بەڕێوەبەری مافی مرۆڤی سۆران.. جێگەی داخە تائێستا حكومەتی عێراق لە هەمبەر تاوانی جینۆسایدی بارزانیان داوای لێبووردنی نەكردووە

بەڕێوەبەری مافی مرۆڤی سۆران.. جێگەی داخە تائێستا حكومەتی عێراق لە هەمبەر تاوانی جینۆسایدی بارزانیان داوای لێبووردنی نەكردووە

زاری كرمانجی-سۆران:
 لە دیارێكی رادیۆی زاری كرمانجیدا، بەرپرسی نووسینگەی مافی مرۆڤی سۆران، كەیەكێك بووە لەوانەی كە بەشدار بووە لە كاتی هێنانەوەی روفاتی ئەنفالی بارزانیان لە بیابانەكانی پارێزگای بەسڕە، چەند زانیاریەك دەخاتەروو دەشڵێت "حكومەتی عێراق وەك پێویست هاوكار نەبووە بۆ گەڕاندنەوەو دۆزینەوەی بێسەرو شوێن بووان و ئەنفالی گەلی كورد.
 جەواد سوار بارزانی، بەرپرسی نووسینگەی مافی مرۆڤی سۆران، بە زاری كرمانجی راگەیاند: "تاوانی  ئەنفال و بێسەروشوێن كردنی هەشت هەزار بارزانی، یەكێكە لە ڕەشترین لاپەڕەكانی مێژووی رژێمی پێشووی بەعس، كە بەرلە 38 ساڵ لە رێكەوتی 31-7-1983 ڕاپێچی بیابانەكانی باشووری عێراقی كردن و بە شێوەیەكی نامرۆڤانە كۆمەڵكوژ كران، كە ئەم مێژووە بە یەكەم پرۆسەی ئەنفالكردنی گەلی كورد دادەنرێت، دوای ئەوەش قۆناغەكانی ئەنفالی كورد لە ناوچەكانی دیكەی كوردستان دەستی پێكرد، دوای بێسەرو شوێنكردن و جینۆسایدی بارزانییان ئەركی دایكان قورستر بوو هی وا هەبوو سەرپەرشتی كردنی چەندین منداڵی كەوتە ئەستۆ، هەندێ‌ لە منداڵانیش بێ‌ باوك و دایك مانەوە، بەڵام نابێت هەرگیز رۆڵی ئەم ئافرەتە بارزانیانە لەبیر بكرێت، كە دوای لەدەستدانی مێردو باوك و كەس و كارەكانیان، بەرگەی نەهامەتییەكانیان گرت و منداڵەكانیان پەروەردە كردن و پێیان گەیاندن بەبێ‌ ئەوەی سەر بۆ دوژمن دابنەوێنن".
 گووتیشی: "ئەنفال كارەساتێكی گەورەو برینێكی ساڕێژ نەكراوە، هەرچەندە لە رووی ماددیش قەربووی كەس و كاری ئەنفالكراوان بكرێتەوە، بەڵام لەرویی مەعنەویەوە ئەوان هەمیشە هەست بە بۆشایەك دەكەن نەبوونی باوكیان بۆ منداڵەكانیان و نەبوونی مێرد بۆ ئافرەتەكان و لەدەستدانی كەس و كاریان بۆ هەمیشە لەیادناكرێت، تاوانی شەهیدو قوربانیانی بارزانیان تەنها كورد بوون و تەسلیم نەبوونیان بوو بۆ زوڵم و زۆرداری رژێمی بەعس بۆیە پێیان وابوو بە لەناو بردن و بێسەروشوێنكردن و ئەنفالكردنی بارزانیان ئەوە دەتوانن چۆك بە پێشمەرگەو شۆڕش و كوردایەتیان دابنێن بەڵام خەیاڵیان خاو بوو، چونكە دوای تاوانی ئەنفال و بێسەرو شوێنكردنی بارزانیان، خەڵكی زۆر ئاوارە بوون و دژ بە تاوانەكانی رژێمی بەعس وەستانەوە، تەنانەت ئەوانەی تەمەنیان لەخوار 18 ساڵیەوە بوو، ئامادەبوون چەكی بەرگری كردن دژ بە دوژمنانی كورد بكەنە شانیان".
 ئەوەشی خستەڕوو: "لەساڵی 2005 وەك نوێنەری نوسینگەی مافی مرۆڤی سۆران لەگەڵ ژمارەیەك لە نووسینگەكانی مافی مرۆڤی هەرێمی كوردستان، كە ئەوەكات وەزارەتی مافی مرۆڤ هەبوو كە بەڕێز محەمەد ئیحسان وزیری مافی مرۆڤ بوو، كە 11 كەس بەیاوەری بەڕێزیان، بەو بارودۆخە ناساقامگیرەی كە لە شارەكانی خوارووی عێراق هەبوو، روومان كردە بیابانی (بەسەیە) لە سنووری پارێزگای بەسڕە، تەنها لەبەر ئەوەی كە روفاتی ئەنفالكراوەكانی بهێنینەوە بۆ هەرێمی كوردستان و كەس و كارەكانیشیان بێ‌ هیوابن و بزانن كە بێسەرو شوێن بووانیان ئەنفال و زیندە بەچاڵ كراون، كاتێك بەهەر شێوەیەك بێت بە زۆر دەردە سەری خۆمان گەیاندن شوێنەكە، چونكە خەڵكی شارەكانی باشووری عێراق هیچ هاوكارمان نەبوون، ناچاربووین بە بە پارەو هەرشێوەیەك بێت هەندێكیان رازی بكەین بۆ ئەوەی بگەینە شوێنی روفاتەكان".
 ئەوەشی ئاشكرا كرد: "كاتێ‌ گەیشتینە ئەو بیابانەی باشووری عێراق، كە بارزانیانی لێ‌ زیندە بەچاڵ كرابوو، بۆ ئێمە كارێكی سەخت بوو چونكە ئێمە ژمارەمان بە پاسەوانەكانمانەوە تەنها 11 كەس بووین، لە هەمانكاتیشدا بەهۆی ئەوەی شوێنەكە بیابان و بارانی لێ‌ نەباریبوو، لەكاتی هەڵكۆڵین و دەرهێنانی روفاتەكان هەندێكیان خوێنیان بە جل و بەرگەكانیانەوە بوو، هەندێكیان جل و بەرگ و پێداویستی زیاتریان لەگەڵ خۆیان بردبوو، پێیان وابووە كە بۆ ماوەیەك دەیان بەن و ئازاد دەكرێن، هەرگیز بیریان لەو كردەوە نامرۆڤانەی بەعس نەركرد بووەوە".
 دەشڵێت: "دوای 14 رۆژ كاركردن و گەڕان بەدوای ئەنفالكراوان توانیمان ئیسك و پروسكی (530) بێسەرو شوێن بووان لەچەند چاڵێك بدۆزینەوە، جێگەی داخە ئەوانە خەڵكی مەدەنی بوون تەنها لەبەر ئەوەی جەمانەی سوریان لەسەر بووەو كوردبوونە، دووچاری ئەم تاوانە گەرەیە بوونەو كاتێك بەچاوانی خۆمان ئەم كارەساتەمان بینی گەیشتمە ئەو باوەڕەی كە هەرگیز ئەو تاوانە گەوریە لەبیرناكرێت و هەر وڵاتێك گەلی خۆی بەم شێوەیە بچەوسێنێتەوە، چارەنووسی وەك هەمان لەناوچوونی رژێمی بەعس دەبێت، ئەوەی جێگەی نیگەرانیشە بەداخەوە تائێستا حكومەتی عێڕاق دوای روخانی رژێمی بەعس دانی بە تاوانی جینوساید و ئەنفالكراوەكان نەناوە".
 ئەوەشی ئاشكرا كرد: "دوای دوزێنەوەی روفاتی ئەو ئەنفالانەی بارزانیان، یەكە یەكەمان خستنە ناو بەرگ و كیسەێك و ژماریەكمان بۆ دانان و بە ئۆتۆمبێل گواستمانەوە بۆ پارێزگای بەسڕە، لەوێشەوە بە فڕۆكەی تایبەتی سەربازی گواسترانەوە بۆ هەرێمی كوردستان و لە گۆڕستانی ئەنفالە بارزانیان لە بارزان بەخاكسپێردران و كەل و پەلەكانیشیان لە مۆزەخانەی ئەنفال و جینوسایدكراوەكانی بارزان دانراون وەك سمبولێك".
 لەكۆتایدا گووتی "بەداخەوە خراپی بارودۆخی ناسەقامگیری و ئەمنی شارەكانی عێڕاق وایكردووە، تائێستا بەربەست بووە لەیەردەم ئەوەی كە بتوانرێت بێسەرو شوێن و ئەنفالكراوەكانی دیكەی بارزانیان لە بیابانەكانی باشووری عێراق بدۆزرێنەوەو بگەڕێندرێنەوە بۆ زێدی باب و باپیرانیان.

دیدار: محه‌مه‌د هه‌سنانی