چەندین پڕۆژەی گرینگی خزمەتگوزاری لە قەزای چۆمان جێبەجێ‌ دەكرێن

چەندین پڕۆژەی گرینگی خزمەتگوزاری لە قەزای چۆمان جێبەجێ‌ دەكرێن

محەمەد هەسنانی-چۆمان: 
قائیمقامی قەزای چۆمان، ئاشكرای دەكات "دوای دانانی بەردی بناغەی 14 پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە سەنتەری قەزای چۆمان، بەشێك لەم پڕۆژانە دەست بەكارەكانیان كراوەو بەشێكیش لە پلان و بەرنامەی حكومەتدان و كار لەسەر جێبەجێكردنیان دەكرێت.
 سوارە ئەكڕەم قائیمقامی قەزای چۆمان، بە زاری كرمانجی گووت "دوای ئەوەی لە ماوەی رابردوودا ئومێد خۆشناو پارێزگای هەولێر، بە یاوەری جێگری پارێزگاو بەڕێوەبەری شارەوانییەكانی شاری هەولێر، سەردانی قەزای چۆمانیان كردو بەردی بناغەی 14 پڕۆژەی خزمەتگوزاریان دانا، كاریگەری باشی دەبێت لەسەر خزمەتكردن بە دەڤەرەكە، هەروەك پڕۆژەكانیش زیاتر خۆی دەبینێتەوە لە چاككردن و قیڕكردن و كۆنكرێت كردنی رێگاو شەقامەكان و دروستكردنی دیواری پاڵپشت و ئاوەڕۆ و چەندین پڕۆژەی دیكەی جۆرا و جۆر لەسەنتەری قەزای چۆمان و هەرچوار ناحیەكانی (حاجی ئۆمەران، گەڵاڵە، قەسرێ‌، سمیلان) لەگەڵ گوندەكانیان".
 قائیمقامی چۆمان ئاشكراشی كرد "گوژمەی ئەم پڕۆژانە زیاتر لە 1 ملیارو 800 ملیۆن دینارە لەسەر بوودجەی پەرەپێدانی پارێزگای هەولێر تەرخانكراوە، بە ئەنجامدان و جێبەجێكردنی ئەم پڕۆژانە، خزمەتێكی بەرچاو بە هاووڵاتییانی سەنتەری قەزای چۆمان و هەرچوار نەحیەو گوندەكانی دەگەیەنێت، هەوڵیش دەدەین پڕۆژەی زیاتری خزمەتگوزاری ئەنجام بدەین، لە پێناو پێكەشكردنی خزمەتگوزاری زیاتر بە هاووڵاتییانی دەڤەرەكە.

 

زۆرترین بینراو