راگەیاندنی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران

 هەژار عەلی

بە فەرمی ناساندنی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و دەستنیشانكردنی سەرپەرشتیاری ئیدارەكە، لە لایەن سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە، هەموو ئەو دەنگۆیانەی رەتكردەوە كە سۆران نابێتە ئیدارەی سەربەخۆ!
ئەم ئیدارەیە، دەبێتە چەتری  350.000 هەزار كەس بەبێ‌ جیاوازی، سەرپەرشتی 4 قەزا و 13 ناحیەو 800 گوند دەكات.
 گرنگی سۆران هەر تەنها زۆری ژمارەی دانیشتوانەكەی نییە، بەڵكو گرنگی جوگرافیاكەیەتی كە بۆتە سەنتەرێكی بازرگانی و گەشتیاری لەناوچەكەدا. دەبێتە یەكەیەكی ئیداریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ هەر چوار قەزاكانی ڕواندز، چۆمان، مێرگەسۆر و ناوەندی ئیدارەكەی سۆران دەبێت.
فراوانبوونی سۆران و پێكهاتەی جیاوازی نەتەوەیی و ئایینی بنەمای ئیدارەی سەربەخۆ دەنوێنن.
شۆڕ بوونەوەی ئەم دەسەڵاتەش بۆ ئەم ناوەندە بە ئامانجی كارئاسانییە بۆ خەڵكەكەی، بۆ ئەوەی چیتر ڕێگای هەولێر بۆ ڕایی كردنی مامەڵەكانیان نەگرنەبەر. ئەوا مژدەیەكی خۆشەو هاووڵاتیان بەدەستكەوتێكی مەزنی دەبینن. 
ئەركی هەموولایەكە بۆ سەرخستنی ئەم ئیدارەیە ڕۆڵی كارایان هەبێت، بەتایبەت سەرپەرشتیاری سۆران بە هاوكاری یەكە كارگێڕییەكانی چۆمان، ڕواندزو مێرگەسۆر هەنگاوی كرداری و زەمینەی لەباری بۆ بڕەخسێنن و بەشێوەی زانستی كاری بۆ بكەن. هەر كێماسییەك لەم كارە بێتە پێشەوە، نەك هەر ئیدارەكە سەركەوتوو نابێت، بەڵكو گرفت لەبەردەم داهاتووی نەوەكانی ئەم دەڤەرەش دروست دەكات.
بۆیە ئەو دەستەیەی كار بۆ ئیدارەكە دەكات دەبێت كاری لەپێشینەیان ستراتیژی كاركردن بێت. پلانی تۆكمەی بۆ دابنرێت، ئەو بەهایانە دیاری بكرێن كە لە بنەڕەتدا ناوەڕۆك و كڕۆكی ستراتیژییەكە پێك دەهێنن، چونكە ئەم بەهایانە گوزارشت لە پرەنسیپ و ئامانج و هۆكاری پێكهینانی دامەزراوەكە دەكەن وەك ئیدارەی سەربەخۆ، كە لە داهاتوودا هەموو پێكهاتەكانی ناوچەكە بەبێ جیاوازی لەژێر سایەیدا لەئاشتی و ئاوەدانیدا بژین.
ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، لە رێگەی كەرتی گشتی و تایبەتەوە هانی جوتیاران بدات، داهێنان لە بەرهەمەكانیاندا بكەن. كەرستەو پەین و تۆو دەرمان و پێداویستی جووتكردن بۆ جوتیار دەستەبەر بكرێت، بخرێنە خولی راهێنان و فێربوونی كشتوكاڵی جۆراوجۆرەوە، ئەركی گواستنەوەی بەرهەمەكانیان بۆ ئاسان بكرێت و جۆگەی ئاودێری و سەرچاوەكانی ئاوداشتنیان بۆ فەراهم بكرێت، كارگەی بچووك و ساردخانە لەنزیك ئەو گوندانەی بەرهەمیان هەیە دروست بكرێن. 
سەرپەرشتیاری ئیدارەی سۆران، دەبێت خاوەنی تێڕوانینی گەشە سەندووی بواری خزمەتگوزاری بێت. بەتایبەت لەبواری وەبەرهێنان.
پێشنیار دەكەم، باشترین كارێك كە بیكات وەبەرهێنانە. بۆ ئەوەی نەبینە حازر خۆری بەر سێبەر.
وەبەرهێنان بكات لەبواری كشتوكاڵ، گەشت و گوزار، پیشەسازی. 
بۆ ئەمەش دەست و برد بكات لە دروستكردنی كارگەی گەورەو بچووك، دروستكردنی بەنداو و شاری گەشتیاری و پرۆژەی نیشتەجێكردن. لە ئێستادا سۆران گرفتی كەمی ئاپارتمان و شووقەو باڵەخانەی كارگێڕی هەیە.
بۆ ئەمەش داوا لە وەبەرهێنەرانی بیانی و ناوەخۆیی بكات، زەمینەیان بۆ بڕەخسێنێ تا وەبەرهێنان بكەن و بەشێك لە پڕۆژەكانیان لە شارە گەورەكان بگوازنەوە بۆ سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران.
سەرۆكی ئیدارە نابێت جیاوازی لەنێوان قەزاكان، ناحییەكان و گوندەكاندا بكات، دەبێت بەیەك چاو سەیری هەموو پێكهاتەكان، ئایینەكان، چین و توێژەكاندا بكات.
زەمینە خۆش بكات بۆ دادی كۆمەڵایەتی، بەرقەرار كردنی یاسا و كارگێڕییەكی كارامە، كە كلیلی سەركەوتنە بۆ هەر دامەزراوەیەك. 
هیچ سەرچاوەیەك بەبێ بوونی بەڕێوەبردنێكی كارامەو چالاك ئامانجەكان ناپێكێت، بۆیە گرنگە سەرۆكی ئیدارە دونیابینییەكی فراوان و سەلیقەیەكی جوانی هونەری بەڕێوەبردنی هەبێت.

بابەتى پەیوەندیدار بیروڕا

زۆرترین بینراو