درێسێل دەبێتە پیاوی ئۆڵمپیادی تۆكیۆ

درێسێل دەبێتە پیاوی ئۆڵمپیادی تۆكیۆ

زاری كرمانجی- ئاژانسییە هەواڵییە وەرزشییەكان: كایلێب درێسێل، مەلەزانی ئەمریكی بەردەوامە لە تۆماركردنی مێژوو لە ئۆڵیمپیاددا و سێیەم میدالیای زێڕی لە ئۆڵیمپیادی تۆكیۆدا بەدەستهێنا، كە پێنجەم میدالیای زێڕە لە مێژووی ئۆڵیمپیاددا بەدەستی دێنێت.
درێسێل لە پێشبڕكێی 100 مەتر مەلەوانی پەپوولەدا پلەی یەكەم و میدالیای زێڕی بەدەستهێنا، نەك تەنیا ئەوەندە بەڵكو ریكۆردی ئۆڵیمپی و جیهانیشی شكاند، كە هەردووكیان پێشتریش بەناوی خۆی بوون.
مەلەزانی ئەمریكی ماوەی پێشبڕكێیەكەی بە 49 چركە و 45 بەشی چركە بڕی و ریكۆردی جیهانی شكاند، كە لە 2019ەوە بەناوی خۆی بوو، ماوەكەی 49 چركە و 49 بەشی چركە بوو.
درێسێل هەروەها ریكۆردی ئۆڵیمپیشی شكاند، كە ئەویش بەناوی خۆی بوو، كە 49 چركە و 71 بەشی چركە بوو.
ئەمە سێیەم میدالیای زێڕە درێسێل لە ئۆڵیمپیادی ئێستادا بەدەستی دێنێت، دوای ئەوەی لە پێشبڕكێی 100 مەتر مەلەوانی ئازاددا میدالیای زێڕی بردەوە، هەروەها لەگەڵ تیپی ئەمریكاش لە پێشبڕكێی 4 جار 100 مەتری ئازادیشدا میدالیای زێڕی بردۆتەوە.
مەلەزانی ئەمریكی، پێشبینی دەكرێت ببێتە پیاوی یەكەمی ئەم ئۆڵیمپیادە، كە بەشداری لە پێشبڕكێی 50 مەتری ئازاد و چەندین پێشبڕكێی دیكەشدا دەكات و دەیەوێ 6 میدالیای زێڕ لەم ئۆڵیمپیادەدا بۆ ئەمریكا بباتەوە.
ئەو لەدوای بەدەستهینانی دووەەم میدالیای زێڕ، بە گریانەوە گووتی" ساڵێكی زۆر زەحمەت بوو، بەڕاستی زەحمەت بوو، من زۆر دڵخۆشم".