سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی له‌ به‌رپرسێكی باڵای سه‌ربازیی به‌ریتانیا كرد

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی له‌ به‌رپرسێكی باڵای سه‌ربازیی به‌ریتانیا كرد

زاری كرمانجی -  ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه ٢٠١٢/٥/٤ به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی له‌ به‌ڕێز مارشاڵ سامی سامپسۆن گه‌وره‌ ڕاوێژکاری به‌رگریی به‌ریتانیا بۆ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و باڵیۆزی به‌ریتانیا له‌ عێراق و شاندێکی یاوه‌ریان کرد.

له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا دوایین پێشهاته‌كانی شه‌ڕی دژی تیرۆر و مه‌ترسییه‌كانی سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی داعش، جموجووڵی چه‌كداری و چۆنیه‌تیی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی هه‌ڕه‌شه‌كانی، ئه‌ركی هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تیی دژی داعش له‌ عێراق و هه‌رێمی كوردستان، یارمه‌تی و هاوكاریی به‌ریتانیا و هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تی بۆ به‌هێزكردنی سیستمی به‌رگریی عێراق به‌ هه‌رێمی كوردستانیشه‌وه،‌ پته‌وكردنی هاوبه‌شی و هاریكاریی زیاتری سه‌ربازیی به‌ریتانیا و هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تی له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمی كوردستان تاوتوێ كران.

سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانی وێڕای ده‌ربڕینی سوپاس و پێزانین بۆ ڕۆڵی به‌ریتانیا و هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تی له‌ هاوكاری و پشتگیریكردنی عێراق و هه‌رێمی كوردستان بۆ تێكشاندنی داعش، جه‌ختی له‌ پێویستی عێراق و هه‌رێمی كوردستان به‌ به‌رده‌وامیی ئه‌رك و پشتگیری و هاوكاریی هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تی بۆ له‌ناوبردن و نه‌هێشتنی یه‌كجاره‌كیی داعش و مه‌ترسییه‌كانی كرده‌وه‌، هه‌روه‌ها سوپاسی هاوكاریی سه‌ربازیی به‌ریتانیای بۆ هه‌رێمی كوردستان له‌ڕووی مه‌شق و ڕاهێنانی پێشمه‌رگه‌ و ڕۆڵ و به‌شداری و پشتگیری له‌ چاكسازییه‌كانی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌دا‌ كرد.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا كه‌ به‌ڕێز كونسولی گشتیی به‌ریتانیا له‌ هه‌ولێر ئاماده‌ی بوو، شاندی میوان ستایش و پێزانینان بۆ ڕۆڵ و قوربانییه‌كانی پێشمه‌رگه‌ له‌ تێكشاندنی داعش ده‌ربڕی، هه‌روه‌ها گرنگیی بوونی میكانیزمێكی تۆكمه‌ی هاریكاری و هه‌ماهه‌نگیی نێوان سوپای عێراق و پێشمه‌رگه‌ به‌ پشتگیریی هێزه‌كانی هاوپه‌یمانان به‌تایبه‌تی له‌و ناوچانه‌ی بۆشاییی ئه‌منییان هه‌یه‌ دووپات كرایه‌وه‌ و باس له‌ دۆخی ناوچه‌كه به‌گشتی و چه‌ند بابه‌بێكی جێی بایه‌خی هاوبه‌ش كرا.‌

زۆرترین بینراو