگرییە کە لەناوچەند جۆرێک لە بەکتریادا هەیە،دەبێتە هاندەر بۆ ناسینی دی ئێن ئەی (DNA) ئەو ڤایرۆسانەی کە هۆکاری نەخۆشین دواتر لەناویان دەبات. بۆ یەکەمجار لە جیهاندا زیندەوەرناسی ژاپۆنی یۆشیزۆمی ئیشینۆ لە ساڵی ١٩٨٧ سیستەمی کریسپەری لە چەندین جۆری بەکتریادا دۆزییەوە،دواتر لە ساڵی ١٩٩٣ فرانسیسکۆ مۆژیکا و هاوڕێکانی توانیان کریسپەر لەناو چەند جۆرە میکرۆبێکدا بدۆزنەوە.
سیستەمی کریسپەر خاوەنی پڕۆتینێکە کە پێی دەوترێت (cas9) ئەم پرۆتینە  توانای گەڕانی لەسەر دی ئێن ئەی ڤایرۆسەکە هەیە، هەروەها توانای بڕین و پچڕاندنی ڤایرۆسەکەشی هەیە.
لە چەندین ساڵی ڕابردوودا ئەندازیاری جین (Gene)  بەهۆی دۆزینەوە و پەرەسەندنی کریسپەر پێشکەوتنێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی،یەکێک لە پێشکەوتنەکان ئەوەبوو بڕینی جینەکە بەهۆی کریسپەرەوە زۆر بە ڕێک و پێکی ئەنجامدەدرێت، بەڵام لە  ڕابردوودا بە میتۆدی کۆن گۆڕانکاری و بڕینی جینەکە رێک و پێک نەبوو هەندێکجار دەبووە هۆی بڕینی چەند جینێک لەگەڵ جینە سەرەکییەکە،بە شێوازی کریسپەر تەنیا ئەو جینەی کە دیاریکراوە دەگۆڕێت بێ هەبوونی کاریگەری لەسەر جینەکانیتر. ئەندازیاری جین بەکاردێت بۆ چارەسەری زۆربەی نەخۆشییە کوشندەکان وەک شێرپەنجە و نەخۆشییە ڤایرۆسییەکان و نەخۆشییە جێنێتیک (Genetic) ییەکان،هەرەوەها لە بواری کشتوکاڵی بەکار دەهێنرێت بۆ بەهێزکردن و زیادکردنی بەرهەمە خۆراکییەکان.
پزیشکان باس لەوە دەکەن هەندێک لە مرۆڤەکان بەشێوازێکی سرووشتی سیستەمی بەرگریی لەشیان دەبێتە هۆی لەناوبردنی یەکجارەکی نەخۆشییە کوشندەکان، ئەم جۆرە مرۆڤانە دەگمەنن بۆ نمونە چەندین کەس لە جیهاندا سیستەمی بەرگری لەشیان بێ وەرگرتنی دەرمان بۆتە هۆی لەناوبردنی ڤایرۆسی ئێچ ئای ڤی(HIV)، ئەمەش وای لە پزیشکانکردووە بیر لەوە بکەنەوە لە چەند ساڵی داهاتوودا بتوانن ڤاکسینێک لەسەر ئەو جینەی مرۆڤەکان دروستبکەن کە هەر لە قۆناغی سەرەتایدا ببێتە هۆی لەناوبردنی ڤایرۆسەکە ، ئەوان گەشبینن و دەڵێن بەهۆی ئەم داهێنانەوە دەتوانن لە داهاتوودا ئەم نەخۆشییە و زۆربەی نەخۆشییە کوشندەکان بەیەکجاری لەناو ببەن.
ئەندازیاری جین بەهۆی کریسپەرەوە بە چەندین ڕێگا ئەنجامدەدرێت کە هەندێک لەو ڕێگایانە بریتین لە:
١- گواستنەوەی جین: سەرەتا زانا پزیشکییەکان لەدەرەوەی لەشی نەخۆشەکە ئەو جینەی کە تێکچووە و بۆتە هۆکاری نەخۆشییەکە بەهۆی سیستەمی کریسپەرەوە دووبارە دروستدەکەنەوە و بە ڕێگایەکی تایبەت دەیگوازنەوە بۆ ناو خانەکانی لەشی زیندوەرەکە، ئەمەش دەبێتە هۆی چارەسەری نەخۆشییەکە،هەنێدێکجاریش جینێک دەستکاری دەکرێت و دەگۆڕێت ئەو کۆدەی کە پێویستە بۆی زیاددەکرێت، وەک بینرا لە چەندین ساڵی ڕابردوودا چارەسەری یەکجاری چەند نەخۆشێکی تووشبووی ڤایرۆسی ئێچ ئای ڤی (HIV)کرا بەهۆی بەکارهێنانی کریسپەرەوە،زانایان گۆڕانکارییان لەو جینەدا کرد کە بەرپرسبوو لە بەرگریکردن بەرامبەر ڤایرۆسی ئێچ ئای ڤی. 
٢- لەناوبردنی جین: واتە لەناوبردنی جینە زیانبەخشەکان لە خانەی زیندەوەراندا.
٣- لەکار خستنی جین: واتە وەستاندنی چالاکی جینەکە.
٤- گۆڕینی بەشێکی جین: واتە جینێک کە بەشێک لە کۆدەکانی تێکچووبن بەهۆی کریسپەرەوە چارەسەر دەکرێت.

زۆرترین بینراو