سەرۆكی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە باڵیۆزی نوێی بەنگلادش دەكات

سەرۆكی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە باڵیۆزی نوێی بەنگلادش دەكات

زاری كرمانجی -  ئەمڕۆ پێنجشەممە 23/9/2021 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە بەڕێز محەمەد فەزل ئەلباری، باڵیۆزی نوێی بەنگلادش لە عێراق و شاندێكی یاوەری كرد.

لە دیدارێكدا سەرۆك نێچیرڤان پیرۆزباییی دەستبەكاربوونی لە بەڕێزیان كرد و هیوای سەركەوتنی لە ئەركی نوێیدا بۆ خواست و پشتیوانیی هەرێمی كوردستانی بۆ سەرخستنی ئەرك و كارەكانی نیشان دا، هەروەها جەختی لە بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەكانی عیراق و هەرێمی كوردستان لەگەڵ بەگلادش لە بوارە جیاكاندا كردەوە و ئاماژەی بە کارامەییی دەستی كاری بەنگلادشی لە هەرێمی كوردستان کرد.

لای خۆیەوە بەڕێز باڵیۆزی بەنگلادش سڵاو و ڕێز و بانگهێشتی سەرۆكی وڵاتەكەی بۆ سەردانی بەنگلادش پێشکەش بە سەرۆک نێچیرڤان بارزانی کرد و سوپاسی هەرێمی كوردستانی بە خەڵك و حكوومەتەوە کرد بۆ پێشوازی و هاوكارییان لەگەڵ دەستی كاری بەنگلادشی و خواستی بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەكانی وڵاتەكەی لەگەڵ عیراق و هەرێمی كوردستان لە هەموو بوارەكان، بەتایبەتی لە بواری بازرگانیدا دووپات كردەوە.

تاوتوێكردنی هەڵبژاردنەكانی عیراق، دۆخی ئاوارەكان لە هەرێمی كوردستان و بەنگلادش، پێویستیی كردنەوەی نووسینگە یان كونسولگەریی بەنگلادش لە هەولێر، لایەنێكی دیكەی دیدارەكە بوو.

زۆرترین بینراو