سەرۆکی هەرێمی کوردستان: ​بوونی كورسیی پاتریاركی له‌ هه‌ولێر گرنگ و ماناداره‌

سەرۆکی هەرێمی کوردستان: ​بوونی كورسیی پاتریاركی له‌ هه‌ولێر گرنگ و ماناداره‌

زاری كرمانجی - سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌ میانه‌ی كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ قه‌داسه‌تی پاتریارك مار ئاوای سێیه‌م، پاتریاركی كه‌نیسه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ئاشووری له‌ جیهان رایگه‌یاند: بوونی كورسیی پاتریاركی له‌ هه‌ولێر به‌ گرنگ و مانادار و مایه‌ی متمانه‌ له‌قه‌ڵه‌مدا .

پێشنوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ چوارشەممە 2021/9/22  نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، پێشوازی له‌  قه‌داسه‌تی پاتریارك مار ئاوای سێیه‌م، پاتریاركی كه‌نیسه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ئاشووری له‌ جیهان كرد.

له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا كه‌  شاندێكی كه‌نیسه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ئاشووری و وه‌زیری ئه‌وقاف و كاروباری ئایینی ئاماده‌ی بوون، نێچیرڤان بارزانی وێڕای دووباره‌ پیرۆزبایی له‌ قه‌داسه‌تی پاتریارك بۆ ده‌ستبه‌كاربوونی، هیوای سه‌ركه‌وتنی بۆ خواست و هه‌موو پشتگیرییه‌كی بۆ سه‌رخستنی ئه‌ركی خۆیان و كه‌نیسه‌كه‌یان دووپات كرده‌وه‌، هه‌روه‌ها ڕۆڵی قه‌داسه‌تیان و كه‌نیسه‌ و پیاوان و مامۆستایانی سه‌رجه‌م ئایینه‌كانی له‌ قووڵكردنه‌وه‌ی پێكه‌وه‌ژیان و لێبورده‌یی و ئاشته‌وایی و بوونی كورسیی پاتریاركی له‌ هه‌ولێر به‌ گرنگ و مانادار و مایه‌ی متمانه‌ له‌ قه‌ڵه‌م دا.

لای خۆیه‌وه‌ قه‌داسه‌تی پاتریارك مار ئاوای سێیه‌م، پاتریاركی كه‌نیسه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ئاشووری له‌ جیهان و شاندی یاوه‌ری، وێڕای خۆشحاڵی و سوپاس و پێزانین بۆ به‌شداریی  نێچیرڤان بارزانی له‌ ڕێوڕه‌سمی دانانی قه‌داسه‌تی پاتریاركدا، ستایشی ڕۆڵ و كاریگه‌ریی به‌ڕێزیانی له‌ پشتگیریی پێكهاته‌كان و پاراستنی پێكه‌وه‌ژیان و ته‌بایی له‌ هه‌رێمی كوردستان كرد و هه‌ردوولا جه‌ختیان له‌ میانڕه‌وی و بایه‌خ و گرنگیی سه‌قامگیری كرده‌وه‌.

تاوتوێكردنی كاروباری كه‌نیسه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان، عیراق و جیهان و دۆخی مه‌سیحی و پێكهاته‌كان له‌ هه‌رێمی كوردستان و عیراق، ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌كه‌ بوو كه‌ تیایدا قه‌داسه‌تی پاتریارك سوپاسی گه‌ل و حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی كرد بۆ پێشوازی و حه‌واندنه‌وه‌ی ئاواره‌ و په‌نابه‌ران له‌ هه‌رێمی كوردستان، به‌تایبه‌تیش ئاواره‌ مه‌سیحییه‌كان

زۆرترین بینراو