سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ باڵیۆزی نه‌مسا كۆبووه‌وه‌

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ باڵیۆزی نه‌مسا كۆبووه‌وه‌

به‌یانیی ئه‌مڕۆ چوارشەممە 2021/9/22 به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، پێشوازی له‌ به‌ڕێز ئۆسكار ڤوستنگه‌ر باڵیۆزی نه‌مسا له‌ ئوردن و عیراق كرد.

له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا باس له‌ په‌یوه‌ندیی دۆستانه‌ و له‌مێژینه‌ی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ نه‌مسا كرا و خواستی هاوبه‌شیان بۆ بره‌ودان به‌ په‌یوه‌ندییه‌كان له‌ هه‌موو بواره‌كاندا دووپات كرده‌وه‌، به‌تایبه‌تیش له‌ بواری ئاڵوگۆڕی بازرگانی و ده‌رفه‌تی كار و وه‌بەر‌هێنانی نه‌مساییدا له‌ هه‌رێمی كوردستان و عیراق. به‌ڕێز باڵیۆزی نه‌مسا هه‌روه‌ها خۆشحاڵیی خۆی به‌ ئاوه‌دانی و پێشكه‌وتنه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ده‌ربڕی و ستایشی ڕۆڵی پێشمه‌رگه‌ی له‌ تێكشكاندنی داعشدا كرد.

هه‌ردوولا تیشكیان خستە‌ سه‌ر كۆبوونه‌وه‌ی شاندێكی بازرگانیی نه‌مسایی كه‌ به‌ یاوه‌ریی به‌ڕێز باڵیۆزی نه‌مسا سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستانیان كردووه‌ و دوێنێ له‌ هه‌ولێر له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك له‌ بازرگانان و كۆمپانیاكانی هه‌رێمی كوردستان دیدار و كۆبوونه‌وه‌یان هه‌بووه‌ و له‌ ده‌رفه‌تی كار و هاریكاریی هاوبه‌ش و سه‌رمایه‌گوزاری و وه‌به‌رهێنانینان كۆڵیوه‌ته‌وه‌ و هیوایان خواست ببیته‌ هه‌نگاوی گه‌ڕانه‌وه‌ی كۆمپانیا نه‌مساییه‌كان بۆ هه‌رێمی كوردستان.

سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانی وێڕای ستایشی دۆستایه‌تی و پشتگیریی نه‌مسا له‌ گه‌لی كوردستان، ئاماژه‌ی به‌ یارمه‌تییه‌كانی نه‌مسا كرد به‌تایبه‌تیش كاتێك حه‌فتاكانی سه‌ده‌ی ڕابردوو یه‌كێك بوو له‌و وڵاتانه‌ی یه‌كه‌مجار ده‌رگای به‌ ڕووی په‌نابه‌رانی كوردستاندا كرده‌وه‌، هه‌روه‌ها گه‌شتی ڕاسته‌وخۆی ئاسمانیی هێڵی ئاسمانیی نه‌مسایی له‌نێوان هه‌ولێر و ڤییه‌ننادا به‌ پردێكی گرنگیی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ جیهانی ده‌ره‌وه‌ له‌ قه‌ڵه‌م دا.

چالاكییه‌كانی نوێنه‌رایه‌تیی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ ڤییه‌نا، په‌تای كۆڤیدـ19 له‌ هه‌رێمی كوردستان و نه‌مسا و چۆنیه‌تیی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی، شه‌ڕی دژی تیرۆر و هه‌ڕه‌شه‌كانی داعش، په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌ولێر ـ به‌غدا، په‌یوه‌ندییه‌كانی عیراق و هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ وڵاتانی دراوسێ و دۆخی ناوچه‌كه‌ به‌گشتی، چه‌ند لایه‌نێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوون.

زۆرترین بینراو