پێشنیارێک بۆ بڕیاری ئیدارە سەربەخۆکەی سۆران

                                                                     هیوا سەید سەلیم
بڕیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە ئیدارەی سەربەخۆ لە هەریەک لە قەزاکانی سۆران و زاخۆ ئەگەر بۆ کەمکردنەوەی رۆتینی ئیداری و خزمەتکردنی هاوڵاتیانی ئەو دەڤەرانە بێت کە سنوورە جوگرافیەکەیان فراوان بووە، رێژەی دانیشتوانیان گەشەی کردووە، ئەوە بڕیارێکی چاک و لە جێگای خۆی دابووە.
شایانی باسە دەڤەری سۆران یەکێکە لەو قەزایانەی هەرێمی کوردستانە کە دەبوو دەمێک زووتر بکرێتە پاریزگا،  نەک تەنیا ئیدارەی سەربەخۆ، چونکە ئەو دەڤەرە بە بەراورد بە ناوچەکانی دیکە لە سەنتەری پارێزگا زۆر دوورە،  و لە ماوەی ساڵانی دوایی ڕاپەڕینیش زۆر بە فراوانی گەشەی کردووە، لە رووی ئیداریشەوە لە چەندین قەزایی وەک (سۆران، رواندز، جۆمان ، میرگەسۆر) و چەندین ناحیە و سەدان دێهات پێکهاتووە.
ئێستاش دەبێت بڕیارەکە بەوە بە کۆتا نێت کە سۆران بکرێتە ئیدارەی سەربەخۆ و بەس، بگرە دەبێت دووشت لە پەڵ ئەو بڕیارە لەبەرچاو بگیرێت.
یەکەمیان کارکردن بێت بۆ ئەوەی لە ئایندەیەکی نزیک لە ڕێگای ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بڕیاری ژمارەیەک پارێزگا لە هەرێمی کوردستان دەربچێت و سەرجەم ئیدارە سەربەخۆکان بکرێن بە پارێزگا نەک ئیدارەی سەربەخۆ.
دووەم پێشنیاریش ئەوەیە کە ناوی ئەو پارێزگایە بکرێتە ڕواندز نەک سۆران، ئەمەشیان بەلەبەرچاوگرتنی لایەنە مێژوویەکەی ڕواندز کە ئێستا ئەو شارە لەگەڵ سۆران لە رووی جوگرافیەوە تێکەڵی یەکتربوونە و دەکرێت وەک ئیدارەی سەربەخۆیی ڕواندز ناوبنرێت، تا لە ئایندەشدا بکرێتە پارێزگای ڕواندز.
شایانی باسە تا ڕاپەڕینی ١٩٩١ لە رووی ئیداریەوە شوێنێک نەبووە بە ناوی قەزایی سۆران، بگرە ئەو شوێنەی کە زیاتر لە سەربازگەی سەربازی دەچوو کە رژێمی بەعس لە بەدیلی قەزایی ڕواندز ناوی نابوو قەزایی سەدیق بە بڕیاری بەرەی کوردستانی ناوەکەی گۆڕدرا بە سۆران، کە ئەو کاتە باشترین دەرفەت بوو کە لە بڕی سۆران ئەو شوێنە ناو بنرێت ڕواندز.
ڕواندز کە مێژووەکەی بۆ سەدان ساڵ پێش لە زایین دەگەڕێتەوە لەو سەردەمەدا پایتەختی دەوڵەتی ئۆراتۆ بووە کە موساسر ناسراوە،  وە یەک سەدەش پایتەختی میرنیشینی سۆران بووە بۆیە ئێستا کاتی ئەوە هاتووە هەموو لایەک کۆک بین لەسەر ڕاستکردنەوەی ناوی سۆران بۆ ڕواندز.
یەکێکی دیکە لەوە ئیشکالیەتەی کە لە ناوی سۆران درووست بووە ئەو جیاکاریەیە لە نێوان سۆران و بادینان، کە بە گێڕانەوەی ناوە ڕاستەقینەکە ئەو جیاکاریە نامێنیت، کە لە راستیشدا سۆران هەر بە تەنیا هی خەڵکی سۆران نیە و بەس،  بگرە مۆزایکێکە لە خەڵکی جیاجیای کوردستان کە ئەگەر هەندێک پرس نەبێت هەموو لایەک لەسەر ناوی ڕواندز ڕێک دەکەوین.
بۆیە تا جارێکی دیکە بە هەڵە دا نەچین،  پێشنیار دەکەین کە حکومەتی هەرێمی کوردستان هەردوو قەزایی سۆران و ڕواندز لە ڕووی ئیداریەوە تێکەلاوی یەکتر بکات،  کە ئێستا لە رووی جوگرافیەوە تێکەلاون و ناوی ئەو ئیدارەیە بنێت رواند، ز و هەریەک لە قەزاکانی چۆمان و میرگەسۆر بکەونە سەر ئەو ئیدارەیەو و ناحیەی خەلیفان کە زۆرترین گوندی لەسەرە بکرێتە یەکێکی دیکە لەو قەزایانەی سەر بە ڕواندز.