ئامارەكانی دوای كلاسیكۆ

ئامارەكانی دوای كلاسیكۆ

زاری كرمانجی- ئاژانسییە هەواڵییە وەرزشییەكان: یانەی ریال مەدرید یاری كلاسیكۆی گەڕی 30ی لالیگای لە یاریگەی خۆیدا لە بەرشەلۆنە بردەوە، بەمەش بەشێوەیەكی كاتی پلەی یەكەمی ریزبەندی خولەكەی بەشێوەیەكی كاتی لە ئەتلێتیكۆ مەدریدی هاوشاری وەرگرت.
یارییەكە لەسەر یاریگەی ئەلفرێدۆ دێستێفانۆ بەڕێوەچوو، ریال مەدرید یارییەكی باشتری ئەنجامداو بە دوو گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێك لە یانەی بەرشەلۆنەی بردەوە.
لە خولەكی 13 كەریم بنزیما دەرگەی گۆڵكردنی كردەوەو بەشێوەیەكی هونەری سەرنجڕاكێش گۆڵی یەكەمی بۆ لۆس بلانكۆس تۆماركرد، لە خولەكی 28 تۆنی كرووس بەلێدانێكی راستەوخۆ گۆڵی دووەمی یانەی شاهانەی لە یارییەكەدا تۆماركرد.
لە نیوەی دووەمدا كەشوهەوای یارییەكە بەتەواوی گۆڕاو بارانێكی زۆر بەردەوام دەستیپێكرد، ئەمەش كاریگەرییەكی راستەوخۆی لەسەر جووڵەی یاریزانانی هەردوولا دروستكرد.
لە خولەكی 60 ئۆسكا مینگێزا گۆڵێكی بۆ بلاوگرانا تۆماركردو ئەنجامەكەی كەمكردەوە، پاشان لە خولەكی 90 كاسیمێرۆ، لە یانەی ریال مەدرید بە كارتی سوور كرایە دەرەوە، بەڵام كردنە دەرەوەكەی كاریگەرییەكی وای نەبوو, ریال مەدرید سێ خاڵی یارییەكەی بردەوە.
ئێستا یانەی شاهانە لە پلەی یەكەمی ریزبەندی لالیگا بووە خاوەنی 65 خاڵ، بەڵام ئەتلێتیكۆ مەدرید یارییەكی كەمتری ئەنجامداوە، یانەی بەرشەلۆنەش 65 خاڵی هەیەو پلەی سێیەمی گرتووە.
ئامارەكانی دوای یارییەكە
ریال مەدرید لە دوای وەرزی 2008-2007 یەكەمجارە لە دوو كلاسیكۆی لەسەریەك لە بەرشەلۆنە بباتەوە، كە ئەو كاتە بێرند شوستەر، 1-0 لە دەرەوەی یاریگەی خۆی و 4-1 لەنێو یاریگەی خۆی كلاسیكۆی لەگەڵ یانەكە بردەوە.
لە وەرزی 1978-1977ەوە یەكەمجارە ریال مەدرید سێ كلاسیكۆی لەسەریەك دەباتەوە.
یەكەمجارە لە ساڵی 2021 یانەی بەرشەلۆنە لە ركابەرییەكانی لالیگادا تووشی دۆڕان دەبێت.
رۆناڵد كۆمان لە دوای 41 ساڵ یەكەم راهێنەری بەرشەلۆنەیە، لە وەرزێكدا دوو كلاسیكۆ بدۆڕێنێت.
كەریم بنزیما لە دوای 5 ساڵ جارێكی دیكە لە كلاسیكۆدا گۆڵی تۆماركردو بووە خاوەنی 10 گۆڵ لە كلاسیكۆدا.
بنزیما لە دوایین 7 یاری لالیگادا 9 گۆڵی كردووە، چوارەم یاریزانی ریال مەدرید 7 یاری لەسەریەك گۆڵ بكات، دوای ڤان نێستلرۆی، كریستیانۆ رۆناڵدۆ و گارێس بەیڵ.
تۆنی كرووس دوای ئەنجامدانی 17 یاری كلاسیكۆ، یەكەمجارە لەو یارییەدا گۆڵ دەكات.
گۆڵەكەی كرووس بەلێدانی راستەوخۆ یەكەم گۆڵی ریال مەدرید لەم سەدەیەدا بەو شێوەیە تۆمار كرابێت.
یەكەمجارە دوای 316 یاری و 6 هەوڵ، كرووس گۆڵێك بەلێدانی راستەوخۆ بۆ ریال مەدرید تۆماربكات.
ئۆسكار مینگێزا لە یەكەم كلاسیكۆدا گۆڵی تۆماركرد، یەكەم بەرگریكاری بەرشەلۆنەیە لە دوای نیسانی 2014 و لە دوای مارك بارترا.
لیۆنێل مێسی 7 یاری كلاسیكۆیە هیچ گۆڵێكی تۆمارنەكردووەو هیچ ئاسیستێكی نیە.
مێسی لە 21 لێدانی رابردوودا لە یاری كلاسیكۆ هیچ گۆڵێكی نەكردووە.
كاسیمێرۆ دوای 478 هەڵە لە سەرجەم پاڵەوانێتییەكاندا، دووەمجارە كارتی سووری پێدەدرێت، جاری یەكەم لە ئاداری 2019 بوو لە یاری بەرامبەر ڤایادۆلید لە لالیگادا.

زۆرترین بینراو