یاسایی چاكسازی گەڕانەوەی شكۆ بۆ حكوومەت و دادپەروەری بۆ كۆمەڵگە

یاسایی چاكسازی گەڕانەوەی شكۆ بۆ حكوومەت و دادپەروەری بۆ كۆمەڵگە

محەمەد ئامۆكەیی= زاری كرمانجی: پرسی چاكسازیی كارنامەی سەرەكی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی كوردستانە و هاووڵاتیان چاوەڕوانی ئەوەن هەرچی زووە یاسایی چاكسازی جێبەجێ بكرێت، زاری كرمانجی بۆچوونی بەشێك لە چین و توێژە جیاوازەكانی وەرگرتوە و پرسیاری ئەوەی ئاراستەكردوون ئایا یاسایی چاكسازی وەك خۆی جێبەجێ دەكرێت؟ هەرەیەكە و بەشێوازی جیا قسەی خۆیان خستۆتە ڕوو.  
میدیا كار سازگار ئەحمەد،  رایگەیاند" لەڕاسیتدا پەسندكردنی یاسای چاكسازیی لە پەرلەمانی كوردستان گرنگبوو، ئەمە مانای ئەوەیە سەرەتاكانی دەستكردن بە پڕۆسەی چاكسازیی سیفەتێكی یاسایی وەرگرتووە و پێویستی بەوەیە هەنگاوی كرداریی بۆ بنرێت، جێبەجێكردنی یاسای چاكسازیی بەتەواوەتی كارێكی گرنگە، بەڵام قورسە و پێویستی بەهەوڵی هەموو لایەك هەیە، رەنگە هەندێك لایەن ئەنجامدانی چاكسازیی لە بەرژەوەندییان نەبێت، بۆیە ئامادە نابن هاوكاریی حكومەتی هەرێم بكەن بۆ جێبەجێكردنی، لەگەڵ ئەوەشدا راستییەك هەیە نابێ خۆمانی لێ ببوێرین ئەویش ئەوەیە چاكسازیی بەیەك رۆژ و یەك قۆناغ ناكرێت، بەڵكو پڕۆسەیەكی دوورودرێژە و پێویستی بەكات هەیە، بەڵام ئەمەش نابێت وا بكات پڕۆسەكە سست بڕوات، بەڵكو دەبێت پەلە لە جێبەجێكردنی بكرێت، چونكە ئاستی گەندەڵی تیایدا زۆر بەرزە و خەڵك بێزارە و شەفافیەت نییە.

هۆزان ئیسماعیل چالاكوان لە سۆران، دەڵێ" بەرای من خودی هەنگاونان بۆ داڕشتنی یاسای چاكسازی، دانپێدانانی حكوومەتە سەبارەت بەو پێشێلكاری و گەندەڵیانەی كە چەند ساڵە لە ناو سێكتەرەكانی حكوومەتدا دەكرێن، ئەمەش بێگومان خاڵێكی پۆزەتیڤە و لەبەر ئەوەی بنەمای چارەسەری هەر نەخۆشییەك دەستنیشانكردنی جۆری نەخۆشییەكەیە، بۆیە پێم وایە حكوومەتی هەرێم دركی بەوە كردووە كە چ كێشەیەك ڕووبەڕووی بۆتەوە، بۆیە داڕشتنی یاسایەك وەك یاسای چاكسازی، واتا دۆزینەوەی دەرمان بۆ نەخۆشییەكە، بەڵام لێرەدا پرسیارەكە ئەوەیە ئایا ئەو دەرمانە دەكرێت هەموو نەخۆشییەكانی پێ چارەسەر بكرێت؟ لە وەڵامدا دەڵێم نەخێر، چونكە نەك تەنها ئەم یاسایە، هەر یاسایەك كە دەردەكرێت كەسان و لایەنی ناحەزیان بۆ پەیدا دەبێت، چونكە بەرژەوەندی ئەو كەس و لایەنانە لەكەدار دەكرێت، بۆیە پێویستە واقعبینانە بڕوانینە یاساكە و شێوەی جێبەجێكردنەكەشی، نەك وابزانین حكوومەت (داری سیحری) پێیە و یەكسەر هەموو كێشەكان بەم یاسایە چارەسەر بكات، چونكە كێشەكانی ناو سێكتەرەكانی حكوومەت ڕەگ و ڕیشەیان داكوتاوە.
كاڵێ فەقێ وسو، قوتابی ماستەر لە یاسای گشتی، ئاماژە بەوەدەكات" چاكسازی وشەیەكە بەڕواڵەت سادە و ئاسایی دەردەكەوێت، بەڵام هەڵگری پەیامگەلێكی جۆراوجۆرە و لە چەندین چەمك و بواردا، خۆی دەبینێتەوە، حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەستیكردووە بە چاكسازیكردن لە بوار و سێكتەرە جیاجیاكانی ئابوری و ئیداری، بەپێی شێوازە دیراسەكراوەكان، كە پێویستە لە چوارچێوەی بنچینە سەرەكییەكانی یاسا، سەرچاوەی گرتبێت، لەڕاستیدا پرسی چاكسازی لە ئێستادا پێویستییەكی حەتمییە كە هەنگاوەكانی حكوومەتی هەرێم بۆی چڕ كراونەتەوە، بۆ ئەوەی پڕۆسەكە بگاتە ئامانج و مەبەستی خۆی، ئاشكرایە كە هەنگاو هەنگاو بەپێی كارنامەی كابینەی نۆیەم، كاری جددی دەكرێت و لەچوارچێوەی دروشم هاتۆتەدەر، ڕاستییەكی حاشاهەڵنەگریش لێرەدا هەیە كە لە كاروان و پڕۆسەی چاكسازیدا، كەسانێكی سروشتی یان كەسانێكی مەعنەوی، كەبە ناحەق و لەسەر بنەمای پێوەر و پاساوی نابەجێ بونەتە خاوەن دەستكەوت و بەرژەوەندی تایبەت هەوڵ دەدەن تەنگەژە و گرفت دروستبكەن تا دەستكەوت و بەرژەوەندییەكانیان بپارێزن و بەردەوامی پێبدەن، بۆیە ئیرادەی بەهێز و سەروەری یاسا و لێكجیابونەوەی واقعی دەستەڵاتەكان و سیستەمی بەهێزی دادوەری، گرنگترین فاكتەرەكانی سەركەوتنن بۆ بە ئامانجگەیشتنی پڕۆسەی چاكسازی، كە خۆی لە بەرژەوەندی و خێری گشتی وڵاتدا، دەبینێتەوە."
كرمانج عوسمان، مامۆستای زانكۆ رایدەگێنێت" چاكسازی پڕۆژەیەكی دوور و درێژە و دوژمنی زۆرە، واتە خەڵك نابێت پێشبینی بكات كە دەم و دەست دەرئەنجامی هەبێت چونكە كاتی دەوێت، چاكسازی گرنگە لە كەرتی گشتی بكرێت نەك تەنها لە حكوومەت چونكە كەرتی گشتی واتە بوودجەی گشتی و داهاتی گشتی، بە بڕوای من رادەیەكی باش لە چاكسازی دەستە بەر دەبێت، بەڵام دوو مەرج پێویستە بۆ ئەو چاكسازیە، یەكەم ئیرادەیەكی تەواو و هەماهەنگ لە نێوان پارتە سیاسیەكان، دووەمیش بوونی هەڵسەنگاندن و بەدواداچوونێكی باشە لەوەی ئایا پڕۆسەی چاكسازی چۆن بەڕێوەدەچێت؟ لە جێبەجێكردنی كەم و كوڕی هەیە؟ بەرهەمەكانی دەركەوتوە؟ یاساكە پێویستی بە هەموارە؟ هیچ فرت و فێڵەك پەیدابووە بۆ خۆ دەربازكردن لە چاكسازی؟ ئایا هیچ حیلەی شەرعی و قانونی دیترایتەوە تاوەكو گەندلكاران خۆیان لە چاكسازی دەرباز بكەن؟ لە لایەكی تر بوونی سەرچاوەی مرۆیی پاك و بێگەرد گرنگە بۆ سەرخستنی پڕۆسەكە چونكە بە بوونی ئیرادە و یاسایەكی باش بۆ چاكسازی بەس نیە بەڵكو چاكسازی لە رێگای سەرچاوەی مرۆیەوە جێبەجێ‌ دەكرێت ئەوەش گرنگە كە كەسانی شیاو و دڵسوز بە پڕۆسەی چاكسازی هەستن، دەتوانم ئەوەش بلێم كە خراپبوونی باری دارایی خەڵك كاریگەری سلبی دەبێت لەسەر سەرخستنی پڕۆسەی چاكسازی بەتایبەتی لەناو فەرمانبەران چونكە لە وانەیە هانی رەشوە و بەرتیل بدات كە ئەوەش خۆی گەندەلیەكی گەورەیە و دژە چاكسازیە.