سەرۆكی ھەرێمی كوردستان بە یەك چاو سەیری ھەموو لایەنەكان دەكات

سەرۆكی ھەرێمی كوردستان بە یەك چاو سەیری ھەموو لایەنەكان دەكات

زاری كرمانجی - راوێژكاری سەرۆكی ھەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، سەردانی سەرۆكی ھەرێم بۆ لای لایەنەكان بۆ ئەوە بوو، كە لە نێوخۆی ھەرێم یەكڕیز و تەبا بن و سەقامگیریی سیاسیش لە ھەرێمدا دروست ببێت، كە ھەموو لایەنەكان ئەو ھەنگاوەی سەرۆكی ھەرێمی كوردستانیان بە گرنگ زانی و سەرۆكی ھەرێمیش بەردەوام دەبێت لە پەیوەندیكردن لەگەڵ ھەموو لایەنەكان.

زیرەك كەمال، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، ھەڵبەت دیارە سەرۆكی ھەرێمی كوردستان لە ڕووی یاساییەوە سەرۆكی ئەم وڵاتەیە و لایەنە سیاسییەكانیش بەشێكن لە پرۆسەی سیاسی و سەرۆكی ھەرێمی كوردستانیش خۆی بە بەرپرسیار دەزانێت بەرامبەر بە ھەموو حیزب و لایەنەكان و بە یەك چاو سەیری ھەموو لایەنەكان دەكات، كە لە چەندین دیمانە و چاوپێكەوتن باسی لەوە كردووە، بۆ سەرخستنی پرۆسەی سیاسی و راستەڕێكردنی پرۆسەی سیاسی و سەقامگیریی سیاسی، پێویستمان بە ھەماھەنگی و ھاوكاریی ھەموو لایەنەكان ھەیە، بۆیە سەرۆكی ھەرێمی كوردستان كە سەردانی لایەنەكانی كردووە، تەئكیدكردنەوە بووە لە یەكڕیزی و یەكگوتاری و ھەماھەنگی و پێكەوەكاركردن و پێكەوە داڕشتنی گوتاری سیاسی لەسەر بەرژوەندیی باڵای ھەرێمی كوردستان.

كەمال گوتیشی، سەردانی سەرۆكی ھەرێمی كوردستان بە حوكمی ئەوەی سەرۆكی وڵاتە و خۆی بە بەرپرسیار دەزانێت، بۆ چەند مەبەستێكە، كە بریتین لە دروستبوونی یەكڕیزیی ناوماڵی كوردی و دروستبوونی سەقامگیریی سیاسی لە ھەرێمی كوردستان و پێكەوەكاركردن بۆ بەرگریكردن لە بەرژوەندییە باڵاكانی كوردستان.

دەشڵێ: "ئەوەی لەسەر شانی سەرۆكی ھەرێم بووە جێبەجێی كردووە، ئەوەی دیكە لای حیزبەكان دەمێنێتەوە، بەڵام ئەوەی ئێمە تێبینیمان كردووە لە راگەیەندراوەكانی حیزبەكان، دوای سەردانی سەرۆكی ھەرێم دڵخۆشیی خۆیان نیشان داوە و بە مایەی تەبایی و گرنگیان وەسف كردووە و پێشوازییان لەو ھەنگاوە كردووە و بە كارێكی باش و ھەنگاوێكی باشیان زانیوە سەرۆكی ھەرێمی كوردستان ئەنجامی داوە".

ڕاوێژكاری سەرۆكی ھەرێمی كوردستان باسی لەوەش كرد، سەرۆكی ھەرێمی كوردستان سەردانی ھەموولایەنەكانی كردووە، ئەوەی كوردستانی بێت و جگە لەوەش، سەردانی هەموو پێكھاتەكانیشی كردووە و بەردەوامیش دەبێت لە وەرگرتنی رای لایەنەكان بۆ پرسی سیاسی و لەبارەی عێراق و ناوچەكە و، پەیوەندیی بەردەوامیشی لەگەڵ لایەنەكاندا دەبێت و تەنھا ئەو سەردانە نابێت، بۆیە دەیەوێت بەردەوام لەگەڵ ھەموو لایەنەكان لە پەیوەندیدا بێت.

زۆرترین بینراو