سه‌رۆكی هه‌رێم نامه‌یه‌كی له‌ پاپای ڤاتیكانه‌وه‌ پێده‌گات

سه‌رۆكی هه‌رێم نامه‌یه‌كی له‌ پاپای ڤاتیكانه‌وه‌ پێده‌گات

زاری كرمانجی - ‌له‌ نامه‌یه‌كدا بۆ نێچیرڤان بارزانی، قه‌داسه‌تی پاپا فره‌نسیس پاپای ڤاتیكان سوپاسگوزاریی خۆی بۆ ئه‌و پێشوازییه‌ گه‌رمه‌ ده‌رده‌بڕیت كه‌ له‌ كاتی سه‌ردانیدا لێی كرا و ستایشی كولتووری پێكه‌وه‌ژیان و ته‌بایی و یه‌كترقبووڵكردنی نێوان ئایین و پێكهاته‌كان له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌كات.

پاشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 2021/4/12 به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌ شوێنی مانه‌وه‌ی له‌ به‌غدا پێشوازی له‌ به‌ڕێز میتیا لێسكۆڤار باڵیۆزی ڤاتیكان له‌ عێراق كرد.

له‌ دیدارێكدا به‌ڕێز باڵیۆزی ڤاتیكان خۆشحاڵی به‌ سه‌ركه‌وتنی سه‌ردانی قه‌داسه‌تی پاپا بۆ عێراق و هه‌رێمی كوردستان ده‌ربڕی و سوپاسگوزاریی خۆی بۆ به‌رنامه‌ و ڕێكوپێكیی ئاماده‌كاری و به‌ڕێوه‌چوونی سه‌ردانه‌كه‌ ده‌ربڕی. به‌ڕێز سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستانیش سه‌ردانه‌كه‌ی به‌ گرنگ له‌ قه‌ڵه‌م دا و دووپاتی كرده‌وه‌ ده‌بێ هه‌مووان له‌ عێراق سوود له‌ سه‌ردانه‌كه‌ و په‌یامه‌كانی وه‌ربگرن كه‌ په‌یامی ئاشتی و ڕێز و لێبورده‌یی بوون.

هه‌ردوولا جه‌ختیان له‌ گرنگیی پته‌وكردنی گیان و كولتووری ته‌بایی و پێكه‌وه‌ژیان و یه‌كترقبووڵكردن كرده‌وه‌ و سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانی دووپاتی كرده‌وه‌ كه‌ ئه‌وه‌ كولتوورێكی‌ دێرینی گه‌لی كوردستانه‌ و هه‌رێمی كوردستان وه‌ك هه‌میشه به‌ لانه‌یه‌كی ئارام بۆ هه‌موو ئایین و پێكهاته‌كان ده‌مێنێته‌وه‌.

له‌ دیداره‌كه‌دا به‌ڕێز باڵیۆزی ڤاتیكان نامه‌یه‌كی قه‌داسه‌تی پاپای گه‌یانده‌ سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانی، ئه‌مه‌ ده‌قه‌که‌یه‌تی:

جه‌نابی سه‌رۆك به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی ـ ی هێژا

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستانی عێراق

سڵاوێكی برایانه‌..

خۆشحاڵم سڵاوی برایانه‌م پێشكه‌ش به‌ جه‌نابتان بكه‌م و هیوای كامه‌رانی بۆ ئێوه‌ و گه‌لی خۆشه‌ویستتان بخوازم، هیوادارم خۆتان و ته‌واوی هاوكارانتان هه‌میشه‌ له‌ ته‌ندروستی و سه‌لامه‌تی و به‌خششدا بن.

حه‌ز ده‌كه‌م بۆ جه‌نابتان و ته‌واوی کاربه‌ده‌ستان له‌گه‌ڵ ئێوه‌ و هه‌موو گه‌لی عێراق، به‌تایبه‌تی دانیشتوانی خۆشه‌ویستی كورد، هه‌ستی قووڵی سوپاسگوزاریم بۆ ئه‌و پێشوازی و میواندارییه‌ گه‌رمه‌ ده‌رببڕم كه‌ له‌ خۆم و یاوه‌رانی منتان كرد، هه‌روه‌ها هیوادارم سڵاو و ڕێزم به‌ جه‌نابی به‌ڕێز مه‌سروور بارزانی، سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی كوردستانی عێراق بگه‌یه‌نن. سوپاستان ده‌كه‌م كه‌ خۆتان به‌شداریتان له‌ نوێژ و قوداسه‌كه‌ماندا له‌‌ یاریگای فره‌نسۆ هه‌ریری له‌ هه‌ولێر كرد، ئه‌وه‌ نیشانه‌ی گیانی ته‌بایی و لێبورده‌یی و برایه‌تی و مرۆییتانه‌.

ئه‌و ڕۆژانه‌ی له‌گه‌ڵ ئێوه‌دا به‌سه‌رم بردن، هه‌ستم كرد ئه‌و فره‌ئایینی، فره‌كولتووری و فره‌نه‌ته‌وه‌یییه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی عێراقی هه‌یه‌تی، پشتیوانییه‌كی گه‌وره‌ی ئێوه‌ و جیهانیشه‌. ئه‌مڕۆ چاوه‌ڕوانی له‌ عێراق ده‌كرێت بۆ هه‌مووان و به‌تایبه‌تی بۆ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست بسه‌لمێنێت كه‌ وێڕای هه‌موو جیاوازییه‌‌كانیش ده‌توانێت به‌ پێكه‌وه‌یی و پێكه‌وه‌هه‌ڵكردن هاوكار بێت له‌ بنیاتنانی ژیانی مه‌ده‌نی و پته‌وكردنی په‌یوه‌ندیی برایه‌تی و هاریكاری له‌پێناو چاكه‌ و ئاشتی و گه‌شبوونی هیوای داهاتوویه‌كی باشتردا.

جه‌نابی سه‌رۆك،

ده‌مه‌وێت سوپاسگوزاریی ڕاستگۆیانه‌م ده‌رببڕم بۆ هه‌موو ئه‌و کارانه‌ی ئه‌نجامتان داوه‌ و ئه‌نجامی ده‌ده‌ن له‌پێناو جێگیركردنی ئاشتیدا و هه‌موو ئه‌وه‌ی بۆ ئایین و پێكهاته‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ پێشكه‌شی ده‌كه‌ن. سوپاستان ده‌كه‌م و نه‌وه‌كانیش سوپاستان ده‌كه‌ن بۆ كاری باشتان له‌ خزمه‌تی چاكه‌ی گشتیدا.

له‌ خوای مه‌زن داواكارم پشتیوانی ئه‌ركه‌كانتان بێت و بۆ ڕیگه‌ی دانایی و دادگه‌ری و ڕاستی، ڕێنموونیتان بكات و ته‌ندروستی و سه‌لامه‌تی و پێشكه‌وتن و په‌ره‌سه‌ندنی به‌رده‌وامتان پێببه‌خشێت.

پاپا فره‌نسیس

15ی ئازاری 2021

ڤاتیكان

زۆرترین بینراو