دیاردەی كۆچكردن زەنگێكی مەترسیدارە

هــــەژار ئەنوەر -  ڕاگەیاندنكار

 كۆچكردن بابەتێكە كە لەگەڵ یەكەم تەقەلاكان بۆ مانەوەو ژیاندا لە دایك بووە و بابەتێكە لە جێگای شیاوی خۆیدا پێویستە لە چەندین سۆنگەوە بدرێتە بەر باس و شیكردنەوە، لە سەدەی بیست و یەكدا كۆچ و كۆچبەری سێ هۆكاری سەرەكی هەیە، یەكەم: دۆخی ئابووریی ئەو وڵاتانەی كە دانیشتووانی كۆچ ئەكەن كە خەڵكەكەی لەبەر بێكاری و هەژاری و نەداری و بۆ گەیشتن بە ژیانێكی باشتر كۆچ ئەكەن، دووهەم: ئەو خەڵكانەن  لە لایەن دەسەڵاتدارانی وڵاتی خۆیان بە هەموو شێوازێك دەست درێژی دەكرێتە سەر ژیان و ماڵ و حاڵیان تەنیا لەبەر شێوازی بیركردنەوەیان و گوێ ڕایەڵ نەبوون بە دەسەڵات.
ناچارن ڕێگای هەندەران بگرنە بەر، وەكو زۆربەی هاووڵاتییانی وڵاتانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لەوانە وڵاتانی عەرەبی و ئێران. سێهەم: ئەو كەسانەن  بەهۆی شەڕی داسەپێندراوی نێوخۆیی و پاوانخوازیی دەسەڵاتداران و ئامادە نەبوونیان بۆ بەجێهێشتنی كورسی دەسەڵات، سەرەڕای هەموو ناڕەزایەتیەكی مەدەنیانە و ئاشتیخوازانەی دانیشتووانی ئەو وڵاتانە.
ئەگەر دۆخی كوردستان بخەینە بەرباس لێرەدا پرسیار ئەوەیە..ئایا كاروانێكی دیكەی فراوانی كۆچكردن بۆ وڵاتانی ئەوروپا دەستپێدەكاتەوە؟، بەڵێ بێگومان دەستیپێكردۆتەوەو بەردەوامیشە.. وەك دەبینین باروگوزەرانی هاووڵاتییان بەگشتی و مووچە خۆران بەتایبەتی ڕۆژ لەدوایی ڕۆژ بەرەو خراپی دەڕوات، لەنزیكەوە ئاگادارم و زانیاریم هەیە ڕۆژانە دەیان گەنج وڵات جێ دەهێڵن و خەڵكێكی ئێجگار زۆریش خەریكی فرۆشتنی ماڵ و خانو و ئۆتۆمبێڵەكانیان وە خەریكی مامەڵەكردنی ڤیزای ئەو وڵاتانەن كە دەتوانن پێیەوە دەربچن و بڕۆن، وەهەروەها هەندێكیان لە چاوەڕوانی كردنەوەی دەروازە سنوورییەكانی نێوان وڵاتی توركیا و وڵاتانی ئەوروپین كە هاوشێوەی ساڵی 2015 بەمەبەستی كۆچكردنی بەلێشاو بەرەو وڵاتانی ئەوروپا.
 بەم كۆچكردنەش هەرێمی كوردستان خەسارەتێكی مرۆیی و ئابووری لەدەست دەدات، لەوانە: بردنەدەرەوی پارەیەكی ئێجگار زۆری كۆچبەران كە لەئێستا دا خۆمان لە قەیرانێكی گەورەی دارایی ناوەخۆیی داین، نەمانی هێزی كار بۆ ئێستاو داهاتوو، بوونی كێشەی كۆمەڵایەتی جۆراوجۆر و كێشەی نەچوونە پرۆسەری هاوسەرگیری كچ كە ئێستا ئەم كێشەیە بەرۆكی چەند ووڵاتێكی جیهانی گرتۆتەوە، بگرە دەیان و سەدان كێشەی تر. ڕاستە لەگەڵ هاتنی كۆڕۆنا ڤایرۆس، جیهان بەگشتی و عێراق و هەرێمی كوردستان بەتایبەت توشی كێشەو گرفتی دارایی بوونە، بەڵام ئەوەیان خەمی حكومەتی هەرێمە كە بەدەنگ كێشەو گوزەرانی هاووڵاتیانی خۆی بچێت و چارەیەك بۆ مووچە و بژێوی هاوڵاتیانی بدۆزێتەوەو هەلی كار بۆ گەنجەكانی فەراهەم بكات بۆ ئەوەی سەرهەڵنەگرن و وڵات بەجێنەهێڵن، بەڵكو خزمەت بە وڵات و نیشتیمانیان بكەن و بمێنەوە لە وڵات.
لە كۆتایدا داواكارم لە لایەنی پەیوەندیدار ئەم بابەتە بەهەند وەربگیرێت و كاری پێویستی لەسەر بكرێت، چونكە سەرەنجام لەڕووی دیمۆگرافی و سیاسی و دیبلۆماسیشیەوە زیان بەر قەوارەی هەرێمی كوردستان دەگەیەنێت.

بابەتى پەیوەندیدار بیروڕا

زۆرترین بینراو