هاووڵاتییان بەرەی گەلیان هەڵبژارد

ئیسماعیل ئیبراهیم

هەڵبژاردنی ئەمجارەی عێراق جیاوازییەكی زۆری هەبوو، چاودێرانی نێودەوڵەتی، ناوخۆیی و نەتەوە یەكگرتووەكان ئاماژەیان بەوەدا پڕۆسەیەكی زۆر خاوێن بووە، ئەو 3500 سندوقەش كە لایەنەكانی عێراقی گومان و سكاڵایان لەسەری هەبوو، دوای ژماردنەوەی دەنگەكان بەدەست هاوتەریب بوون لەگەڵ هەمان رێژەی كە بە ئەلیكترۆنی تۆمار كرابوون.
ئیتر ئەو لایەنانەی دەنگەكانیان بە شێَوەیەكی زۆر سەر سوورهێنەر كەمی كرد، لایان سەختە ئەنجامەكان قبوڵ بكەن، بۆیە خەریكی ناشیرینكردنی پڕۆسەكەن، بەڵام دواجار ناچارن مامەڵە لەگەڵ ژمارەكان بكەن.
لەم هەڵبژاردنە بەرەی هاووڵاتییان سەركەوتن بەسەر بەرەی خیانەت، زمانی زبر، جنێو فرۆشی، رقی سیاسی.
بۆیە دەركەوت شەقام كام لایەنی سیاسی بە نوێنەری راستەقینەی خۆی دەزانێت، كام لایەنیش شایستەی سزادانە.
ئەو لایەنانەی دەیانگووت كابینەی (9)ی حكومەتی هەرێم سەركەوتوو نەبووەو پێویستە دەست لەكار بكێشنەوە، رووبەڕووی شكستی واهاتن كە بەخۆیان چاوەرێیان نەدەكرد.
ئەو حزبانەی لە بەغدا بەهۆی كینەی سیاسی لە بەرامبەر پارتی دژی هەموو هەوڵ و هەنگاوەكانی بوون بۆ چارەسەر كردنی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا، نەك سەركەوتنیان بەدەست نەهێنا، بەڵكو ژمارەی دەنگەكانیان ئەوەندە كەم بوو كە رسوا بوون.
ئەوانەی سروودی (مەوتەنی)یان دەگووتەوە و خۆیان بەئەسەدی دەناساند ئەنجامەكانی تووشی شۆكی كردن.
زیاتر لە 10 ساڵ دەبێت هەموو لایەنە سیاسییەكان بۆ راكێشانی سۆزی شەقام خۆیان بە بەرگریكاری سەرسەختی هاووڵاتییان لەقەڵەم دەدا، لە ئیسلامییەكانەوە تا چەپەكان و دیموكراتخوازەكان هەموویان دەیانگووت ئێمە لە بەرەی گەلین، یەكێتی نیشتمانی كوردستانیش كە لە هەموو كابینەكان و بڕیارەكان خاوەن پێگە و قووڕسایی خۆی بوو، هاوبەش و بەڕێوەبەری حكومەت بوو، هەندێجاریش بەهۆی رەچاوكردنی دۆخی كوردستان پۆستی زیاتر لە ئیستحقاقی خۆی پێدراوە، كە چی باڵێكی ناو ئەو حزبە دەیگووت ئێمە لە بەرەی گەلین.
ئیتر ئەم دەستەواژەیەیان كردبووە بنیشتەخۆشەی سەرزاران، وای لێهاتبوو جگە لە پارتی و لایەنگیرانی هەموو حزبەكان و شەقام لەبەرەی گەل بوون، پارتییەكان لە بۆنە و دانیشتنەكان خۆیان ئاشكرا نەدەكرد.
بۆ ئەوەی شەرعییەت بدەنە بەرەی گەل بوونی خۆیان و دژە گەل بوونی پارتی، دەستیان لە هیچ جۆرە دژایەتی و پیلانێك نەپاراست، چەندین ملیۆن دۆلاریان لە كەناڵەكانی میدیایی خۆیان بە بینراو، بیسراو، چاپكراو، سۆشیاڵ میدیا خەرجكرد و لەوێوە بوونە سەكۆ و بڵندگۆی تەشهیر كردن و ناشیرن كردنی پارتی، دەستیان لە هیچ كەسێك نەپاراست. هەموو ئەو نەهامەتییانەی بەهۆی سیاسەتی شۆفێنیزمی عەرەبی، فارسی و توركی لە ئاست كوردستان پەیڕەو دەكرا و دەكرێت خرانە ئەستۆی پارتی.
بەخۆیان داوایان لە بەغدا دەكرد مووچە و بودجە نەنێرن، لێرەش دەیانگووت هۆكارەكەی پارتییە.
داوایان دەكرد هەموو نەوت و داهات و سەرچاوە ئابوورییەكانی دیكەش رادەستی بەغدا بكرێت، مووچەی فەرمانبەران بخرێتە سەر بەغدا، لە بەردەم كەناڵەكانەوە دەیانگووت " پێویست ناكات پێشمەرگە بگەڕێتەوە كەركووك لەبەر ئەوەی كوردستانی نییە"، لەو لاشەوە پارتییان بەكەمتەر خەم نیشان دەدا.
تا توانیان گەنجیان لەم وڵاتە بێ هیوا كرد، ئینتیمای نیشتیمانیان نەهێشت، بە ناوی ئازادی و رۆژنامەگەری خەڵكیان فێری جنێو، تەشهیر و درۆ كرد، وای لێهاتبوو رێز و خۆشەوستی لە نێوان تاك و خێزان و كۆمەڵگە بە گشتی نەمێنێت. چین و توێژ نەما بەكاری نەهێنن بۆ مەرامی سیاسی لە دژی پارتی.
دواجار شەقام وشیار بوویەوە، زانییان بەناوی بەرەی گەل بەكار دەهێندرێن، بەڵام لە راستیدا ئەو لایەنەی بە شێوەیەكی مەیدانی و كرداری لەبەرەی گەلە هەر پارتییە، بۆیەش لە هەڵبژاردنی رابردووی پەرلەمانی كوردستان پارتی لە 38 كورسی زیادی كرد بۆ 46 كورسی، لە هەڵبژاردنی ئەمجاری پەرلەمانی عێراقیش پارتی ژمارەی كورسییەكانی لە 25 كورسییەوە بۆ 33 كورسی زیادی كرد.
واتە پارتی لە بەرەی گەل و لایەنەكانی دیكەش لە بەرەی بەكار هێنانی گەلن بۆ بەرژەوەندی حزبی و كەسی.
ئەركی پارتی زۆر قووڕستر بووە، پێویستە بەرژەوەندییە سیاسی، نیشتیمانی، ئابووری، كۆمەڵایەتی و ئاسایشی گەل بپارێزێت ، تا هەمیشە لەبەری گەل بمێنێتەوە.

زۆرترین بینراو