گەنجێكی رواندز پێنجەمە لەسەر ئاستی عێراق

گەنجێكی رواندز پێنجەمە لەسەر ئاستی عێراق

مەهدی محەممەد – رواندز :

 رێكەوتی 20ـ21/8/2021 پاڵەوانیەتی ساڵانەی لەش جوانی لەسەر ئاستی عێراق لەشاری بەغداد بەرێوەچوو، وەرزشوانێكی شاری رواندز، توانی لەم پاڵەوانیەتیە پلەی پێنجەم بەدەست بهێنێ.
جەبار رەحمان ی تەمەن 40 ساڵ لەدیمانەیەكی كورتی زاری كرمانجی باس لەبەشداریكردنی لەو پاڵەوانیەتیە دەكات و دەڵێ"پاڵەوانییەتیەكە لەژێر ناوی (لاوان و ماستەر) بۆ لەش جوانی یە و، ساڵانە لەسەر ئاستی عێراق لەشاری بەغداد بەرێوەدەچێ، ئەمساڵ بۆ یەكەم جار لەژیانی وەرزشی خۆم بەشداری لەوەها پاڵەوانیەتیەكدا بكەم، كە ئەویش لەسەر داواكاری هاورێ ئازیزم كاپتن وائیل بوو، من خۆم بۆ پاڵەوانیەتی هەولێر ئامادەكردبوو، كەچی ئەو داوای لێكردم بەشداری لە پاڵەوانیەتی بەغداد بكەم، ئیدی لەسەر داواكاری ئەو و هاندانی چەند برادەرێكی ترم بەشداریم كرد و توانیم پلەی پێنجەم بەدەست بهێنم و بڕوانامەی لەش جوانی عێراقم پێ بەخشرا"،
جەبار لەبەر خوێندنی زانكۆ و نەشتەرگەری ئەژنۆی بەهۆی پێكانەوە، ماوەی دوو ساڵ لەو وەرزش دوور دەكەوێتەوە، بەڵام دوایی ئەوە بە بەردەوامی خەریكی یاریكردنی لەش جوانی دەبێ، ئەو ئێستا مامۆستای وەرزشە لەیەكێك لە قوتابخانەكان و ئەندامی یانەی وەرزشی رواندزەو هەروەها راهێنەرە لەهۆڵی لەش جوانی، ئەو پێی وایە گەر مرۆڤ رووبەرووی هەر ناخۆشیی و شكستێك بهێت لەژیان، ناكرێ دەستبەرداری خەون و ئامانجەكانی بێ، بۆیە دەڵێ‌"لە سەخترین كاتەكانی ژیانم، هەمیشە هەوڵم بۆ سەركەوتن داوەو هیچ شتێك ساردی نەكردومەتەوە بۆ گەیشتن بە ئاواتەكانم، ئەو سەركەوتنەش هەر تەنها موڵكی خۆم نییە، بەڵكو ئی نیشتمان و شار و هاورێیانی ئازیزم كاك هەڵدێر سەردار خاوەنی پیشانگەی ڕەنگ لە سۆران كە لە رووی ماددییەوە هاوكارم بوو، هەروەها م. رێبوار و م.رێبەند لە مەشقی وەرزشیم زۆر هاوكارییان كردم، بۆیە من سوپاسگوزاری ئەوانم"، 
مامۆستا جەبار باس لە ئامانجی داهاتووی خۆی و ئاست و رەوشی وەرزشی لەش جوانی دەكات لە كوردستان و دەڵێ‌"دەمەوەێت پەرەی زیاتر بە وەرزشی لەشجوانی بدەم و یاریزان ئامادە بكەم بۆ پاڵەوانیەتی و خۆشم بەژداری پاڵەوانیتی گەورەتر بكەم بۆ ئەوەی ساڵانە پلەی باشتر بەدەست بهێنم، هەروەها لەرووی ئاستی وەرزشی لەشجوانی، لەئێستادا بەرەوپێشچوونێكی زۆر هەیە لەو یارییەدا و گەنجان بە تامەزرۆوە روو لە هۆڵەكان دەكەن، بەڵام لەرووی پاڵپشتی و هاوكاریكردنەوە، بە جیاوازتر لەگەڵ وەرزشەكانی تر زۆر كەمە، چونكە ئەم وەرزشە جگە لەماندووبوون، لایەنی ماددی  و خەرجی زۆر دەوێت و لە پاڵەوانیەتیەكانیش هیج پاداشتێكی ئەو تۆ بۆ وەرزشوان نییە جگە لە مەدالیایەك و بڕوانامەیەك، بۆیە هیوادارم یەكێتیی لەشجوانی كوردستان و عیراقیش ئەوە لەبەرجاو بگرن و هاوكاری یاریزانان بكەن لەكاتی سەركەوتندا".

زۆرترین بینراو