بەهێزبوونی پارتی لە بەغدا لە بەرژەوەندی گەلی كوردستاندایە

بەهێزبوونی پارتی لە بەغدا لە بەرژەوەندی گەلی كوردستاندایە

دیدار-محەمەد هەسنانی: 
ئەندامێكی پەرلەمانێكی كوردستان دەڵێت "پرۆسەی ئەمجارەی هەڵبژاردنی ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران جیاوازە لەگەڵ پرۆسەكانی رابردوو، چونكە یەكەم جارە بەم شێوازەیە هەڵبژاردن ئەنجام دەدرێت، بەمەش هاوكێشە سیاسییەكانی عێراق گۆڕانكاریان بەسەردادێت.
 وەیسی سەعید وەیسی ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فڕاكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان بە زاری كرمانجی راگەیاند "بەشداری كردن لە هەڵبژاردن گرینگی زۆری هەیەو پرۆسەی ئەمجارەی هەڵبژاردنی ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران جیاوازە لەگەڵ پرۆسەكانی رابردوو، چونكە یەكەم جارە بەم شێوازەیە هەڵبژاردن ئەنجام دەدرێت، بەمەش هاوكێشە سیاسییەكانی عێراق گۆڕانكاریان بەسەردادێت، ئەمەش وا دەكات هەموو لایەكمان بەوپەڕی هەستكردن بە بەرپرسیاریەتییەوە لەپێناو بەرژەوەندیەكانی گەلی كوردستان، بچینە سەر سندوقەكانی دەنگدان، تا هەم سەنگی كورد لەبەغدا بەهێز بكەینەوە هەمیش  بە دیدێكی نەتەوەیانە دوور لە ململانێ سیاسی سەیری گرنگی پرۆسەكە بكەین  و نا كۆكیەكان بەلاوە بندرێن و هەوڵی بەدەست هێنانی دەنگی زیاتر بۆ كوردستان بدرێت، بۆ ئەوەی سەنگی كورد لە بەغدا بەهێز تربێت". 
 گووتیشی "گرینگە بەبێ دوو دڵی دەنگ بە كاندیدانی پارتی بدەین، چونكە بۆ ئێستاو ئاییندەی كوردستان پێویستیمان بەبوونی پارتی هەیە و حزبی داینەمۆی خەبات و تێكۆشانە خاوەن پڕۆژە و پلانی شایستەیە بۆ داكۆكی كردن و پاراستنی دەستكەوتەكانی رابردوو و زامنكردنی ئایندەیەكی پڕشنگدار بۆ خەڵكی كوردستان، هیچ كات سازشی لەسەر بستێك خاكی كوردستان نەكردووە و ناكات كە وێڕای ئەوەی سەنگی كورد لە بەغدا وابەستەی پارتی یە، كە چەندی دەنگ و سەنگی پارتی بەهێز  بێت، ئەوا دەتواندرێت زیاتر داكۆكی لە تەواوی مافە دەستورییەكانی گەلی كوردستان بكات، لە رابردووشدا نوێنەرانی پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەران ئەوەیان سەلماندوە كە داكۆكیكارێكی راستەقینەی مافەكانی خەڵكی كوردستانن".
 ئەو پەرلەمانتارە دەشڵێت "زۆر كەس وابیردەكاتەوە كە ئەگەر نەچم دەنگیش بدەم، ئەوا پارتی هەر دەردەچێت، ئەوە پێویستی بەهەڵوەستە هەیە ووردتر لێ بكۆڵێتەوە، چونكە ئەگەر ساڵانێكە رەنجت بۆ پارتی داوە، ئەمڕۆش پێویست دەكات بچیەوە سەر سندوقی دەنگدان و بەدەنگی خۆت سەروەرێكی تر بۆ پارتی تۆمار بكەی، لەپێناو بەدەستهێنانی كورسیی زیاتر، تا هەمیشە پارتی بەحیزبی ژمارە یەك بمێنێتەوە، لەپێناو پاراستن و بەدەستهێنانی مافە نەتەوەیییەكانی گەلەكەمان، چونكە چەند پارتی بەهێز بێت كوردستان بەهێزتر دەبێت.

زۆرترین بینراو