ڤیاریالی ئیسپانی بووە پاڵەوانی یۆرۆلیگ

ڤیاریالی ئیسپانی بووە پاڵەوانی یۆرۆلیگ

زاری كرمانجی- ئاژانسییە هەواڵییە وەرزشییەكان: یانەی ڤیاریالی ئیسپانی بۆ یەكەمجار لە مێژوودا بووە پاڵەوانی یۆرۆپالیگ، دوای ئەوەی بە لێدانی یەكلاكەرەوە شكستی بە یانەی مانچێستەر یونایتد هێنا.
لە فایناڵی یۆرۆپالیگدا و لە یارییەكی دراماتیكیدا، یانەی ڤیاریال یەكەم نازناوی لە مێژوویدا بەدەستهێنا، دوای ئەوەی بووە پاڵەوانی یۆرۆپالیگ، كاتی یاسایی یارییەكە بە یەكسانبوونی هەردوو یانە بە گۆڵێك كۆتاییهات، دوای ئەوە پەنابرایە بەر لێدانی یەكلاكەرەوەو یانەی ڤیاریال بە ئەنجامی  11 بە 10 شكستی بە یونایتد هێنا.
ئیسپانییەكان پاشای یۆرۆپالیگن، لە نێویشیاندا ئۆنای ئێمری، كە بووە دووەم راهێنەر لە مێژووی خولەكەدا كە لەگەڵ زیاتر لە یانەیەك بۆتە پاڵەوان، ئێمری لە مێژوویدا چوار جار بۆتە پاڵەوانی یۆرۆپالیگ كە پێشتر سێ جار ئەم نازناوەی بۆ سێڤییا بردۆتەوە، پێشتر هیچ راهێنەرێك ئەو كارەی نەكردووە.
لە نیوەی یەكەمدا سەرەڕای ئەوەی كۆنتڕۆڵی یارییەكە بەدەست یانەی مانچێستەر یونایتدەوە بوو، بەڵام نەیانتوانی گۆڵ بكەن، ئەوەبوو لە خولەكی 30  جێرارد مۆرینۆ گۆڵی پێشكەوتنی بۆ یانەی ڤیاریال تۆماركردو نیوەی یەكەم بە ئەنجامی گۆڵێكی بێ وەڵام لە سوودی یانەی ڤیاریال كۆتاییهات.
مۆرینۆ بەم گۆڵە ژمارەی گۆڵەكانی لەگەڵ جۆزێپی رۆسی یەكسانكردەوە بە 82 گۆڵ وەك گۆڵكەری مێژوویی یانەی ڤیاریال، هەروەها بووە تاكە یاریزان لە مێژووی یانەكەیدا كە لە وەرزێكدا 30 گۆڵ تۆماربكات.
لە نیوەی دووەمدا ئیدینسۆن كاڤانی لە خولەكی 55  گۆڵی یەكسانبوونی بۆ یانە سوورەكەی شاری مانچێستەر تۆماركرد، راوچییە ئۆرۆگواییەكە بووە بەتەمەنترین یاریزانی مێژووی یانەكەی كە لە فایناڵی خولێكی ئەوروپادا گۆڵ بكات كە تەمەنی 34 ساڵ و 100 رۆژە.
یارییەكە چووە گێمی زیادكراوەو یانەی ڤیاریال لە هەردوو گێمەكەدا ئاستێكی بەرزی نمایشكردو توانی چەند هەلێك درووست بكات، بەڵام گۆڵیان بۆ تۆمارنەكراو یارییەكە چووە لێدانی یەكلاكەرەوە. 
لە مێژوودا ئەم دوو یانەیە پێنج یارییان بەرامبەر یەكدی ئەنجام داوە، لە چوار یاری رابردوودا بەبێ گۆڵ یەكسانبووبوون، لەم یارییەشدا بە گۆڵێك یەكسانبوون، بەڵام بە ناچاری لێدانە یەكلاكەرەوەكان پاڵەوانی دیاریكردو ڤیاریال بووە خاوەنی نازناوەكە كە یەكەمجاریان بوو لە مێژوودا ئەو كارە بكەن.
ئەوەی خۆشییەكانی یانەی ڤیاریال زیاتر و زیاتر دەكات ئەوەیە كە بۆ وەرزی داهاتوو دەتوانن لە قۆناغی كۆمەڵەكانی خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا یاری بكەن، كە پێشتر ئەم یانەیە نەیتوانیبوو تەنانەت بلیتێكی یۆرۆپالیگیش بەدەستبهێنن، بەمەش لە وەرزی داهاتووی خولی یانە پاڵەوانەكان پێنج یانەی ئیسپانی بەشداری دەكەن و ڤیاریالیش سەرۆكی یەكێك لە كۆمەڵەكانی چامپیۆنزلیگ دەبێت، لە شوێنی ئەوانیش یانەی سێلتا ڤیگۆی ئیسپانی بەشداری لە خولی كۆنفرانسلیگ دەكات كە خولێكی نوێی یۆفایە و ئەم وەرزە دەست پێدەكات و ئەو یانانەی كە خاوەنی پلەی حەوتەمی وڵاتەكانیانن بەشداری تێدا دەكەن.
ئیسپانییەكان لە مێژوودا 11 جار بوونەتە پاڵەوانی یۆرۆپالیگ، چوار جاریان لەسەر دەستی ئونای ئێمری بووە، كە ئەو راهێنەرە بووە تاكە راهێنەری مێژووی خولەكە كە چوار جار ببێتە پاڵەوان پێش جیۆڤانی تراپاتۆنی ئیتاڵی كەوت كە سێ جار ئەم نازناوەی بردبووەوە.
شارۆچكەی ڤیاریال ژمارەی دانیشتووانەكەی تەنیا 50 هەزار كەسە، كە سەرجەم دانیشتووانی ئەو شارۆچكەیە لە نێو یاریگەی یانەی مانچێستەر یونایتد كە بە ئۆڵدترافۆرد ناسراوە جێگەیان دەبێتەوە !

زۆرترین بینراو