لیژنه‌ی باڵای ئه‌منی هه‌ڵبژاردنه‌كان پلان و ئاماده‌كارییه‌كانی ڕۆژی هه‌ڵبژاردن تاوتوێ ده‌كات

لیژنه‌ی باڵای ئه‌منی هه‌ڵبژاردنه‌كان پلان و ئاماده‌كارییه‌كانی ڕۆژی هه‌ڵبژاردن تاوتوێ ده‌كات

زاری كرمانجی - ئه‌مڕۆ سێشه‌م به‌ سه‌رپه‌رشتی وه‌زیری ناوخۆی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، لیژنه‌ی باڵای ئه‌منی هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌ هه‌رێمی كوردستان كۆبووه‌وه‌ بۆ تاوتوێكردنی پلان و ڕێوشوێنه‌ ئه‌منییه‌كان له‌ ڕۆژانی هه‌ڵبژاردندا.

بڕیاره‌ ڕۆژی 10ی مانگی داهاتوو هه‌ڵبژاردنی گشتی بۆ په‌رله‌مانی عێراق له‌سه‌رجه‌م پارێزگاكانی عێراق و له‌نێویشیاندا پارێزگا و ئیداره‌ سه‌ربه‌خۆ و شار و شارۆچكه‌كانی هه‌رێمی كوردستان به‌ڕێوه‌بچیت، دوو ڕۆژ پێشتریش له‌ ڕۆژی 8ی مانگ هه‌ڵبژاردنی تایبه‌ت به‌ڕێوه‌ده‌چێ.

ڕێبه‌ر ئه‌حمه‌د وه‌زیری ناوخۆی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ تویتێكدا بڵاوی كرده‌وه‌: ئه‌مڕۆ سێشه‌م لیژنه‌ی باڵای ئه‌منی هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌ هه‌رێمی كوردستان به‌ ئاماده‌بوونی سه‌رجه‌م پارێزگار و ئیداره‌ سه‌ربه‌خۆ و به‌رپرسانی ده‌زگا ئه‌منییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان كۆبووه‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌ تاوتوێكردنی پلان و ڕێوشوێنه‌ ئه‌منییه‌كان له‌ ڕۆژانی به‌ڕێوه‌چوونی هه‌ڵبژاردنه‌كاندا.

هه‌روه‌ها بڵاوی كرده‌وه‌: له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا جه‌ختمان له‌ گرینگی پڕۆسه‌یه‌كی ئازاد و بێگه‌رد كرده‌وه‌.

وه‌زیری ناوخۆ هه‌روه‌ها له‌ تویته‌كه‌دا نووسیویه‌تی: حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان  سه‌رجه‌م ئه‌و ڕێكارانه‌ ده‌گرێته‌به‌ر بۆ ئه‌وه‌ی پڕۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌ كه‌شێكی ئارام به‌ڕێوه‌بچێ.    

زۆرترین بینراو