هێزەكانی بەرگری شارستانی  لە ئامادە باشیدا دەبن

هێزەكانی بەرگری شارستانی لە ئامادە باشیدا دەبن

زاری كرمانجی-سۆران: : بەڕێوەبەری بەرگری شارستانی سۆران، ئاشكرای دەكات " بۆ رۆژانی پشووی سەری ساڵ تیمی بەڕێوەبەرایەتییەكەمان و 17 بنكەی شارو شارۆچكەكانی سنوورەكە لە ئامادەباشیدا دەبن.
عەمید عیماد كەنعان، بەڕێوەبەری بەرگری شارستانی سۆران، بە زاری كرمانجی راگەیاند " سنووری بەڕێوەبەرایەتییەكەمان بەرفراوانەو هەرچوار قەزاكانی (سۆران، چۆمان، رواندز، مێرگەسۆر) بە گوند و ناحیەكانیانەوە لە خۆدەگرێت، كە لەم سنورانەدا 17 بنكەی بەرگری شارستانیمان هەیە، لەگەڵ تیمی تایبەتی مەلەوانی و فریاكەوتن، كە بەشێوەیەكی بەردەوام 24 كاتژمێر لە ئەركدا دەبن، بۆ بە هاناوەچوون و پاراستنی سەرو ماڵی هاووڵاتیان و هەر رووداوێكی نەخوازار كە لەدەڤەرەكەدا رووبدات".
گووتیشی " لە كاتی ئاهەنگ و بۆنەكاندا ئەگەرچی لە زۆربەی شوێنەكان پشوو دەبێت، بەڵام ئەركی كارمەندانی ئێمە زیاتر دەبێت، چونكە جگەلەوەی چاودێری بەردەوامی خەڵكی دەڤەرەكە دەكەین، بۆ رووبەڕوو بوونەوەی هەر رووداوێك، لەهەمانكاتیشدا دەبێت تیمەكانمان دابەش بن بەسەر شوێنە گەشتیارییەكان، بۆ ئەوەی سەرو ماڵ و گیانی ئەو هاووڵاتی و گەشتیارانە پارێزراو بێت، كە روو لە سنوورەكەمان دەكەن، بۆ ئەم مەستەش تیمەكانی مەلەوانی لە سەر روبارەكان جێگیر دەكەین، هەروەها تیمەكانی فریاكەوتن و ئاگر كوژێنەوە بەردەوامی لە نزیكترین شوێن چاودێری ئەو هاووڵاتیانە دەكەن كە روویان لە شوێنە گەشتیارییەكانی دەڤەرەكە كردووە".

زۆرترین بینراو