كەسوكاری ئەنفالكراوان باسی 38 ساڵ پێش ئێستا دەكەن

كەسوكاری ئەنفالكراوان باسی 38 ساڵ پێش ئێستا دەكەن

زاری كرمانجی – بارزان: بەر لە 38 ساڵ  لە كۆمەڵگەكانی هەریر، قوشتەپە و دیانا 8000 هەزار بارزانی  دەستگیر كران و ڕاگواسترانەوە بۆ خوارووی عێراق و لە چەند گۆڕێكی بە كۆمەڵدا زیندە بە چاڵكران، تا ئێستا رووفاتی 600 كەس دۆزراونەتەوە و گەڕێنراونەتەوە بۆ زێدی باب و باپیران لە بارزان، بەشێكی زۆر لە كەسوكاری ئەنفالكراوەكان هێشتا چاوەڕوانی گەڕاندنەوەی رووفاتی كەسوكاریانن بۆ باوەشی نیشتمان و هەمووشیان هیواخوازن حكوومەتی عێراق مافەكانیان دەستەبەر بكات.
سەردار ئیسماعیل، كە لە كاتی ئەنفالكردنی باوك و براكانی تەمەنی 9 ساڵان بووە، وەكو خۆی بۆ ماڵپەڕی زاری كرمانجی دەڵێت:" دوای ئەنفالكردنی باوك و براكانی بووەتە سەرۆكی خێزانەكەی و ناچاربووە دەست لە خوێندن هەڵَگرێت و رۆژانە بە دینارێك بچێتە كار، تا برا و خوشكەكانی خۆی پێ بەخێو بكات.
دەشڵێ:" من وەكو كوڕە ئەنفالێك شانازی بەوە دەكەم كە باوك و براكانم لەسەر خاكی كوردستان و بە هۆی كوردبوونییەوە ئەنفالكراون، جێگەی خۆشحاڵییە سەدام چی لە ئێمە كرد ئەوەشی هاتەوە ڕێ، ئێستاش ئەنفال بووەتە ناسنامەی كورد.
مریەم مستەفا، بە چاوی پڕ فرمێسكەو بە ماڵپەڕی زاری كرمانجی  رایگەیاند، چاوەڕوانی ئەوە بووین كە رۆژێك لە رۆژان كەسوكاری ئێمە بگەڕێنەوە، بەڵام بەداخەوە دوای چەندین ساڵ لە چاوەڕوانی، ئێسك و پروسكی كەسوكاری ئێمە گەڕێنرانەوە، ئەوكات ئازارێكی زۆرمان بینی، كەس نەبوو بەخێومان بكات، ناچار بووین بۆ پەیداكردنی پاروونانێك و بەخێوكردنی منداڵەكانمان روو لە هەولێر و ناوچەكانی دیكە بكەین.
گوتیشی:" ئێمە لە كۆمەڵگەی قوشتەپە بووین، رۆژانە خەریكی پەیداكردنی پاروو نانێك بووین، جارێك هەر هەندەمان بینی بەرەبەیانی 31/7 سوپای عێراق دەوروبەری كۆمەڵگەكەمانی گرت، ئەوەی چوو بووە سەر ئیش لێ نەگەڕان بگەڕێنەوە، هەر كەسێك تەمەنی لەسەرووی 10 ساڵی بایە دەیان برد، خاڵم هێشتا بێجامەی لە پێ بوو ملیان لێ گرت و بردیان، چەند هاواری دەكرد بەس بۆ ئەوەی شەلوارەكەی لە پێ بكات، بەڵام ڕێگەیان پێ نەدا و بە عەرەبی سەدان جوونیان پێ دەدا و سواری پشتەوەی ئۆتۆمبێلی سەربازی كران، ئەو ڕۆژە وەكو رۆژی حەشر وابوو، هەر كەسە و هاواری كەسوكاری خۆی دەكرد، بەڵام بێ سوود بوو.
مریەم، ئەوەشی گوت:"  دوای گرتنی كەسوكاری ئێمە، ئێمەشیان ئازار دەدا و بە قونكە تفەنگ لە ئێمەیان دەدا و تەقەیان لە ئێمە دەكرد و چەندین ئافرەت بریندار بوون،  بە ئێمەیان دەگوت، سەدام حوسێن لە كەركووكە و كۆبوونەوەیان پێ دەكات دواتر دەگەڕێنەوە بەڵام دوای چەندین رۆژ چاوەڕوانی و گەڕانی ئێمە بۆ ئەوەی سۆراغی كەسوكاری خۆمان بزانین بێ سوود بوو، ئێستاش هەر كاتێك دەبێتە ئەو رۆژە وا هەست دەكەین، كە ئێستا كەسوكاری ئێمە گیراون. 
نازدار شەمسەدین، كە زیاتر لە 10 كەس لە كەسوكاری ئەنفالكراون بۆ ماڵپەڕی زاری كرمانجی دەڵێ:" دوای ئەنفالكردنی كەسوكاری ئێمە توشی ژیانێكی زۆر سەخت بووین، ئێستاش گێڕانەوەی ئەو رۆژە بۆ ئێمە ئەستەمە، بەڵام ئەو مامەڵە باشەی كە خەڵكی هەولێر لەگەڵ ئێمەیان كرد، كەمێك لە خەمە گەورەكەی ئێمەی سووك كرد، هەر چەندە بەعس ئەو كات سزای كوشتن و گوللە بارانكردنی هەر كەسێكی دابوو كە هاوكاری بارزانییەكان بكات، بەڵام هەولێرییەكان گوێیان بەو هەڕەشەی بەعس نەداو و تا لە دەستیان هات یارمەتیان پێشكەش بە ئێمە كر، داوا لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەكەین فشار بخاتە سەر بەغدا تا كەسوكاری قوربانیانی جینۆسایدی بارزانییەكان قەرەبوو بكرێنەوە، وەك دادگا بڕیاری لێ داوە".