ئەنجومەنى وەزیرانی هەرێم چەند بڕیارێکی نوێی دەرکرد

ئەنجومەنى وەزیرانی هەرێم چەند بڕیارێکی نوێی دەرکرد

ئەمڕۆ چوارشەممە بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجومەن، کۆبوونەوەی هەفتانەی ئەنجومەنی وەزیران بەڕێوەچوو، لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا هەردوو قەزاى سۆران و زاخۆ بکرێن بە دوو ئیدارەى سەربەخۆ، جەختیشى کردەوە لە پێدانى موچە بەبێ پاشەکەوت.
 
سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ چوارشەممە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و ئامادەبونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجومەن، کۆبوەوە، لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکەدا، سەرۆک و جێگری سەرۆک وەزیران، تیشکیان خستە سەر هەوڵەکانی حکومەتی هەرێم بۆ ڕێکخستنەوەی داهاتە ناوخۆییەکان.
 
سەرۆکی حکومەت جەختی لەوە کردەوە، حکومەتی هەرێم هەمو هەوڵێک دەخاتەگەڕ لە پێناو ڕێکخستنەوەی داهاتی گشتی بە ئامانجی دابینکردنی موچەی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان کە کاری هەرە لە پێشینەی حکومەتە"، لایخۆیەوە جێگری سەرۆکی حکومەت دوپاتیکردەوە، کە مە‌بە‌ستی سە‌رە‌كی لە ڕێكخستنە‌وە‌ی داھاتە‌كان‌ و بە‌گە‌ڕخستنە‌وە‌یان، خزمە‌تكردنی ھاوڵاتیانە و داواشی لە‌وە‌زارە‌تە‌كان كرد، ھاوكار بن بۆ ڕێكخستنە‌وە‌ و سە‌رخستنی ئە‌و پڕۆسە‌یە‌.
 
لە بڕگەی دوەمی کۆبونەوەکەدا، سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی، ڕاپۆرتێکی دەربارەی دۆخی تەندروستی و زیادبونی بەرچاوی کەیسەکانی توشبون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان و بەرزبونەوەی ژمارەی مردوان بەم پەتایە و ڕێکارەکانی ڕوبەڕوبونەوەی تەشەنەکردنی کۆرۆنای خستەڕو، ئەنجومەنی وەزیران جەختی لە جێبەجێکردنی ئەو ڕێکارە خۆپارێزیانە کردەوە کە لە دوا کۆبونەوەی لێژنەی باڵای ڕوبەڕوبونەوەی پەتای کۆرۆنا بڕیاریان لەسەر دراوە، بەجۆرێک کە هاوسەنگی نێوان بژێو و کاری هاووڵاتیان و پاراستنی تەندروستییان ڕەچاو بکرێت.
 
لەراگەیەندراوەکەدا هاتووە" ئەنجومەنی وەزیران وێڕای دەستخۆشی لە هەوڵەکانی وەزارەتی تەندروستی و پزیشک و کارمەندانی تەندروستی لە ڕوبەڕوبونەوەی کۆرۆنا و پشتگیریکردنی پڕۆژەی فریاگوزاری وەزارەتی تەندروستی و ڕێکارەکانی لیژنەی باڵای بەرەنگاربونەوەی کۆرۆنا، داواش لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات کە هاوکاری هەرێمی کوردستان بکەن لە دابینکردنی ڤاکسین بۆ دانیشتووانی هەرێم".  
 
ئەوەش خراوەتەڕوو، لە بڕگەی سێیەمی کۆبونەوەکەدا، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران پێشنیاری کرد کە هەردو قەزای سۆران و زاخۆ ، بکرێن بە ئیدارەی سەربەخۆ، سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بەوەدا کە سۆران و زاخۆ، دو دەڤەری گەورە و بەرفراوان و گرنگن و بونیان بە ئیدارەی سەربەخۆ ، کارئاسانی زۆر بۆ هاووڵاتیانی ئەو دوو دەڤەرە دەکات.
 
هەر لە کۆبونەوەکەدا ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ، باسی لە بنەما یاسایی و کارگێڕییەکانی بونی هەردو دەڤەری سۆران و زاخۆ کرد بە ئیدارەی سەربەخۆ، ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری لە سەر دروستکردنی ئیدارەی سەربەخۆ لە سۆران و زاخۆ دا و وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتە یەیوەندیدارەکانی ڕاسپارد کە ڕێکاری یاسایی و کارگێڕی پێویست بگرنەبەر بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران.    
 
لە بڕگەیەکی دیکەی کۆبونەوەکەدا، گفتوگۆ دەربارەی دیاردەی هەڵگرتنی چەکی بێ مۆڵەت کرا، سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بەوەدا کە ئەم دیاردەیە، زۆر مەترسیدارە و پێویستە بە زوترین کات کۆتایی پێ بهێنرێت و نابێت بە هیچ شێوەیەک، ڕێگەی پێ بدرێت و دەبێ هەڵگرتنی چەک و فرۆشتنی چەک، بەپێی مۆڵەت بێت و بە یاسا ڕێگە پێدراو بێت و لەلایەن وەزارەتی ناوخۆوە تۆمارکراوبن، پاشان وەزیری ناوخۆ پڕۆژە یاسایەکی تایبەتی لەمبارەیەوە خستەڕو و ئاماژەی بە کۆمەڵێک پێشنیار کرد بۆ کۆتاییهێنان بەم دیاردە ترسناکە.  
 
لە بڕگەیەکی دیکەدا، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپارد کە دەست بە ئامادەکاری پێویست بکەن بۆ دابینکردنی سووتەمەنی بۆ هاووڵاتیان لە وەرزی زستان، لە کۆتاییدا ئەنجومەنی وەزیران پێشوازی دەکات لە دەرئەنجامی چوارەمین دایەلۆگی ستراتیجی نێوان عێراق و ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا بە ئاراستەی برەودان بە پەیوەندی هاوبەش لە سەر بنەمای شەراکەتی ستراتیجی لە سەرجەم ئەو بوارانەی جێگەی بایەخی هەردولان بە هەرێمی کوردستانیشەوە

زۆرترین بینراو