بەڕێوەبەری ناحیەی دیانا: هەركەس زێدەڕۆیی بكات بەتوندی لێپێچینەوەی لەگەڵ دەكرێت

بەڕێوەبەری ناحیەی دیانا: هەركەس زێدەڕۆیی بكات بەتوندی لێپێچینەوەی لەگەڵ دەكرێت

دیدار-زاری كرمانجی
بەڕێوەبەری ناحیەی دیانا لە دیدارێكی زاری كرمانجی تیشك دەخاتە سەر كارو پڕۆژە خزمەتگوزارییەكانیان و دەشڵێت "لێژنەیەكی تایبەتمان پێكهێناوە بۆ رێگەگرتن لە زێدەڕۆیی و هەركەس زێدەڕۆیی بكات، رووبەڕووی دادگا دەكرێتەوە، داواكاریشین لە هاووڵاتییان مامەڵەی كڕین و فرۆشتن بە پارچە زەووی زێدەڕەووی نەكەن، چونكە رێگە بەكەس نادرێت خانووی لەسەر دروست بكات.
  لەبەردەوامی قسەكانیدا فەرزنگ ئەحمەد لاوكە، بەڕێوەبەری ناحیەی دیانا بە زاری كرمانجی راگەیاند "لە درێژەی كار و پڕۆژە خزمەتگوزارییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ژمارەیەك پڕۆژەی خزمەتگوزاری، بەتایبەتی چاككردن و قیڕتاوكردنی رێگاوبانەكان و دروستكردنی دیواری پاڵپشت و شۆستەو.. هتد، لە سەنتەری ناحیەی دیانا جێبەجێ دەكرێن، ئەمەش تا ڕادەیەكی باش كاریگەری لەسەر لابردنی ئاستەنگەكانی بەردەم هاتوچۆ دەبێت".
 گووتیشی: "پڕۆژەكان بریتین لە دروستكردنی رێگای دووسایدی (دێڵزیان بۆ دەروازەی شاری سۆران) هەروەها قیڕتاوكردن و چاككردنی شەقامێك لە گەڕەكی دیانای كۆن و بەشێك لە كۆڵانەكانی گەڕەكی نەهری لە سەنتەری ناحیەی دیانا، پڕۆژەی دروستكردنی پاركێك لە مەجیداوەو چاككردنی شەقام و كۆڵانەكانی چەند گوندێكی سنووری باڵەكیان، لەگەڵ تەواوكردنی ئەو پڕۆژانەی كە بە نیوەچڵی جێماون و بەتایبەت چەند شوێنێكی گەڕەكی سەروچاوەو دیانای كۆن و هتد، كە بەشێك لەو پڕۆژانە چوونەتە بواری جێبەجێكردن و بەشەكەی دیكە خراوەتە بەرنامەی كارەوە".
 بەڕێوەبەری ناحیەی دیانا، ئاماژەی بەوەش دا: "گوژمەیەكمان لە بودجەی پەرەپێدانی پارێزگای هەولێر، بۆ ئەنجامدانی ئەم پڕۆژە خزمەتگوزارییەكانی ناحیەی دیانا تەرخان كراوەو بە جێبەجێكردنی پڕۆژەكان خزمەتێكی بەرچاو بە هاووڵاتییانی سنوورەكەمان دەكرێت.
 فەرزنگ ئەحمەد لاوكە، ئەوەشی خستەڕوو "لە ئێستادا لێژنەیەكی تایبەتمان پێكهێناوە بە هەماهەنگی هێزە ئەمییەكان و لایەنە پەیوەندیدارەكانی سنوورەكەمان كە منیش وەك سەرۆكی لێژنەكە دەست نیشان كراوم بۆ رێگەگرتن لەو كەسانەی كە پەنا دەبەنە بەر دروستكردنی خانووی لەسەر زەووی زێدەڕۆیی (تۆزوبا) جیاوازیش لەنێوان هیچ كەسێك ناكەین و هەركەس زێدەڕۆیی بكات رووبەڕووی سزایی یاسایی توند دەبێتەوەو دەدرێتە دادگا".
 بەڕێوەبەری ناحیەی دیانا، داواكاریشە لە هاووڵاتییان بەهیچ شێوەیەك مامەڵەی كڕین و فرۆشتن بە زەووی زێدەڕۆیی نەكەن، چونكە رێگە بەهیچ كەس نادرێت خانووی لەسەر دروست بكات، ئەم خانووانەش كە دروستی دەكەن دەڕوخێندرێن.
 

زۆرترین بینراو