ئیمێنکی: هەموو هەوڵەکانی نێچیرڤان بارزانی بۆ پاراستنی قەوارەی هەرێم و گەلی کوردستان و دەسکەوتەکانن

ئیمێنکی: هەموو هەوڵەکانی نێچیرڤان بارزانی بۆ پاراستنی قەوارەی هەرێم و گەلی کوردستان و دەسکەوتەکانن

زاری كرمانجی - لە درێژەی وێبینارەکانی هەفتانەی لقی شەشی ئەورووپای پارتی دیموکراتی کوردستان، جەعفەر ئیمێنکی ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی و سەرۆکی بۆردی ڕاوێژکارانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بابەتێکی دەربارەی داینامیزمی دەوڵەتداری و دیپلۆماسیەت لە هەنگاوەکانی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشکەش بە ژمارەیەکی بەرچاوی کادیرانی پارتی لە ناوەوە و دەرەوەی کوردستان کرد. 

جەعفەر ئیمێنکی، ئاماژەی بەوە دا کە دیپلۆماسیەتی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، سەنگین و ڕاستگۆ و سەردەمیانەن و شەفافیەت و بەردەوامی تێدایە و دەتوانێت ئامانجەکانی بپێکێت، هەروەها توانیویەتی بەرژەوەندییەکانی هەرێم تا ڕادەیەکی زۆر باش بپارێزێت.

سەرۆکی بۆردی ڕاوێژکارانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، تیشکی خستە سەر ئەوەی کە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەراست چاوەڕێی ڕووداو و گۆڕانکاریی گەورەن، بە تایبەت لە دوای دەستبەکاربوونی ئیدارەی سەرۆکی ئەمەریکا جۆ بایدن، هەروەها ئەو رووداو و گۆڕانکاریانە دوور یان نزیك کاریگەرییان لەسەر هەرێمی کوردستاندا دەبێت، بۆیەش پەیوەندییەکان و دیپلۆماسیەتی سەرۆکی هەرێم لەو کات و ساتە ناسکانەدا، ڕۆڵی کاریگەری دەبێت بۆ پاراستنی هەرێم لە هەر ئەگەرێکی نەخوازراودا. 

گوتیشی: "لەو سۆنگەیەشەوە سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەموو کات و هەوڵەکانی خۆی چڕ کردۆتەوە لەسەر ئاستی ناوەخۆ و ئیقلیمی و جیهانی، هەروەها ئەو هەوڵە دیپلۆماسیانەی بەڕێزیشیان بەردەوام دەبن بۆ ئەوەی کێشە ناوەخۆییەکان چارەسەر بکرێن و هەرێم بەهێزەوە ڕووبەڕووی تەحەدیاتە چاوەڕوانکراودا ببێتەوە. پێویستە ئەوەی ئێستا هەمانە بیپارێزین تا ئەو قۆناغە سەختە تێدەپەڕێنین."

هەر لە درێژەی وێبینارەکەدا، چەندین بابەت و پرسی گرینگ ورووژێنران، جەعفەر ئیمێنکی ئاماژەی بەوەدا کەوا سەرکەوتنی هەوڵەکانی سەرۆکی هەرێم بۆ چارەسەرکردنی جیاوازییە ناوەخۆییەکان، وا دەکات کەوا هەرێم بەهێزەوە مامەڵە لەگەڵ بەغدا و دەوروبەردا بکات، ئەوەشە وا دەکات کەوا پرسی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم ئاسایی بکرێنەوە و ماددەی ١٤٠ جێبەجێ بکرێت. گوتیشی: "ئەگەر پەیوەندییەکانمان لەگەڵ بەغدا دەستووری بن، ئەوا هیچ کێشە و گرفت نامێنێت. بە داخەوە بەغدا دەستوری پەراوێز کردووە. بەغدا بەدوای چارەسەری کێشەکان ناگەڕێت، بەڵکو کار لەسەر ئاڵۆزترکردنیان دەکات."

دەربارەی پرسی شنگالیش، جەعفەر ئیمێنکی گوتی: "ئاساییکردنەوەی شنگال پێویستی بە ڕێککەوتن نییە لەگەڵ بەغدا. دەبووایە ئەو هەموو کارەساتانەی کەوا شنگال پێیدا تێپەڕیوە، زەمینەیەکی باشی بۆ حکوومەتی ئیتیحادی دروست کردبا، بۆ ئەوەی خۆی بە ئەرکی خۆی هەڵسێت. خەڵکی شنگال پێویستی بە حەشد و میلیشیا و پەکەکە نییە، بەڵکو پێویستیان بە کەشێکی ئارام و ئەمن و ئاسایش هەیە."

دەربارەی پەیوەندییەکانیش لەگەڵ بەغدا گوتی، واقیعی ئێستا ئەوەیە کەوا دەبێت لەو بارودۆخەدا پەیوەندییەکی باشمان لەگەڵ بەغدا هەبێت و کار لەسەر چارەسەرکردنی کێشەکان بکەین. گوتیشی، چوونمان بۆ بەغدا مانای ئەوە نییە کە تەسلیمی عیراق بووینە، بەڵکو هەوڵدانە بۆ ئەوەی جارێکی تر ئەو دەستوورەی کە هەموومان دەنگمان پێی داوە، بکەینە یەکلاکەرەوە و سەرچاوەی چارەسەرکردنی کێشە و گرفتەکانی نێوانمان.

دەربارەی سەردانەکانی نێچیرڤان بارزانیش بۆ لای لایەنە سیاسییەکانی هەرێم، ئیمێنکی گوتی، ئەو سەردانانە هەنگاوی راست و موژدەبەخشن، هەروەها ئومێدێكی باشیان داوەتە خەڵکی کوردستان، هاوکات دووبارە متمانە لە نێوان سەرۆکایەتییەکان و لایەنە سیاسییەکان و خەڵکی کوردستان دروست دەکاتەوە، ئەمە جگە لەوەی کە یەکدەنگی لە هەرێم بەهێزتر دەکات و زەمینە بۆ نووسینەوە و تێپەڕاندنی دەستووری هەرێم ساز دەکات.

زۆرترین بینراو