یه‌كێتی ئه‌وروپا پشتیوانی خۆی بۆ هه‌رێمی كوردستان دووپاتكرده‌وه‌

یه‌كێتی ئه‌وروپا پشتیوانی خۆی بۆ هه‌رێمی كوردستان دووپاتكرده‌وه‌

زاری كرمانجی - نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە 23/9/2021  نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە خاتوو ماری پارێ بەرپرسی ئۆفێسی یەكێتیی ئەورووپا لە هەرێمی كوردستان و شاندێكی یاوەری كرد.

لە كۆبوونەوەیەكدا  نێچیرڤان پیرۆزبایی دەستبەكاربوونی لە خاتوو پارێ كرد و هیوای سەركەوتنی لە ئەركی نوێیدا بۆ خواست، هەروەها جەختی لە خواستی پتەوكردنی بوارەکانی هاریکاری و پەیوەندییەكانی عیراق و هەرێمی كوردستان لەگەڵ یەكێتیی ئەورووپا کردەوە و دوایین سەردانی  جۆزێف بۆرێل بەرپرسیاری سیاسەتی دەرەوە و ئاسایشی یەكێتیی ئەورووپای بۆ عیراق و هەرێمی کوردستان بە گرنگ لە قەڵەم دا.

لای خۆیەوە خاتوو پارێ پوختەیەكی لە كار و چالاكییەكانی یەكێتیی ئەورووپای لە عیراق و هەرێمی كوردستان خستەڕوو، هەروەها سوپاسی سەرۆكی هەرێمی كوردستانی كرد بۆ ئەو پێشوازییە گەرمەی لە كاتی سەردانیدا بۆ هەرێمی كوردستان لەجۆزێف بۆرێل بەرپرسیاری سیاسەتی دەرەوە و ئاسایشی یەكێتیی ئەورووپا كرا و گوتی بۆرێل بە پەرۆشەوە چاوەڕێیە لە برووکسل دیدار و کۆبووەنەوە لەگەڵ  نێچیرڤان بارزانی ئەنجام بدات.

تاوتوێكردنی هەڵبژاردن و پێشبینییەکان بۆ داهاتووی عیراق، ڕۆڵی یەكێتیی ئەورووپا لە دابینكردنی تیمی چاودێری بۆ هەڵبژاردن، پەیوەندییەکانی هەولێر ـ بەغدا و گرنگیی چارەسەرکردنی کێشەکان لەسەر بنەمای دەستوور، پرسی گۆڕانكاریی كەشوهەوا و كاریگەری لەسەر عیراق و هەرێمی كوردستان و سوودمەندبوونی هەرێمی كوردستان لە پرۆژەكانی یەكێتیی ئەورووپا لەمابەرەیەوە، لایەنێكی دیكەی كۆبوونەوەكە بوو.

زۆرترین بینراو