کۆچکردنی گەنجان: راکردن لە واقعێکی تاڵ بۆ داهاتوویەکی نادیار.

رەوا موحسین- كۆمەڵناس

گومان لەوە دا نیە کە عێراق بە گشتی و هەرێمی کوردستان بەتایبەتی لە واقعێکی تاڵ و تراژیدی دان، کە ماوەی چەندین ساڵە هەمان واقیعن بەبێ ئەوەی هیچ گۆرانکاریەکی ئەرێنی رووبدات لە ژیانی زۆربەی خێزانەکان یا ژیانی گەنجەکان لە رووی (کۆمەڵایەتی و ئابوری و سیاسی).
بەداخەوە ئەو دۆخە ئابورییەی ئێستا کە (زۆربەی)گەنجی کورد تێیدا دەژی و هیچ چارەسەرێکی ئەوتۆی نیە بۆ باشتکردنی دۆخەکە یا بەدیهێنانی بچووکترین خەونی ( لە ئەنجامدانی پرۆسەی هاوسەرگیری و خاوەنداریەتی ئۆتۆمبێل یا تەواوکردنی خوێندن ئەوانەی کە لە خوێندن دابڕاون بە هەر هۆکارێک) ناچار پەنا دەبات بۆ کۆچکردن کە پێی وایە باشترین بڕیارە بۆ بەدەستهێنانی ئەو خەونانە کە لای گەنجی وڵاتانی تر مافە . 
ئەگەر چی لە ساڵانەی دوایی لایەنی بەرپرس و حومەت هانی کردنەوەی کەرتی تایبەتیان داوە و یارمەتیان پێشکەشکردوون بۆ ئەوەی خەڵک دابمەزرێ و رێژەی بێکاری کەم ببێتەوە و خەڵک کەمتر پشت ببەستێ بە دامەزراندنی حکومی، بەڵام ئەو هەڵە ئەوەندە بۆ تاکی بیانی رەخساوە بۆ گەجی خۆمان نەرەخساوە، ئەوەش دەگەرێتەوە بۆ ئەو مەرجانەی کە کۆمپانیا یا کارگەکانی کەرتی تایبەت داوای دەکەن وەک (هەبوونی ئەزموون، زانینی زیاتر لە دوو زمان جگە لە زمانی دایک یاخود بروانامەکی بەرز) کە لەوانەیە ئەو مەرجانە بوونی لە گشت ئەو تاکانە نەبێ کە ئارەزووی کارکردنیان هەیە جگە لەوەش تاکی کورد بەهەموو کارێک رازی نابێت ئەگەر چی لەوڵاتانی تر ئامادەیە هەموو کارێک بکات بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانی .
ئەگەر بەلایەنی سایکۆلۆژی بیر لەو بابەتە بکەینەوە دەبینین کە کۆچکردنی ئەو پۆلە گەنجە واتا لەدەستدانی هێزێکی مرۆیی چالاک، واتا کەمبوونەوەی تەمەنی گەنج لە کۆمەڵگا، بەهەمان شێوە واتا پشتگوێ خستنی بڕوانامە و زانست و رێگەدان بە کەمبوونەوەی ئەوانەی کە بونیاد و گەشە و گۆرانی کۆمەڵگا لەژێر دەستیانە، بەواتایەکی تر کۆچکردنی گەنج بۆ دەرەوەی وڵات تەنها کاریگەری ئەرێنی نیە بەسەرلایەنی کۆمەڵایەتی، بەڵکو بەهەمان شێوە کاریگەریەکی خراپی هەیە لە لایەنی ئابوری و دیمۆگرافی وڵات.
ئەو خاڵەی کە دەبێ هەموو گەنجێک بیری لێ بکاتەوە لە کۆمەڵگای ئێمە ئەوەیە، زەرورە بزانن کە کۆچکردن جگە لە راکردن لە واقیع چیتر نیە کە بەرەو داهاتوویەکی نادیاریان  دەبات ، ئەو راکردنەش هەموو کات چارەسەر نیە بەپێچەوانەوە، زۆربەیان خۆیان داوە بەدەستی مەرگەوە، زۆربەیان بوونەتە هۆی تێکدانی ئاسایشی ئەو سنورانەی کە رووی تێدەکەن، زۆربەیان جەرگی چەندین دایکانیان سووتاندوە و چەندین مناڵیان بێ باوک کردووە، چەندین ئافرەتیان بێ هاوژین کردووە، بڕیاردانێکی لەو شێوەیە پێویستی بەوە هەیە کە بەرژەوەندی کەسی دەوروبەریش لەبەر چاو بگیرێت نەک تەنها بەرژەوەندی خود یا هەڵخەڵەتاندن بە قسەی هاورێ و چاولێکەری.
راستە دۆخەکە بەشێوەیەکی گشتی لە هەموو روویێکەوە ناجێگیر و نالەبارە، بەڵام مانای ئەوە نیە خۆمان بەدەستەوە بدەین ورێگا بدەین  نەتەوەی تر سوود لە هێز و توانا و زیرەکیمان وەربگری، هیچ کات درەنگ نیە بۆ بریاردان و هەستانەوە و دووبارە خۆ دروست کردنەوە، هیچ کات کار و جۆری کار شەرم نەبووە بەڵکو کار هەمیشە شەرەفە ، هیچ کات گەرانەوە بۆ خوێند ئەگەر لەتەمەنێکی گەورەش بێ گوناه نەبووە بەڵکو ئەو پەری شانازییە.
دەمەوێ بڵێم، خۆ بەدەست دان بۆ واقیع و هەوڵنەدان بۆ گۆرینی ئەو واقیعە، ئەوە جێگای داخە. پشت بەستن بە خوود و بوونی متمانە وهەوڵدانی بەردەوام، دەبێتە هۆی گۆرانێکی گەورە لە ژیانی ئەو تاکە. 

زۆرترین بینراو