كارگەی ریسایكلین بۆ سۆران زۆر پێویستە

سامناك تەحسین
پاشماوەی ماڵان بریتییە لە پاشماوەی ئەو پێداویستیانەی كە مرۆڤ لە ژیانیدا بەكاری دەهێنێت، لە خواردن و خواردنەوە پێداویستیانەی جوانكاری و یاری منداڵان، ئەمجۆرە پاشماوانەش زوو  دەبنە هۆی بڵاوبونەوەی كۆمەڵێك نەخۆشی بەتایبەتی ئەو ناوچەی كە پاك نەكراونەتەوە. هەروەها پاشماوەكان فرێدەدرێن بەبێ رەچاوكردنی هیچ مەرجێك، هەروەها پاشماوەكانی دیكەی پلاستیك و كەل و پەلی ماڵ و دووكانەكان و كارگەو شوێنەكانی دیكەش بەهەمانشێوە كاریگەری خراپیان دەبێت بۆ سەر ژینگە و دیمەنێكی ناشارستانیش دەبەخشنە ئەو شوێنانەی كە ئەم پاشماوانەیان لێ كۆدەكرێتەوە.
بۆ ئەمەش پێویستە لە كوردستان هاوشێوەیەی وڵاتان رێگە چارەی پێویست و گونجاو بگیرێتەبەر، بۆ بنبڕكردنی ئەم پاشماوانە بەشێوەیەكی تەندروست و دووبارە بەكارهێنانەوەیان.
ئەگەر باس لە ناوچەیەكی وەك ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بكەین واتە سنووری هەر چوار قەزای (رواندز، سۆران، چۆمان، مێرگەسۆر) بەهۆی نەبوونی كارگەیەكی دووبارە بەكارهێنانەو (ریسایكلین) تا ئێستا نەتواندراوە پاشماوەكان لێكجیا بكرێنەوەو دووبارە سوودیان لێوە بگیرێتەوە، هەرچەندە دەزگاكانی شارەوانیی و كۆمپانیای  پاپا گروپ  هەموو كات لە هەوڵ  و ماندووبوون دان بۆ كەمكردنەوەی ئەو مەترسیانەی لە ئەنجامی پاشماوەی ماڵان دروست دەبن و دوای كۆكردنەوەو گواستنەوەیان بۆ شوێنێكی دیاریكراو، هەموو ئەو پاشماوانە بە شێوەی  بن گڵ كردن و بەشێوەی  سووتاند لەناو دەبرێن، ئەوەش زۆربەی جاران دەبێتە هۆی دروستبوونی توكەڵی پیس و زیان گەیاندن بە تەندروستی دانیشتووانی نزیكی شوێنی فڕێدانی زبڵ و خاشاكەكان، زۆرجاریش لە ناكاو ئەم زبڵ و خاشاكانە دووچاری سووتان دەبنەوەو چەندین رۆژ هەوڵی كۆنتڕۆڵكردنی ئاگرەكەی دەدرێت.
بۆ چارەسەركردنی گرفتی خاشاك و پاشماوەكان بوونی كارگەیەكی دووبارە بەكارهێنانەوە (ریسایكل) زۆر بە گرنگ و پێویست دادەنرێت، چونكە هەم دەبێتە هۆی پاكڕاگرتنی شارو دەستەبەركردنی ژینگەیەكی تەندروست هەم دووبارە سوود لەو پاشماوانە وەردەگیرێتەوە، ئەمەش كاریگەری دەبێت لەسەر ئابووری ناوچەكەو رەخساندنی هەلی كار بۆ دەیان كەس و پاك راگرتنی ژینگە.
شێوازی مامەلە كردن لەگەڵ پاشماوەكانیش دەبێ بەپێی جۆر و مەترسییەكانی بێت بۆ نموونە، ناشێ پاشماوەی نەخۆشخانەكان كە هەموویان لە دەرمانی ماوەبەسەرچوو، یا پاشماوەی نەشتەرگەرییەكانە وەك پاشماوەكانی دیكە مامەلەی لەگەڵ بكرێت، لەبەر ئەوەی دەبێتە هۆی مەترسی بۆسەر گیانی هاووڵاتیان و بڵاوبوونەوەی نەخۆشی مەترسیدار.
ئیتر كاتی ئەوە هاتووە هۆشیاری فڕیدانی پاشماوەش لە نێو هاووڵاتیان بڵاوبكرێتەوەو و جۆڕەكانی پاشماوە لە یەكتر جیابكرێنەوە، بۆ نموونە ئاسن، شوشە، كاغەز و نایلۆن لە یەكتر جیا بكرێنەوە، تا ئاسانتر بتواندرێت سوودی لێوەربگیرێت.
بۆیە پێشنیار دەكەم بەرپرسانی ئیدارەی سەربەخۆیی سۆران پەلە بكەن لە دامەزراندنی كارگەی ریسایكلین. 

بابەتى پەیوەندیدار بیروڕا

زۆرترین بینراو