سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەردانی چەند لایەنێکی سیاسی دەکات

سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەردانی چەند لایەنێکی سیاسی دەکات

زاری كرمانحی - ئەمڕۆ سێشەممە 2021/6/29 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی بەرنامەی دیدار و کۆبوونەوەکانی لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستاندا، سەردانی هەریەک لە پارتی کرێکاران و ڕەنجدەرانی کوردستان، حزبی شیووعیی کوردستان و حزبی زەحمەتکێشتانی کوردستانی کرد.

لە کۆبوونەوەکاندا کە بەڕێز مستەفا سەید قادر جێگری سەرۆک ئامادەی بوو، دۆخی ناوخۆ و تەحەدییەکانی ئێستا و داهاتووی بەردەم هەرێمی کوردستان، پێشهاتەکانی عێراق بەگشتی، یەکڕیزی و نووسینی دەستوور، پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی عیراق، تاوتوێ کران.

لایەنە سیاسییەکان پێزانینیان بۆ ڕۆڵی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی و سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان وەک چەتری کۆکەرەوەی هەمووان و هەوڵەکانیان بۆ یەکڕیزیی نێوان لایەن و پێکهاتەکانی کوردستان دەربڕی و دووپاتیان کردەوە کە گەرەنتیی پاراستنی ماف و دەستکەوتەکانی گەلی کوردستان و تێپەڕاندنی سەختییەکان، تەبایی و یەکڕیزیی لایەن و پێکهاتەکانی کوردستانە.

وێڕای خستنەڕووی بۆچوون و تێبینییەکانیان لەسەر تەواوی پرسەکان و دۆخەکە بەگشتی، لایەنە سیاسییەکان هەموو هاوکاری و پشتگیرییەکیان بۆ هەوڵ و هەنگاوەکانی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی و سەرۆکایەتی لەپێناو تەبایی و یەکڕیزیدا دووپات کردەوە و هاوڕا بوون کە دەبێ هەمووان بە یەکڕیزی و تەبایی و چارەسەری کێشەکان بە گفتوگۆ و لێکگەیشتن، ڕووبەڕووی دۆخەکە و تەحەدییەکان ببنەوە و سەقامگیریی سیاسی بپارێزرێت.

لای خۆیەوە سەرۆک نێچیرڤان بارزانی دووپاتی کردەوە کە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بە هاوکاری و هەماهەنگی لەگەڵ دامەزراوەکان و لایەن و پێکهاتەکاندا لە هەوڵەکانی بۆ یەکڕیزی و تێپەڕاندنی کێشە و قەیرانەکان بەردەوام دەبێت. بەڕێزیان سوپاس و پێزانینی بۆ پشتگیریی لایەن و پێکهاتەکان لە هەوڵ و هەنگاوەکانی سەرۆکایەتی دەربڕی و جەختی لەوە کردەوە کە هەرێمی کوردستان وەک هەمیشە بە لانەی پێکەوەژیان و پاراستنی ئازادییەکان دەمێنتێتەوە.

زۆرترین بینراو