هاوسەرۆکانی یەکێتی: سوپاس نێچیرڤان بارزانی بۆ ئەو رۆڵە نیشتمانییەی دەیگێڕیت

هاوسەرۆکانی یەکێتی: سوپاس نێچیرڤان بارزانی بۆ ئەو رۆڵە نیشتمانییەی دەیگێڕیت

زاری كرمانجی - سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەردانی هاوسەرۆکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی کرد، لاهوور شێخ جەنگی لە پەیامێکدا لەبارەی سەردانەکە رایدەگەیێنێت: "سوپاسی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانمان کرد بۆ ئەو رۆڵە نیشتیمانییەی کە دەیبینێت بۆ کۆکردنەوەی لایەنەکان و لێکنزیککردنەوەی بیروبۆچوونە جیاوازەکان".
ئەمڕۆ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەردانی سلێمانی کرد و لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان، یەکێتیی نیشتمانی و حیزبی سۆسیالیست کۆبووەوە. بافڵ تاڵەبانی و لاهوور شێخ جەنگی، هاوسەرۆکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان پێشوازییان لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان کرد.
لاهوور شێخ جەنگی لەبارەی سەردانەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە لە پەڕەی فەیسبووکی خۆی رایگەیاند: لە کۆبوونەوەکە "جەختکرایەوە لەسەر دروستکردنی کەشێکی ئارام و وەلانانی کێشە و ناکۆکییە سیاسییەکان و دۆزینەوە و دیاریکردنی چوارچێوەیەکی هاوبەش کە جێگەی رەزامەندیی هەموو لایەنەکان بێت بۆ پاراستنی بەرژەوەندی و دەستکەوتەکان و بەرگریکردن لە مافەکان".
لەلایەکی دیکەوە بەپێی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی جه‌ختی له‌ به‌رپرسیارێتی و رۆڵ و پێگه‌ی دیار و كاریگه‌ری یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌ یه‌كڕیزی و ته‌بایی و پرۆسه‌ی سیاسی و حوكمڕانیی هه‌رێمی كوردستان و له‌سه‌ر ئاستی عێراقدا كرده‌وه‌.
بەپێی پەیامەکەی لاهوور شێخ جەنگی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و هاوسەرۆکانی یەکێتی گفتوگۆیان لەبارەی دوایین گۆڕانکاری و پێشهاتەکان و دۆخی سیاسیی ئێستا و پەیوەندیی نێوان لایەنە سیاسییەکان و کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا و هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کردووە. هەروەها یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی کۆبوونەوەکە پرسی نووسینەوەی دەستوورێکی نوێ بۆ هەرێمی کوردستان بوو. 
هەروەها لە پەیامەکەی لاهوور شێخ جەنگیدا هاتووە، لە کۆبوونەوەکە جەختکراوەتەوە لەسەر دروستکردنی کەشێکی ئارام و وەلانانی کێشە و ناکۆکییە سیاسییەکان و دۆزینەوە و دیاریکردنی چوارچێوەیەکی هاوبەش کە جێگەی رەزامەندیی هەموو لایەنەکان بێت بۆ پاراستنی بەرژەوەندی و دەستکەوتەکان و بەرگریکردن لە مافەکان. 
هاوکات تیشک خراوەتە سەر ئەو کێشە و گرفتانەی کە بوونەتە مایەی قووڵکردنەوەی ناکۆکییەکان. هاوسەرۆکی یەکێتی رایدەگەیێنێت، "لێکتێگەیشتنی زیاتری نێوان لایەنەکانمان بە پێویست زانی بە جۆرێک کە بەرژەوەندیی گشتی زاڵ بکرێت لە پێناو داکۆکیکردنی زیاتر لە مافە نەتەوەییەکان و بەھێزی پێگەی کورد لە بەغدا بە تایبەت لە ناوچە کێشەلەسەرەکان و نەفەوتانی دەنگی کورد". 

زۆرترین بینراو