وەزارەتی كارەبا وەڵامی هاوڵاتییان له‌باره‌ی به‌ستنی پێوه‌ری زیره‌ك دەداتەوە

وەزارەتی كارەبا وەڵامی هاوڵاتییان له‌باره‌ی به‌ستنی پێوه‌ری زیره‌ك دەداتەوە

زاری كرمانجی - وه‌زاره‌تی كاره‌بای حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان وه‌ڵامی پرسیاری هاووڵاتیان  له‌باره‌ی به‌ستنی پێوه‌ری زیره‌ك ده‌داته‌وه‌ و رایده‌گه‌ێنێت: دوای ئەوەی لە 42%ی هاوبەشانی كارەبا پێوەری زیرەكیان بۆ بەسترا، لەئێستادا لەڕێگەی ئەو پێوەرەوە دەست بەخوێندنەوەی كرێی بەكارهێنانی كارەباكە كراوە، لەماوەكانی رابردوودا لەرێگەی كۆمێنتەكانی هاوڵاتیانەوە چەند پرسیارێكی گرنگ سەبارەت بە پێوەری زیرەك ئاراستەی بەیجی فەرمی وەزارەتی كارەبا كرا
كە لێرەدا لەڕێگەی لایەنە پەیوەندارەكانەوە وەڵامیان دەدەینەوە:
1- بۆ بەستنی پێوەری زیرەك پارە لەهاوڵاتیان وەردەگیرێت؟
وه‌ڵامی وه‌زاره‌تی كاره‌با:  بۆ بەستنی پێوەری زیرەك وەزارەتی كارەبا هیچ تێچوویەك ناخاتە سەر شانی هاوڵاتیان و بەبێ بەرامبەر هەموو پێوەرەكان دەبەستێت، ئەمەش لەبەر ئەوەی ئەم پرۆژەیە بەیەكێك لە پرۆژە گرنگ و ستراتیژییەكانی هەرێمی كوردستان دادەنرێت بۆ رێكخستنەوەو كۆنترۆڵكردنی سیستەمی كارەبای هەرێم و رەچاوكردنی دادپەروەریی لە پێدانی كارەبا و رێگاگرتن لەبەفیڕۆچوونی كارەبا و كەمكردنەوەی سەرپێچیەكان گرنگە.
2- لەكاتی بەستنی پێوەرەكەدا پێویست دەكات لەماڵەوە بین یاخود نا؟
وه‌ڵامی وه‌زاره‌تی كاره‌با: لەكاتی بەستنی پێوەری زیرەك پێویست ناكات لەماڵەوە بین ، تەنیا لەو حاڵەتانەدا كە ئەو كێبڵەی بەكارهاتووە كەڵكی كاركردنی نەمابێت ، واتا ئەگەر كێبڵی راكێشانی كارەبا لەستوونەكەوە بۆ ناوماڵەكە یاخود دوكانەكە زۆر كۆن بێت و كەڵكی كاركردنی نەمابێت ئەو كات پێویست دەكات لەماڵەوە یاخود دوكانەكە بیت.
3- ئایا چەند ئەمپێڕی كارەبا دەدرێت بەهاوبەشان؟
وه‌ڵامی وه‌زاره‌تی كاره‌با: یەكێك لەمواسەفاتی ئەم پێوەرە ئەوەیە دەتوانرێت ئەو بڕە كارەبایە دیاری بكرێت كە دەدرێت بەهاوڵاتیان ؛ لەئێستادا وەزارەتی كارەبا هەڵدەستێت بەدیاریكردنی بڕی پێدانی كارەبا بەمشێوەیە : جۆری هاوبەشی پێوەری سینگل فەیس بە 40 ئەمپێڕ و سری فەیس بە 90 ئەمپێڕ، بەمشێوەیە هەموو ئەو هاوڵاتیانەی پێوەری زیرەكیان بۆ بەستراوە ئەگەر وزەی كارەبای بەكارهاتوو لەو ئاستەی وەزارەت دیاریكردووە زیاتر بەكارهێنرا ئەوا وەكو ئاگاداركردنەوەیەك وزەی كارەبای ئەو هاوبەشە لە ماوەی 45 چركە( پانیه) لە- زیاد بەکارهێنانەکە- کارەباکەی دەكوژێتەوەو پاش ( 150 ) چركە كارەباكەی بۆ دەگەڕێتەوە، ئەگەر لەماوەی 30 خولەكدا (دەقیقە) پێنج جار بڕینی كارەبا لەسەر یەك روویدا، ئەمجارە كارەبای هاوبەشەكە دەبڕدرێت و پاش 45 خولەك ( دەقیقە ) كارەباكەی دەگەڕێتەوە.
4- لەكاتی بەستنی پێوەرەكە كارەبای ماڵەكە بكوژێنینەوە؟
وه‌ڵامی وه‌زاره‌تی كاره‌با: لەكاتی بەستنی پێوەری زیرەك پێویستە ئامێرە كارەباییەكان بكوژێتەوە و تەنیا یەك گڵۆپ داگیرسێنن ئەویش بۆ ئاگاداركردنەوە لەكاتی هاتنەوەی كارەباكەدا، ئەگەر هەر كێشەیەك هەبوو دەتوانن پەیوەندی بەتیمەكەوە بكەن و ژمارەی تەلەفون لەسەر ستوونی كارەبا هەیە، خۆ ئەگەر هیچ كێشەیەك نەبوو دەتوانیت كەلوپەلە كارەباییەكان پێبكەنەوە.
5- ئایا لەكاتی بەستنی پێوەرەكە بۆچی ئەو ماوەیە كارەبای نیشتمانی و موەلیدە نابێت؟
وه‌ڵامی وه‌زاره‌تی كاره‌با: بەداخەوە هیچ رێگایەكی دیكە نییە بۆ پاراستنی گیانی كارمەندەكانی كارەبا جگە لەكوژانەوەی فیدەری كارەبای نیشتمانی ئەو گەڕەك و شوێنەو هەروەها پێنەكردنی موەلیدەكان چونكە سەلامەتی گیانی كرێكارەكان گرنگە ، بۆیە بەداوای لێبووردنەوە دەبێت ئەو دوو سێ رۆژە تاوەكو كارەباكە لەو گەڕەكانە دەبەسترێت هاوڵاتیانی خۆشەویست سەبرو تەحەمولیان هەبێت.
6- پێوەری زیرەك زیانی بۆ سوتانی كەلوپەلی كارەبایی هەیە؟
وه‌ڵامی وه‌زاره‌تی كاره‌با: بەپێچەوانەوە پێوەری زیرەك نابێتە هۆی سوتانی كەلوپەلی كارەبایی چونكە ئۆتۆماتیكی ڤۆڵتی یە رێك دەخات و رێگرە لە سوتانی كەلوپەلی هاوبەشانی كارەبا.
7- ماوەكانی پێدانی كارەبا زیاد دەكات؟
وه‌ڵامی وه‌زاره‌تی كاره‌با: كەمكردنەوەی سەرپێچیەكان و كەمبوونەوەی بەفیڕۆچوونی كارەبا هۆكارێكی باشە بۆ زیادبوونی ماوەكانی پێدانی كارەبا ئەمەش جۆرێكە لەدادپەروەریی لەدابەشكردنی كارەبا.
8- پێوەری زیرەك هەڵە لەخوێندنەوەی كارەبا دەكات؟
وه‌ڵامی وه‌زاره‌تی كاره‌با: نەخێر پێوەری زیرەك هەڵەی خوێندنەوەی كرێی كارەبا ناكات؛ پێوەرێكی زیرەكە و بە پێشكەوتووترین تەكنەلۆژیاكانی سەردەم بەرهەم هێنراوەو لەرووی تەكنیكی یەوە لەئاستێكی بەرزدایە ، لەگەڵ ئەمەشدا ئەگەر هاوڵاتیەك گلەیی و رەخنەی هەبێت دەتوانێت سەردانی فەرمانگەی فرۆشتنی كارەبا و لێژنەی پەیوەندار بكات.
9- ئایا ئەوانەی پێوەری 3 فەیسیان هەیە چۆن پێوەرەكە دەبەسترێت؟
وه‌ڵامی وه‌زاره‌تی كاره‌با:  هەمان شێوەی پێوەرەكانی دیكەیە بەڵام سندوقی تایبەتی خۆی هەیە یاخود یەك سندوق دوو دانە پێوەری دەبێت.
10- لەكاتی بوونی هەر گرفتێك لە پێوەری زیرەك پەیوەندی بە كێ بكرێت بۆ چارەسەركردنی؟
وه‌ڵامی وه‌زاره‌تی كاره‌با:  لەكاتی بوونی هەر كێشەیەك لە پێوەرەكەت نابێت بەهیچ شێوەیەك خۆت یاخود كارمەندێكی كارەبای دەرەوەی وەزارەت دەسكاریی پێوەرەكە بكات بەڵكو دەبێت وەكو ئێستا هەروەكو چۆن لەكاتی كەوتنەوەی گرفت و كێشەیەكدا پەیوەندی بەكارمەندانی سیانەی كارەبای ناوچەو گەڕەكەكەتانەوە دەكەیت بەهەمانشێوەیە پەیوەندی بەوانەوە بكە یاخود پەیوەندی بەو ژمارە تەلەفونەوە بكە كە لەسەر ستوونی كارەباكە دادەنرێت یاخود لەڕێگەی ژمارە تەلەفونەكانی وەزارەتەوە بۆ وەرگرتنی رێنمایی و بەرچاوروونی پەیوەندی بكە.
هه‌روه‌ها وه‌زاره‌تی كاره‌با رایده‌گه‌ێنێت: هاووڵاتییان ده‌توانن  بۆ وەڵامدانەوەی پرسیارو سەرنج و تێبینیەكان پەیوەندی بەم ژمارە تەلەفونانەی خوارەوە بكه‌ن: 
- وەزارەتی كارەبا : 07507050953 -07507050954 (كاتژمێر 9 تاكو 2ی دوای نیوەڕۆ)
- هەولێر : 07728500390 / 07728500396 / 07514903975
- سلێمانی : 053127
- دهۆك : 07504942191 / 07504209170
- هەڵەبجە : 0538850366 / 0538851231
- گەرمیان : 07501266988
- سۆران : 07512679273

زۆرترین بینراو