قەشەیەكی كریستیان بۆ سەرۆكی فەڕەنسا: لە هەرێمی كوردستان شكۆمان پارێزراوە

قەشەیەكی كریستیان بۆ سەرۆكی فەڕەنسا: لە هەرێمی كوردستان شكۆمان پارێزراوە

زاری كرمانجی - لە كاتی سەردانی ئیمانوێڵ ماكرۆن بۆ مووسڵ لە كڵێسەی ساعە لەگەڵ كەسایەتییە ئایینییەكانی سنوورەكە كۆ بووەوە و كەسایەتی و قەشەیەكی كریستیان ئاشكرای كرد ئێمە ئێستا لە هەرێمی كوردستان و عینكاوە شكۆمان پارێزراوە.
 لە دیدارەكەدا یەكێك لە قەشەكانی مووسڵ لە وتەكانیدا لە كاتی كۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆكی فەڕەنسا گوتی: ئەم سەردانەتان زۆر گرنگە و ئێمە زۆر سوپاستان دەكەین و ئەمن وەك سەرۆكی ساقیفەی كەركووك و هەرێمی كوردستان لێرە ئامادەم و من هەر باب و باپیرانم لێرە بوون و خۆشم لێرە لەدایك بووم و من وەك دوایین قەشە بووم كە مووسڵم بەجێ هێشتووە. 
لەبارەی ڕۆژانی هێرشەكانی داعشەوە گوتی: من تەنیا 300 مەتر لە داعشەوە دوور بووم، ئەو ڕۆژانە زۆر ئەستەم و دژوار بوون و ئەستەمە بیانگێڕمەوە، بەڵام من لە خاكی باب و باپیرانم دەركرام و مامەڵەی داعش لەگەڵ ئێمە زۆر دڕندانە بوو، ئەم كڵێسایە نموونەیە بۆ وێرانكاری كە هاوشێوەی كڵێساكانی دیكەی مووسڵ، هەموو شتێك لێرە وێران كرا، تەنانەت ئەو بەڵگە و دیكیۆمێنتانەی كە بەشێكیان بۆ سەدەی دووەم دەگەڕانەوە زۆریان لەناو بران و باقییەكەشیان دزران، بەڵام توانیمان بەشێكیان بەدەست بهێنینەوە.
 ئەو كەسایەتییە ئاینییە ڕاشی گەیاند: ئەمڕۆ سەردانی ئێوە زۆر بەرز دەنرخێنین، بەڵام بوونمان لەم وڵاتە وەك پێویستییەك وایە بۆ عێراق، چونكە ئێستا كریستیانەكان كەمینەن لە عێراق، هەرچەند كەمینە بوون ئاساییە، بەڵام ئەوە قورسە كە لەناو وڵاتی خۆمان ببینە پەنابەر، بەڵام سوپاس كە لە هەرێمی كوردستان پێشوازیمان لێ كرا و هەرێمی كوردستان باوەشی بۆمان كردەوە و هاوكاریی زۆمانی كرد و هەتا ئێستاش هەرێمی كوردستان بەردەوامە لە خزمەت و پشتیوانیی ئایین و ئایینزاكان، من خەڵكی مووسڵم، بەڵام ئێستا لە عینكاوەم و لە هەرێمی كوردستانم و لە هەولێر و عینكاوە شكۆمان پارێزراوە.
 لە درێژەدا باسی لەوەش كرد: بە دڵخۆشییەوە ئێستا مووسڵ خەریكە جارێكی دیكە دەبووژێتەوە و بەردەوام پەیامی دڵخۆشكەر لەپێناو ئاوەدانیی پارێزگای نەینەوا و شاری مووسڵ و پێكهاتەكانی بڵاو دەبێتەوە و ئەم سەردانەشتان زۆر گرنگە و هیوادرین ئێوە و حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراق كار بكەن بۆ ئەوەی جارێكی دیكە كریستیانەكان بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان لە سنووری مووسڵ. 

زۆرترین بینراو