پەرلەمانی كوردستان: بەرپرسانی تاوانی دژ بە ئێزدییەكان دادگایی بكرێن

پەرلەمانی كوردستان: بەرپرسانی تاوانی دژ بە ئێزدییەكان دادگایی بكرێن

سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان لەیادی داگیركردنی شەنگال لەلایەن داعشەوە پەیامێكی بڵاوكردەوە، داوا له‌ حکومەتی عێراق ده‌كات بە ئەرکی خۆی هەڵبستێت و ڕێگە بە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بدات ئەو تاوانکارییە دۆکیۆمینت بکات و لە دادگا نێودەوڵەتییەکاندا بەرپرسیارانی ئەو تاوانکارییە دادگایی بکرێن.

دەقی پەیامەكەی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان :

3ی ئابی 2014، ڕۆژێکی كاره‌ساتبار و خه‌مناكه‌ له‌ مێژووی خەڵکی کوردستان، لەو ڕۆژه‌دا تیرۆریستانی داعش بە بەرچاوی هەموو جیهان هێرشێکی دڕندانەیان کردە سەر قه‌زای شنگال و کچ و ژنانی کوردانی ئێزدییان بە بارمتە برد و پیاو و گەنجه‌كانیشیان زیندەبەچاڵ کرد.

له‌ كاتێكدا یادی ئەو ڕۆژە ڕەشە دەکەینەوە، پێویسته‌ سوپاسی خۆڕاگری و گیانفیدایی پێشمەرگە قاره‌مانه‌كانی كوردستان و هاوکاریی وڵاتانی دۆست بکەین، کە ڕێگەیان نەدا تاریکپەرستانی داعش پێشڕه‌ویی زیاتر بكه‌ن و بێنە ناو قووڵایی خاکی کوردستان و سه‌رجه‌م پێکهاتەکانی کوردستان و ناوچەکەشیان لە چەپۆکی ڕەشی تیرۆریستان پاراست و ئەفسانەی داعشیان تێکشکاند.

په‌رله‌مانی كوردستان له‌ دانیشتنی ژماره‌ (3)ی نائاسایی خۆیدا له‌ ڕێكه‌وتی 3/8/2019 ڕۆژی 3ی ئابی 2014ی وه‌ك ڕۆژی كۆمه‌ڵكوژیی ئێزدییه‌كان دیاریكرد، بۆئه‌وه‌ی لەڕووی یاساییەوە زەمینەسازی بکرێت بۆ قەرەبووکردنەوەی خەڵکی شنگال و قوربانییەکانی ئه‌و تاوانكارییه‌ دڕندانه‌یه‌، داواش له‌ حکومەتی عێراق ده‌كه‌ین بە ئەرکی یاسایی و ئەخلاقیی خۆی هەڵبستیت و ڕێگە بە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و تیمی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ لیکۆڵینەوه‌ لە تاوانەکانی داعش (UNITAD) بدات، کە ئەو تاوانکارییە دۆکیۆمینت بکات و لە دادگا نێودەوڵەتییەکاندا بەرپرسیارانی ئەو تاوانکارییە دادگایی بکرێن و قەرەبووی قوربانییان بکرێتەوە، سه‌رجه‌م ئه‌و تاوانکارییانه‌ی لە دژی خەڵکی کوردستان ئه‌نجام دراون بە جینۆساید بناسێنن.

لە كۆتاییدا سەری ڕێز و نەوازش بۆ شەهیدانی شنگال و قوربانییانی جینۆسایدی شنگال دادەنەوێنین، داواکارین پەلە بكرێت له‌ گه‌ڕان به‌ دوای بێسەروشوێنان و دیاریكردنی چاره‌نووسی نادیاران و گه‌ڕاندنه‌وه‌ی دانیشتووانی شنگال بۆ زێدی باب و باپیرانی خۆیان.

زۆرترین بینراو