گەنجان ئومێدیان بە كابینەی نۆیەمی حكومەتی كوردستانە

گەنجان ئومێدیان بە كابینەی نۆیەمی حكومەتی كوردستانە

زاری كرمانجی – مەهدی محەممەد : چاكسازییەكانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئومێدبەخش بوونە بۆ گەنجان و پێیان وایە هەنگاوەكان گرینگ و لەجێگەی خۆیانن، لەگەڵ ئەوەشە خوازیارن كارنامەی حكوومەت بۆ خزمەتكردن و بەهێزكردنی ژێرخانی ئابووری، ڕەنگدانەوەی خواست و داواكاری هاونیشتمانیان بێ.
بەشێك لە گەنجانی دەڤەری سۆران لە رێگەی زاری كرمانجی یەوە كۆمەڵێك پێشنیار و داواكاری دەخەنە روو بۆ ئەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەبەرنامەی كاری ئایندەی خۆیدا جێگەیان بۆ بكاتەوەو كارییان لەسەر بكات.
هەژار ماهر عبدالرحمن چالاكوان لە بواری ژینگەیی، سوپاسگوزاری كابینەی نۆیەمی حكومەتی كوردستانە، كە جوانترین و باشترین دیاری پێشكەشی خەڵكی سۆرانی كردووە بە كردنی بە ئیدارەی سەربەخۆ، بۆیە لەو روانگەوە كۆمەڵێك داواكاری و پێشنیار دەخاتە روو بۆ ئەوەی ئیدارەی سەربەخۆیی سۆران سەركەوتوو بێ و دوور بێ لەهەر كەموكوڕییەك و دەڵێ‌"مەبەست لە دامەزراندنی ئیدارەی سەربەخۆیی سۆران، كەمكرنەوەی روتینیات و ئاسانكاری زیاتر بوو بۆ ڕایی كردنی مامەڵەكانی هاوڵاتیان، بەڵام ئەوەی گرنگە دانانی كەسانی ئەكادیمی و لێهاتوون بۆ بەڕێوەبردنی ئیدارەكە، كە خۆی دەبینێتەوە لە سەرپەرشتیار و بەڕێوەبەرە گشتیەكان، بۆ پڕكردنەوەی ئەم پۆستە ئیداریانەش پێویستە سوود لە هێز و تواناو ئەزموونی گەنجانی دەڤەرەكە وەربگیرێت، بۆ ئەوەی ئەو فشارە زۆرەی سەر حكومەت لە گەنجی بێكار كەمبكرێتەوە"، هەژار ئەوەش دەڵێ‌"ئەم دەڤەرە بە هەر چوار قەزاكەوە، خاوەنی گەنجگەلێكی تەژی لە ئەزموون و هێزەو لەوانەیە لەسەر ئاستی كوردستان نموونەی نەبێت یان كەم بێت، بەڵام پێویستی بە هاندان و پشتگیری زیاترە، بۆیە پێویستە حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ڕێگەی دەستەی وەبەرهێنانەوە كار بۆ وەبەرهێنانی زیاتر بكات، چونكە دەستی ئاوەدانی وەك پێویست بەم ناوچەیە نەگەیشتووە، پێویست بوو مۆڵ و هۆتێل و مۆتێل زیاتر دروست بكرێت بە ئامانجی سوودمەندبوونی گەنجانی دەڤەرەكە، هەروەها ئەو ناوچە گەشتیارییانەی لەم دەڤەرە هەن بۆ بوژانەوەی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و كەم كردنەوەی بێكاری، هێزی گەنج وەگەر بخرێت". 
هەژار كە خۆی بەرپرسی رێكخراوێكی پاراستنی ژینگەیە لە سۆران بە ناوی (وار)، زیاتر تەركیز لە سێكتەری ژینگە دەكاتەوەو دەڵێ‌"بەداخەوە سێكتەری ژینگە فەرامۆش كراوە، بە تایبەتی تاوەكو ئێستا فەرمانگە یان بەڕێوەبەرایەتی یان بنكەیەكی تایبەت بە ژینگە لەم دەڤەرەدا بوونی نیە، ئەمە لە كاتێكدایە كە دوو ناشناڵ پارك لەم دەڤەرە هەیە، ئەوانیش (ناشناڵ پاركی بارزان) و (ناشناڵ پاركی هەڵگۆرد سەكران)، كەچی پێشلكارییە ژینگەیەكان رۆژ بە رۆژ زیاترن، یەكێك لە هۆكارەكانی ئەو پێشڵكاریەش دابەش نەكردنی سوتەمەنی یە بەسەر هاووڵاتیان لەكات و ساتی خۆێدا، ئەمەش ڕێگە خۆشكەرە بۆ بڕینەوەی دارودرەخت، لەگەڵ ئەوەش وەك پێویست گرنگی نادرێ بە یاسا ژینگەییەكان و لێكۆڵینەوە لە سەرپێچیكاران ناكرێ، پێویستە ئەم بنەمایانە لە ئەولەویەتی كارەكان بێت بۆ ئەوەی ئەم سروشتە جوانەی ئیدارەی سەربەخۆیی سۆران پارێزراوتر بێت، كە ساڵ بە ساڵ هەرەشەی لە ناوچونی لەسەرە". 
هەژار بەم چەند داواكارییە، كۆتایی بە قسەكانی خۆی دەهێنێت و دەڵێ‌"گرنگی زیاتر بە توێژی گەنجان بدرێت، بەپێی تواناو پێداویستی دەڤەرەكە هەڵی كاریان بۆ بدۆزرێتەوە، چ لە كەرتی تایبەت یان كەرتی گشتی، هەروەها پێویستە ئاوڕێ جدی لە سێكتەری ژینگەو هەردوو كەرتی گەشتوگوزار و كشتوكاڵ بدرێتەوە، كە بە كۆڵەكەی پتەوی هەر كۆمەڵگە و وڵاتێك دادەنرێن لە دوای نەوت، بەتایبەت كە ژینگەو خاك و كەش و هەوای ئەم ناوچەیە لە بارتر و دەوڵەمەند ترە بۆ ئەم بوارانە".
رەسول حەمەد مەجید وەك گەنجێك كە پێشتر رێگەی هەندەرانی تاقیكردۆتەوە، داواكارە لە حكومەتی هەرێمی كوردستان كار لەسەر ئاشتكردنەوەی گەنجان بكات، تاكو لەوە زیاتر نیشتمان جێ نەهێڵن و لە دەرەوەی نیشتمانی خۆیان بە دوای هێنانەدی ئامانج و خەونەكانیان نەگەڕێن، ئەو دەڵێ‌"تكایە لەوە زیاتر ڕێگە مەدەن ئەو سەرمایە مرۆییە، هەناردەی وڵاتان بكرێت".
زیاتر قسە لەسەر كۆچی گەنجان دەكات و دەپرسێ"وا خەریكە كۆچی بەڵێشاوی گەنجان كەمەری نیشتمان دەشكێنێت، ئەرێ بەجدی كاتی ئەوە نەهاتووە، لە خۆتان بپرسن ئەو هەموو كۆچەی گەنجان بۆچی ؟ ئایا هیچ بیرتان لەوە كردۆتەوە، لە ئایندە دا، لافاوی ئەم كۆچە پێستی نیشتمان دائەماڵێت و، ئێسقانەكانیشی بە ئاسان دەكەوێتە دەمی كەمتیارەكانی دوێنێو و ئەمڕۆ و بەیانی ؟!"،
رەسول بە باسكردنی چەند خاڵێك، خوازیارە حكومەتی كوردستان لە كاریگەرییەكانی كۆچی گەنجان بۆ دەرەوەی نیشتمان ئاگادار بكاتەوەو دەڵێ‌" گومان لەوەدانیە لێكەوتەو دەرئەنجامەكانی ئەم كۆچەی گەنجان لە ئایندەیەكی نزیكدا، دەمانگەینێتە بەردەم تونێلی تاركیدا، دەرئەنجامەكانی تەواو مەترسیدارەو روحی نیشتمان هەڵەتەكێنێت، كە كارلێك و كاریگەریەكانی ڕووبەڕووی چەندین كێشەمان دەكاتەوە كە بەشێكیان ئەمانەن...
1ـ وەستانی سوری دارایی و لەكاركەوتنی میكانیزمەكانی بازار، كە بەشی زۆری توێژی گەنجە داینەمۆ و هەڵسورێنەری بازارەو كە لە ڕێگەیی نەمانی خواستی زۆری بۆ بەكاربردن و، سستبوونی بنەماكانی ئابوری.
2ـ لاسەنگبوونی تەرازوی رەگەزیی، بەهۆیی زۆری كۆچی رەگەزی (نێر) و مانەوەی رەگەزی (مێ)، كە لەگەڵ كۆچی هەر تاكێك لە ڕەگەزی( نێر) بەشێك لەخەونەكانی رەگەزی بەرامبەریشی لە بەینەچێت و دەبێتە هۆكاڕێك بۆ هەڵواسینی پڕۆسەی هاوسەرگیری بەدیواری چاوەڕوانی دا و نەگەیشتن بە خەونی دروستكردنی خێزانێك، كە وەچەیەكی نوێ لێ بەرهەم بێت و ، پێشكەش بە وڵاتی بكات، تاكو نیشتمانمان لە ئایندەدا هەواركۆڕ نەبێت.
3ـ گەنجانی ئەمڕۆ تەوقی پەیوەندین لە نێوان نەوەی دوێنی َو، ئەمڕۆ و بەیانی، شكانی ئەم تەوقە دەبێتە هۆی بەدحاڵیبوون و بەریەككەوتنی فیكرو تێڕوانینی دژ بە یەك و دروستبوونی دوو جەمسەری ڕەتدانەوەی بیرو باوەڕو تێڕوانینەكانی یەكتری لە مومارەسەی حەیاتدا، گرژبوونی نێوانیان تا ئاستی روبەروبونەوەی توندو، لەگەڵ زۆربوونی ڕوداوی كوشتن".
رەسول هێما بۆ چەند پلانێك دەكات، كە دەكرێ ببەنە بەربەستێك لەهەمبەر كۆچكردنی گەنجان و هۆكارێك بن بۆ ئاشتكردنەوەیان بە نیشتمان"لێرەدا كاتی ئەوە هاتووە كابینەی 9 حكومەتی هەرێمی كوردستان، حاكمی یەكەمی وڵات لە چوارچێوەی ئەو بەرپرسیاریەتەیی كە لە ئەستۆیدایە، سنورێك بۆ ئەم كۆچە دابنێت و بەهاوكاری دامودەزگاكانی حكومەت و، ڕاوێژكردن بە پسپۆڕانی بواری كۆمەڵایەتی و دەست نیشانكردنی هۆكارەكان و، دانانی رێگەچاری دروست بۆ دەست گرتن بەم سەرمایە بەنرخە، من پێم وایە بە ئەنجامدانی ئەم چەند پلانە، حكومەت دەتوانی بەربەست لەبەردەم گەنجان دروست بكات و وایان لێبكات بیر لە جێهێشتنی نیشتمان نەكەنەوە،  
1ـ لە بازنەیی جوگرافیایی هەر قەزاو ناحیەیەك، پارچەیەك زەوی لەو زەویانەی كە موڵكی گشتین و ئەو بەرپرس و كەسێكی دەست رۆیشتوو بەهەر هۆكارێك بێت داگیریان كردوون، كە لە هەر دۆنمێك زەوی 17 پارچە زەوی 150 مەتری پێك دێنێت دەبێتە هۆی سودمەندبوونی 17 گەنج لەو گەنجانەی تازە هاوسەرگیریان پێكەوە ناوە و لەوێدا نیشتەجێبكرێن، تاكو گەنجان هەست بە هەبوونی پشك لە نیشتمان بكەن، لە هەمان كاتدا پشتێنی شار بەهێزی گەنجان و لاوان قایم بكرێت، بەو هۆیەوە شارەكان گەشەی زیاتر بەخۆیانەوە دەبینن.
2ـ دەستنیشانكردنی برێك یارمەتی ماددی بۆ ئەو گەنجانەی خوێندنیان تەواو كردوەو دانەمەزراون، تا ئەو كاتەی سودمەند دەبن لە مافی دامەزراندن هەرچەند بڕەكەی كەمیش بێت .
3ـ هێنانە پێشەوەی گەنجان و لاوان و بەژداریپێكردنیان لە پڕۆسەی سیاسی و ئابووریی و، سود وەرگرتن لە هێزی معریفەیان و هەڵسەنگاندنی تواناكانیان و دامەزراندنیان لەو شوێنانەی كە تووشی بۆشایی ئیداری و سیاسی و ئابووری هاتوون، جگە لەوەش دەبێتە هۆی بڕوا بەخۆبوونی زیاتریان و هاندانیان بۆ خۆ ڕۆشنبیركردنی زیاتر و ئامادەكردنیان بۆ ساڵانی ئایندە كە ژیارو ئامادە بكرێن بۆ لە ئەستۆ گرتنی بەرپرسیاریەتی و بەڕێوەبردنی وڵات و ببنە پایەیی ڕاگرتنی سەقفی نیشتمان".
رەسول هیوادارە كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بتوانێت كاری جدی لەسەر ئەم پرسە هەستیارە بكات و، مێژوویەكی پڕ لەسەروەری و شانازی بۆ خۆی تۆمار بكات، كە نەوەی داهاتوو شانازی بەخوێندنەوەی لاپەڕەكانی بكات و لافی سەربەرزی لێ بدەن.
وەلید هەوەند برایمی پارێزەر، داواكارە حكومەتی هەرێمی كوردستان لەرێگەی كەرتی تایبەتەوە هەلی كار بۆ دەرچووانی خوێندن بڕەخسێنێت و كار بۆ باشتكردنی بژێوی ژیانی هاونیشتمانیان بكات و دەڵێ‌"كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان درووشمی چاكسازی دەستپێكی كاركردنەكەیان بووە، بەوەش هەموو جومگەكانی دەسەڵات دەگرێتەوە، بۆیە من وەكو گەنجێك داواكارم هەلی كار و دەرفەتی زیاتری كاركردن بۆ گەنجانمان ڕێكبخرێت وەك زۆربەی جار بەرپرسانی حكومی و سیاسیەكان ئاماژە بەوە دەدەن كە بەتەنها حكومەت ناتوانێت ئەو بارە هەڵبگرێت و چاوبدرێتە سەر كەرتی گشتی، بەڵكو دەبێت كار لەسەر ئەوە بكرێت كە لە ڕێگەیی كەرتی تایبەت هەلی كاركردن بۆ گەنجان بڕەخسێنرێت بۆ دەرچووانی دانەمەزراو، لەگەڵ سەربەخۆبوونی ئیدارەی سۆران چوارچێوەی كاركردن لەم سنوورەدا فراوانتر دەبێت، ئەمەش دەبێت وەكوو دەرفەتێك بۆ دەرچووانی دانەمەزراو بەپێی پسپۆریەكان دابنرێت و دەرفەتی زیاتر بۆ دانەمەزراوان بێت نەك لە ڕێگەی تنسیب دابنرێت، بەمەش هەم دەرفەتێكە بۆ ڕەخساندنی هەلی كار بۆ چینێكی كۆمەڵگە، هەمیش زیاتر كاركردنە لەسەر بەدامەزراوەیبوون".
هەروەها ئەوەش دەڵێ‌"سەبارەت بەكارنامەی حكومەت بەگشتی زیاتر باشتركردنی بژێوی خەڵكە كە كاری لە پێشینەی كابینەی نۆیەم چاككردنی بژێوی خەڵك بوو، وە هەروەها سیستەمێك كە پێویستە كاری لەسەر بكات (بیمە) كە سیستەمێكی جیهانیە، پێویستە حكومەت كار لەسەر دروستكردنی بكات كە بیمەی پاراستنی كەسی، بیمەی بازرگانی، بیمەی تەندرستی، هیتد... ، هەڵبەت كە بیمەی تەندرووستی یش بەنیسبەت دانیشتوانی هەرێمی كوردستان بەهۆی سنوورداری داهاتی تاك زۆر گرنگە و زەرووریەتێكی كۆمەڵگەی كوردی دەزانین".
سیروان قادر بەهۆی بوونی چەندین سەرچاوەی ئاو لە دەڤەرەكە، داواكارە لە حكومەتی كوردستان چەند بەنداوێك دروست بكات و دەڵێ‌"لەبەر ئەوەی ئاو پێویستیەكی ژیانی مرۆڤ و بنەمای پێشكەوتن و پەرەسەندنی وڵاتە و هەروەها چەكی جەنگ و ئاشتی و بوونیات نانی ژێرخانی ئابوورییەكی بەهێزە، بۆیە ناكرێ ئەو سەرمایە گرینگە پشتگوێ بخرێ‌ و بەهەدەر بچێ، گومانی تێدا نییە شەڕی داهاتووی مرۆڤایەتی لە سەر ئاوە، بۆیە بە دڵنیایەوە ئاو لە داهاتوو دەبێتە گەورەترین كارتی فشار و چەكی خۆ سەلماندن، ئەوەتا توركیا و ئێران هەردوو دەوڵەتی دراوسێ كاریان لەسەر چەندین پڕۆژەی گەورەی گڵدانەوەی سەرچاوەی ئاوەكانیان كردووەو لەئێستادا بەشێكی كەم لە ئاوی ئەو دوو وڵاتە لە سنووری وڵاتەكەیان دەهێتە دەرەوە، بەمەش كاریگەری لەسەر باشووری كوردستان دروستكردووەو گەر چەند ساڵێكی تر بەو شێوەیە بڕوات، كەم ئاوی كارەساتێكی گەورە دەخوڵقێنێ لە هەرێمەكەی ئێمەدا، بۆیە پێویستە حكومەتی كوردستان كاری جددی بكات لە دروستكردنی چەند بەنداوێكی گڵاندانەوەی ئاو لە رواندز و دەڤەری سۆران، بۆ ئەوەی چیتر ئەو ئاوە زۆرەی ناوچەكە بە بێ سوود لێوەرگرتن ئاوا بە بەرچاومانەوە بە فیڕۆ نەڕوات و، باشترە لە داهاتوو بیكەینە چەكێكی بەهێز، شەری مافەكانمانی پێ بكەین و لە بوژاندنەوەی ژێرخانی ئابووری كوردستانیش بكەینە سەرچاوەیەكی گرینگ، چونكە لەدروستكردنی بەنداو جگە لە گڵادانەوەی ئاو، سوودی سامانی ماسی و كەرتی گەشتوگوزار و كشتوكاڵ و بەرهەمهێنانی كارەباشی دەبێ، بۆیە تاوانە گەر دەڤەری سۆران لە چەند ساڵی داهاتوو، خاوەنی چەند بەنداوێكی گەورەو بچووك نەبێ و هۆكارێك نەبێ بۆ دابینكردنی سەرچاوەی ماسی بۆ شارەكانی تری كوردستان و راكێشانی هەزاران گەشتیار بۆ دەڤەرەكە".

زۆرترین بینراو