بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری چۆمان: پلانی زۆرمان بۆ بووژانەوەی ئابووری گەشتیاری لە سنوورەكەمان هەیە

بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری چۆمان: پلانی زۆرمان بۆ بووژانەوەی ئابووری گەشتیاری لە سنوورەكەمان هەیە

دیدار-محەمەد هەسنانی
 بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری چۆمان، لە دیدارێكی زاری كرمانجی تیشك دەخاتە سەر كارو پڕۆژە گەشتیارییەكانیان و دەشڵێت: "لە سنوورەكەمان چەندین شوێنی گەشتیاری سەرەنج راكێش هەن، لەبەرنامەو پلانی گەشتیاریدان بۆ پێشكەش كردنی خزمەتگوزاری.
 لەبەردەوامی قسەكانیدا هەڵگورد محەمەد ناوەندەیی، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری چۆمان، بە زاری كرمانجی رایگەیاند: "بەهۆی  ئەوەی چەندین   شوێنی گەشتیاری لە سنوورەكەمان هەن، ئەمەش وایكردووە كە ساڵانە گەشتیارێكی زۆر روو لە دەڤەرەكەمان بكەن و گەشتێكی خۆش و ئارامی تێدا بەسەر بەرن، وەك دیاریشە ناوچەكەمان سارد و كوێستانە ئەوەش وایكردووە بەتایبەت لە وەرزی هاوین و گەرما گەشتیاری زیاتری ناوەخۆیی و شارو شارۆچكەو ناوچەكانی عێراق رووی تێبكەن".
لەبەشێكی دیكەی قسەكانیدا گووتیشی: "هەوڵەكانمان بەردەوام بووە بۆ بایەخدان بە ناوچە گەشتیارییەكانی سنوورەكەمان، لەرووی ئەنجامدانی پڕۆژەی گەشتیاری و پێشكەش كردنی خزمەتگوزاری بەم شوێنانە، هەروەها برەودان بە ئەنجامدانی پڕۆژەی گەشتیاری لە رێگەی كەرتی تایبەت، بەهەماهەنگی و لەژێر چاودێری گەشتوگوزار، لەپێناو بوژانەوەی ئابووری گەشتیاری و زیاتر راكێشانی گەشتیاران بۆ سنوورەكەمان".
 بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری چۆمان، ئاشكراشی دەكات: "سەبارەت بە ناوچە گەشتیاری شێخی باڵەكان، دوای هەوڵێكی زۆر خۆشبەختانە توانراوە سنووری خاوەنداریەتی گەشتوگوزار فراوانتر بكەین، پێشتر 1150 مەتر بوو، بەڵام لە ئێستادا رووبەرەكەی فراوانتر دەكرێت، بۆ سەرووی 5800  مەتر، بەمەش دەتوانیین لەداهاتوو لەسەر ئەم ڕووبەرە گرێبەست بكەین لەگەڵ وەبەرهێنەر بۆ ئەنجامدانی پڕۆژەی گەشتیاری لەشوێنەكە".
 گووتیشی "نابێت لەكاتی ئەنجامدانی پڕۆژەكە دەستكاری مەزاری شێخی باڵەكان و كانیاوەكەی بكرێت، چونكە كەسانێك بۆ پاڕانەوەو نزاكردن رووی تێدەكەن، هەروەها هاووڵاتییان ئاوی كانی شێخی باڵەكان وەك چارەسەری بۆ نەخۆشی بەردی گورچیلە بەكاردەهێنن".
 بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری چۆمان دەشڵێت " لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكانی سنوورەكەمان، لەپلان و بەرنامەماندایە بە پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری و چاككردنی رێگای شوێنە گەشتیارییەكانی سنوورەكەمان، تا گەشتیاران بتوانن بەشێوەیەكی ئاسان بگەن بەم شوێنانە، بۆ نموونە بەمەبەستی دیاری كردنی ئاراستەی ڕێگاو بان و ئەو خزمەتگوزاریە گەشتیاریانەی پێویستن بۆ شوێنەكە  تا گەشتیاران بتوانن بەئاسانی بگەن بە تاڤگەی كانی بەست، لەماوەی رابردوودا لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكانی چۆمان و ناحییەی قەسرێ‌ سەردانی شوێنەكەمان كرد و دواتر بەشێوەیەكی گشتی باسمان لە گرفت و كێشەكانی بەردەم گشتوگوزاری سنوورەكە كرد، هەوڵدەدەین  خزمەتگوزاری گەشتیاری لەم ناوچەیە باشتر و فراوانتر بكەین".
 ئاماژەی بەوەشكرد: "تاڤگەی كانی بەست دەكەوێتە سنووری ناحییەی قەسرێ‌ سەربە قەزای چۆمان، بەرزی ئەم تاڤگەیە 36 مەترەو بە بەرزترین تاڤگەی كوردستان و عێڕاق دادەندرێت، دیمەنی جوان و سەرنج راكێشی وای كردووە كە وێنەكەی بچێتە سەر پەنجا هەزار دیناری عێراقی و لە چوار وەرزی ساڵدا بۆ گەشتو سەیران، هاووڵاتییان و گەشتیاران سەردانی شوێنەكە بكەن". 
 هەروەها هاوینە هەواری پڕژە یەكێكە لەم ناوچە گەشتیاریانەی سنوورەكەمان، بەهۆی مانەوەی بەفر لە وەرزی گەرما لە شوێنەكەو پلەی ساردی و بوونی تونێلە بەفرین و سەرەنج راكێشەكان وایكردووە بەتایبەت لە وەرزی هاوین گەشتیار و هاووڵاتی بە شێوەی بەرچاو سەردانی بكەن، لە پێناو ئاسانكاری بۆ گەشتیاران كە بەشێوەیەكی ئاسان بەم شوێنە بگەن، دەرخستەیەك بۆ رێگای ئەم هاوینە هەوارە كراوەو لە بەرنامەو پلانماندایە پڕۆژەی بۆ ئەنجام بدەین، هەروەها چەندین شوێنی دیكەی گەشتیاری لە سنوورەكەمان لە پلان و بەرنامەدان، بەپێی ئەو ئیمكانیاتەی هەمانە بایەخ و گرنگیان پێبدەین و خزمەتگوزاری جۆراو جۆریان پێشكەش بكەین".
 بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری چۆمان، ئەوەش دەخاتەروو: "سەبارەت بە گۆمی فێڵاو نابێت دەستكاری سروشتە جوانەكەی بكرێت، لەرێگەی حكوومەتەوە هەندێك خزمەتگوزاری گەشتیاری بۆ دەبین دەكرێت، لەگەڵ ئەوەشدا بەداخەوە كەسانێك بەبێ‌ هەست كردن بە بەرپرسیاریەتی لەكاتی چوونیان بۆ گەشتو سەیران، پاشماوەكانیان كۆناكەنەوەو لە دەوروبەری گۆمەكە پەرتوو بڵاودەبێت، دیاردەیەكی ناشارستانی دەبەخشێت".
گووتیشی " وەك گەشتوگوزاری چۆمان بە هاوكاری كارمەندانی پاپا گروپ و لایەنە پەیوەندیدارەكانی سنوورەكە، چەندین جار هەڵمەتی پاككردنەوەی پاشماوەو خاشاكی دەووروبەری گۆمی فێڵاومان ئەنجامداوە، هەروەها كەسانێك بە ئۆتۆمبێل دەچنە سەر گۆمەكەو سرووشتی ناشرین دەكەن، پێویستە هاووڵاتییان و گەشتیاران درك بەم هەڵانەیان بكەن و سرووشتی گۆمەكە ببپارێزن.

 

زۆرترین بینراو