وەزیری تەندروستی: جۆری کۆرۆنای دێلتا تۆمار کرا.. مەترسییەکە بۆ سەر هەمووانە

وەزیری تەندروستی: جۆری کۆرۆنای دێلتا تۆمار کرا.. مەترسییەکە بۆ سەر هەمووانە

 

زاری كرمانجی - وەزیری تەندروستی ئاشکرای کرد، جۆری کۆرۆنای دێلتا لە هەرێمی کوردستان تۆمار کراوە.

د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا گوتی: "بەگوێرەی راپۆرتی هەفتانە کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان روو لە هەڵکشانە، بەراورد بە چەند هەفتەیەک بەر لە ئێستا، لە رووی تووشبوون و مانەوە و لە نەخۆشخانە و چاودێری چڕ دوو هێندە زیادیکردووە".

گوتیشی: "جۆری کۆرۆنای دێلتا لە هەرێمی کوردستان تۆمار کراوە، دوای بەدواداچوون و پشکنین گومانەکان پشتڕاست کرانەوە، هەروەها تاقیگە گشتییەکانی هەرێمی کوردستان توانای دەستنیشان کردنی جۆری کۆرۆنای دێلتایان هەیە، وەک تەندروستی هەرێم بۆ یەکەمجار لەسەر ئاستی عێراق توانیومانە ئەو جۆرەی کۆرۆنا دیار بکەین".

وەزیری تەندروستی ئەوەشی خستەڕوو: "بەگوێرەی راپۆرتەکان ئەو جۆرەی کۆرۆنا خێراتر بڵاودەبێتەوە، بۆیە ئومێد دەکەم هەموو لایەکمان خۆپارێزی دەستپێبکەینەوە و خۆمان لە گردبوونەوە و شوێنە قەرەباڵغەکان بپارێزین".

راشیگەیاند: "وەک وەزارەتی تەندروستی نیگەرانین لەوەی ئێستا هاووڵاتییان لە شوێنە گشتییەکان ماسک نابەستن و خۆیان لە کۆرۆنا ناپارێزن، داواکارین جارێکی دیکە هەموومان رێکار و رێنماییەکان جێبەجێ بکەین، چونکە مەترسییەکە بۆ سەر هەمووانە".

زۆرترین بینراو