سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ باڵیۆزی ئوسترالیا کۆبووەوە

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ باڵیۆزی ئوسترالیا کۆبووەوە

زاری كرمانجی - ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە 2021/6/29 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە خاتوو پۆڵا گانلی، باڵیۆزی ئوسترالیا لە عیراق کرد کە دوای دەستبەکاربوونی یەکەمجارە سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات بۆ ئەوەی لە نزیکەوە دۆخی هەرێمی کوردستان و دید و بۆچوونی سەرکردایەتیی هەرێم لەبارەی پرسەکانەوە بزانێت.

لە کۆبوونەوەیەکدا سەرۆک نێچیرڤان بارزانی پیرۆزباییی دەستبەکاربوونی لێکرد و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست، هەروەها خواستی هەرێمی کوردستانی بۆ بردەودانی پەیوەندییەکانی لە هەموو بوارەکاندا لەگەڵ ئوسترالیا دەربڕی و سوپاسی پشتگیری و هاریکاریی وڵاتەکەی بۆ عیراق و هەرێمی کوردستان لە شەڕی دژی تیرۆردا کرد.

لای خۆیەوە خاتوو گانلی جەختی لەوە کردەوە کە وڵاتەکەی بە بایەخەوە لە دۆخی عیراق و هەرێمی کوردستان دەڕوانێت و خوازیاری پەرەپێدانی پەیوەندییەکان و فراوانکردنی بوارەکانی هاریکاریی نێوانیانە، هەروەها باسی لە ڕۆڵی پێشمەرگەی لە تێکشاندنی داعشدا کرد و پێزانینی وڵاتەکەی بۆ حەواندنەوەی ئاوارە و پەنابەران لە هەرێمی کوردستان بەتایبەتی ئاوارەی مەسیحی و ئێزدی دووپات کردەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا شەڕی تیرۆر و هۆکار و مەترسییەکانی سەرهەڵدانەوەی داعش، پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا و هەڵمەتی کوتان بە ڤاکسینی دژی پەتاکە، هەڵبژاردنەکانی داهاتووی عیراق، پەیوەندییەکانی هەولێر ـ بەغدا، دۆخی ناوچەکە بەگشتی و چەند پرسێکی دیکەی جێی بایەخی هاوبەش، تاوتوێ کران.