دیبالا نهێنی ئەرجەنتینی بۆ كرستیانۆ ئاشكراكرد

دیبالا نهێنی ئەرجەنتینی بۆ كرستیانۆ ئاشكراكرد

زاری كرمانجی- ئاژانسییە هەواڵییە وەرزشییەكان: پاولۆ دیبالای ئەرجەنتینی و یاریزانی یانەی یوڤانتسی ئیتاڵی، نهێنیەك بۆ رۆناڵدۆی هاورێی ئاشكرا دەكات و بە رۆناڵدۆی وتوە ئێمە لە ئەرجەنتین كەمێك رقمان لێتە.
لە لێدوانێكیدا بۆ ماڵپەڕی فەرمی یەكێتی تۆپی پێی ئەرجەنتینی گووتی" بە كریستیانۆم وت ئێمە لە ئەرجەنتین كەمێك رقمان لێتە، چونكە تۆ بە ركابەری مێسی دادەنرێیت، بەڵام بۆم دەركەوت كە ئەو تەواو جیاوازە، كەسایەتیەكی باشی هەیەو خاوەنی دڵێكی زۆر فراوانەو هەرگیز لەخۆبایی نیە، ئەو شایستەی ئەوە نیە كە ئەرجەنتینیەكان رقیان لێی بێت".
ئەو یاریزانە لە درێژەی لێدوانەكەیدا گووتیشی" من رەخنەم لە مێسی نەگرتوە وەك ئەوەی خەڵكی باسی لێوە دەكەن، بە تایبەت لەو كاتانەی یاری بۆ هەڵبژاردەی ئەرجەنتین دەكەین، بەڵام زەحمەت بوو پێكەوە یاری بكەین بە یەك كاتدا، من تەنیا دەمویست هەڵوێستی خۆم  روونبكەمەوە لە بەشداریكردن لە كۆپا ئەمریكای هاوینی داهاتوو، نەك ئەوەی رەخنەم لە شێوازی یاریكردنی مێسی هەبێت".
 ئەو هێرشبەرە ئەرجەنتینیە ئەوەشی ئاشكراكرد كە لەو كاتەدا لەو بارەیەوە قسەی لەگەڵ مێسی كردوە، چونكە لە رووی تاكتیكی و شێوزای یاریكردنەوە زۆر لە یەكترەوە نزیكن، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی كە هەلی یاریكردنی ئەوتۆی پێنەدرا لە مۆندیال و جامی كوپا ئەمریكاشدا، بەڵام دیبالا لەگەڵ ئەوەشدا دەڵێت" لە هەمان كاتدا رێزم لە بڕیاری راهێنەران دەگرت، چونكە سەركەوتنی هەڵبژاردەكەم لە پێش یاریكردنی خۆشمەوە بووە، ئێمە بۆ بردنەوەی هەڵبژاردەكەمان یارییمان دەكردو خۆمان ماندو دەكرد".

زۆرترین بینراو