ته‌ندروستی هه‌ولێر ئاگاداری ئه‌و هاووڵاتییانه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ ژه‌می یه‌كه‌می ڤاكسینی ئه‌سترازینیكایان وه‌رگرتووه‌

ته‌ندروستی هه‌ولێر ئاگاداری ئه‌و هاووڵاتییانه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ ژه‌می یه‌كه‌می ڤاكسینی ئه‌سترازینیكایان وه‌رگرتووه‌

زاری كرمانجی - ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 24-5-2021 به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتیی ته‌ندروستیی هه‌ولێر، ئاگادارییه‌كی له‌ هه‌ژماری تایبه‌ت به‌خۆی له‌تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یس بووك بڵاوكرده‌وه‌ و رایده‌گه‌ێنێت: به‌پێی دوایین زانیاری و پرۆتۆکۆڵی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی و وەزارەتی تەندروستیی عێڕاق و وەزارەتی تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ وەرگرتنی ژەمی دووەمی ڤاکسینی جۆری ئه‌سترازینیکا بووه‌ته‌ 8 هەفتە، واتە 56 ڕۆژ.

 به‌رێوه‌به‌رایه‌تییه‌كه‌ راشیده‌گه‌ێنێت، بۆ لەمەدوا ئەو هاووڵاتییانەی کە ڤاکسینی جۆری ئه‌سترازینیکایان لە ژەمی یەکەم وەرگرتووە، دوای تێپه‌ڕبوونی هەشت هەفتە لە وەرگرتنی ژەمی یەکەم و بۆ وەرگرتنی ژەمی دووەم، دەتوانن سەردانی هەمان بنکەی وه‌رگرتنی ڤاکسین بکەن.

پێشتر به‌پێی پرۆتۆکۆڵی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی، هه‌ر كه‌سێك ژه‌می یه‌كه‌می ڤاكسینی ئه‌سترازینیكای وه‌رگرتبا، ده‌بوایه دوای 12 هه‌فته‌، ژه‌می دووه‌می ڤاكسینه‌كه‌ی وه‌ربگرێته‌وه‌، به‌ڵام له‌مه‌ودوا ده‌توانن دوای 8 هه‌فته‌ ڤاكسینه‌كه‌ وه‌ربگرنه‌وه‌.