بڕیاری قه‌ده‌غه‌ی هاوردەکردنی به‌شێک له‌ به‌روبوومه‌کان چووه‌ته‌ بواری جێبه‌جێکرنه‌وه‌

بڕیاری قه‌ده‌غه‌ی هاوردەکردنی به‌شێک له‌ به‌روبوومه‌کان چووه‌ته‌ بواری جێبه‌جێکرنه‌وه‌

زاری كرمانجی - وه‌زاره‌تی کشتوکاڵی هه‌رێم له ‌ڕێی پلانێکی تۆکه‌مه‌وە، به‌پێی وه‌رزی پێگه‌یشتنی به‌روبوومه‌کان ڕێگری له‌ هاتنه‌ ناوه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌و به‌روبوومانه‌ ده‌کات که‌ ‌ئێستا له‌سه‌روبه‌ندی پێگه‌یشتندان. وته‌بێژی وه‌زاره‌تی کشتوکاڵی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستانیش ده‌ڵێت، سه‌پاندنی باج له‌سه‌ر به‌روبوومی ده‌ره‌کی و به‌پیشه‌سازیکرن و به‌بازاڕکردنی به‌روبوومه‌ ناوخۆیییه‌کان له‌ گرنگترین ئه‌و ڕێکارانه‌ن که‌ گیراونه‌ته‌ به‌ر بۆ پاراستنی به‌رهه‌می جووتیاران و له‌ 1ی مانگی 4ی ئه‌م ساڵه‌وه‌ پلانه‌که‌ چووه‌ته‌ بواری جێبه‌جێکردنه‌وه‌.

حوسێن حمه‌ که‌ریم، وته‌بێژی کشتوکاڵی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان، به ‌ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگه‌یاند: "هاوشێوه‌ی ساڵانی ڕابردوو، وه‌زاره‌تی کشتوکاڵ باجی له‌سه‌ر هه‌موو ئه‌و به‌روبوومانه‌ داناوه‌ که‌ له‌ هه‌رێمی کوردستان له‌ قۆناغی پێگه‌یشتندان؛ له‌وانه‌ به‌رهه‌می خه‌یار، سه‌وزه‌ و میوه‌کان. له‌داهاتوشدا به‌پێی وه‌رزی پێگه‌یشتن و هاتنه‌ ناوی هه‌ر به‌رهه‌مێک لەلایه‌ن جووتیاران و به‌پێی ئه‌و خشته‌یەی له ‌وه‌زاره‌تی کشتوکاڵ دانراوه‌ باج ده‌خرێته‌ سه‌ریان، بێگومان ڕێژه‌ی سه‌پاندنی با‌جه‌کانیش به‌پێی جۆر و بڕی به‌رهه‌مه‌کان ده‌گۆڕێت، جێبه‌جێکردنی پلانه‌که‌ به‌رده‌وام ده‌بێت تاوه‌کوو کۆتاییهاتنی وه‌رزی به‌روبوومه‌کان، هه‌موو ئه‌مانه‌ تا ڕاده‌یه‌کی باش توانیویه‌تی پارێزگاری له ‌به‌رهه‌می ناوخۆ بکات".

گوتیشی: "بره‌ودان به ‌به‌رهه‌می ناوخۆ و پاراستنی به‌رهه‌می جووتیاران ته‌نها به‌ سه‌پاندنی باج ناکرێت، به‌ڵکوو ئه‌وه‌ی گرنگه‌ به‌ پیشه‌سازیکردن و به‌بازاڕکرنی ته‌واوی ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ ده‌بێت که‌ له‌ پێویستی ناوخۆ زیادن، هه‌ر بۆ نموونه‌ ئێستا کارگه‌ی دۆشاوی ته‌ماته‌ له‌ هه‌ریر و هەڵەبجه‌ و له‌ سیروان ئێستا بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ له‌ کاردان و به‌فعلی به‌رهه‌می جووتیاران وه‌رده‌گرن‌، ئێساش له‌ نوێترین هه‌وڵماندا له‌گه‌ڵ کارگه‌کانی جبس و په‌تاته‌ فشاره‌کانمان زیاد کردووه‌ تاوه‌کوو به‌رهه‌می ناوخۆ به‌کار بهێنن، به‌تایبه‌تی په‌تاته‌. جگه‌ له‌وه‌ش، پیشه‌سازیی خۆراک و له‌قوتوونان ئه‌گه‌ر که‌رتی تایبه‌ت هاوکارمان بێت، له‌وانه‌ وشککردنه‌وه‌ی به‌رهه‌مه‌کان و درووستکرنی مره‌با و شه‌ربه‌ت لێیان، چونکه‌ ئه‌مه‌ وا ده‌کات کۆی به‌رهه‌مه‌کان وه‌به‌رهێنانیان تێدا بکرێت و دواجاریش به ‌سوودی به‌رهه‌می ناوخۆی و جووتیاریش بشکێته‌وه‌".

وته‌بێژی وه‌زاره‌تی کشتوکاڵی هه‌رێم ده‌شڵێت: "یه‌کێکی دیکه‌ له‌و ڕێگایانه‌ی که‌ ده‌توانرێت له‌ پاراستنی به‌رهه‌می خۆمان سوودی لێ وه‌ربگرین بنبڕکردنی ڕێگا قاچه‌خه‌کانه. به‌داخه‌وه‌ هه‌ندێک جار به‌روبوومێک قه‌ده‌غه‌ ده‌کرێت، کەچی ده‌بینرێت له ‌لایه‌کی دیکه‌وه‌ به‌ قاچاخ هاتووەته‌ بازاڕه‌کانەوە. بۆ ئه‌مه‌ داوامان له ‌ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێم کردووه،‌ خۆشبه‌ختانه‌ ئه‌وانیش له‌ ڕێگه‌ی خۆیانه‌وه‌ گشتاندنیان بۆ وه‌زاره‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌کان کردووه‌ که‌ هاوکار بن له‌م ڕووەوە، چونکه‌ وه‌زاره‌تی کشتوکاڵ وه‌زاره‌تێکی خه‌ده‌مییه‌، بابه‌تی بنبڕکردنی دیارده‌ی قا‌چاخ له ‌ده‌سه‌ڵاتی وه‌زاره‌تی ناوخۆ و ئاسایش و وه‌زاره‌تی داریی و دامه‌زراوه‌ په‌یوه‌ندیاره‌کانی دیکه‌ی تایبه‌ت به‌م به‌باتدا‌‌یه‌، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر بێت و ئه‌م پلانه‌ی که‌ وه‌زاره‌تی کشتوکاڵ دایناوه‌ وه‌ک خۆی جێبه‌جێ بکرێت و ئیعتمادمان له‌سه‌ر به‌رهه‌می ناوخۆ بێت، ئه‌وا ئه‌و گرفتانه‌ی ساڵانه‌ بۆ به‌رهه‌می جووتیاران درووست ده‌بوو، له‌مساڵدا دووباره‌ نابنه‌وه‌".

سه‌باره‌ت به‌ که‌مکردنه‌وه‌ی ئاسه‌واره‌کانی وشکه‌ساڵییش، وته‌بێژی وه‌زاره‌تی کشتوکاڵ گوتی: ''پلانی خۆمان پێشکه‌شی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێم کردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بوودجه‌مان بۆ ته‌رخان بکرێت، چاوه‌ڕێی وه‌ڵامی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانین له‌و ڕووه‌وه‌، یه‌کێکی دیکه‌ له‌ ڕێگه‌کان درووستکردنی نۆ به‌نداوه‌ له‌ هه‌رێمی کوردستان که‌ به‌ خۆشحاڵییه‌وه‌ هه‌نگاوه‌کان بۆ جێبه‌جێکردنیان ده‌ستی پێ کردووه‌، جگه‌ له‌مانه‌ش، ڕێگه‌مان داوه‌ به‌ هاورده‌کردنی جۆ،  ئالیک".

زۆرترین بینراو