قۆناغی دوای ئەنجامەكان

 كامران ئیبراهیم شیروانی
ساڵانە دوا بە دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامی هەردوو خولی قوتابیانی پۆلی ١٢ی ئامادەیی بۆ گشت بەشە جیاجیاكان( زانستی، وێژەیی، پیشەسازی و بازرگانی)  نۆرەی قۆناغی دوای ئەنجامەكان دێت، كە ئەویش قۆناغی پڕكردنەوەی فۆڕمی وەرگرتنی قوتابییانە لە زانكۆ و پەیمانگاكانی سەر بە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، كە ساڵانە لە لایەن ئەو وەزارەتە فۆرمێكی تایبەت لە ڕێگەی پلاتفۆرمێك لەژێر ناوی ڕێگای زانكۆ ئامادە و بڵاودەكرێتەوە، ئەگەر ئەو قۆناغە  (قۆناغی پێشكەشكردنی داوا بۆ زانكۆ و پەیمانگاكان) گرنگتر نەبێت لەو كۆششەی كە قوتابیان كردویانە بۆ بەدەستهێنانی نمرەی گونجاو ئەوا هیچی كەمتر نیە، چونكە لە ئەگەری ئەنجامدانی هەر هەڵەیەك ئەگەر بچوكیش بێت لە كاتی پڕكردنەوەی فۆڕمەكەدا ڕەنگە داهاتووی قوتابی تەواو گۆڕانكاری بەسەردا بێت، یاخود قوتابی توشی چەندان گرفت و ئاستەنگ بكات تا ڕاستكردنەوەی ئەو هەڵەیە! بۆیە قۆناغی دوای وەرگرتنەوەی نمرەكان دەكرێت دابەش -بكرێن بۆ سەر دوو تەوەری سەرەكی: 
تەوەری یەكەم: قۆناغی پڕكردنەوەی فۆڕم( زانكۆ لاین) لەم قۆناغەدا چەند خاڵێكی گرنگ بە پێویست دەزانم كە تیشكی بخەمە سەر: 
١_ سەرەتا هەوڵبدە هیچ پەلە مەكە لە پڕكردنەوەی فۆڕمەكەت، چونكە ساڵانە وەزارەتی خوێندنی باڵا و نوێژینەوەی زانستی ماوەیەك دیاریدەكات بۆ پڕكردنەوەی فۆڕمەكە.
٢_ كەسێكی شارەزا بدۆزەرەوە بۆ پڕكردنەوە فۆڕمەكەت ( مەرج نیە كەسە شارەزاییەكان تەنها لەو سەنتەرانە بن كە پارە وەردەگرن، هەرچەندە ڕەنگە ئەم سەنتەرانە خەڵكانێك بەڕێوەی ببەن كە خاوەنی چەند ساڵێك ئەزموونن لە پڕكردنەوەی فۆڕمەكان).
٣_ بەرلەوەی بچیتە لای كەسێك بۆ پڕكردنەوەی فۆڕمەكەت هەوڵبدە ئەو بەشانە یاخود ئەو زانكۆیە یاخود ئەو شارەی كە دڵخوازی خۆتە بیاننووسە لەلای خۆت بۆ ئەوەی بزانی چیت دەوێت ( چونكە ڕەنگە بچیت بۆ لای كەسێك زۆر سەر قال بێت، كاتی بیركردنەوە یاخود گۆڕینی بەشەكەت پێنەدات). 
٤_ زۆر گرنگە هەوڵی دۆزینەوەی قوتابییەك یاخود كەسێك بدەیت بۆ ئەوەی بەرچاوڕوونیەكت پێبدات لەسەر ئەو بەشەی كە دڵخوازی تۆیە.
٥_ هەوڵبدە بزانی كە بازاڕی كار دوای چوار ساڵی تر چ بەشێكی پێویستە ( ئەمەش بە پرسیاركردنی زۆر بۆت ڕووندەبێتەوە، بە تایبەت لە كەسانی شارەزا).
٦_ خۆت بڕیاربدە ، چونكە تۆ زیاتر لە هەر كەسێك خودی خۆت دەناسی، بڕیار لەسەر  ئەو بەشەی دڵخوازی خۆتە بدە.
٧_ مەرج نیە نمرەت بەرزبێت هەوڵی بەشێكی بەرزبدەی، هەوڵبدە بەشی دڵخوزای خۆت چیە ئەوەیان هەڵبژێرە ( دڵنیابە سەركەوتودەبیت تێیدا).
-تەوەرەی دووەم: قۆناغی دەسپێكی زانكۆ یاخود پەیمانگا, قۆناغی گەڕانەوەی ناوی قوتابیان لەو بەشەی كە دڵخوازی خۆیەتی یاخود لە فۆڕمەكەدا هەڵیبژاردوە، ئەم قۆناغە بەم چەند خاڵەی خوارەوە ڕووندەكەمەوە:
١_ دوای ١٢ ساڵ یاخود زیاتر خوێندن لە قۆناغە جیاجیاكانی خوێندن لە قوتابخانەی جیاواز و ژینگەی جیاواز، ئێستا قۆناغێكی تری ژیانت دەست پێدەكات ئەویش قۆناغی خوێندنی زانكۆ یاخود پەیمانگایە.
٢_ئەم قۆناغە ( قۆناغی خوێندنی زانكۆ یاخود پەیمانگا) سەرەتایی قۆناغەكانی ڕوبەڕوبونەوەی ژیانە، ئا لێرەدا سەرەتایەكی نوێ و جیاواز دەستپێدەكات.
٣_ قۆناغی خوێندنی زانكۆ یاخود پەیمانگا بە هیچ جۆرێك قۆناغی پشودان نیە دوای ساڵانێكی زۆر لە خوێندن، چونكە قۆناغی زانكۆ ئەگەر لە قۆناغی پێشوتری قورسترنەبێت هەرگیزاو هەرگیز ئاسانتر نیە (  زۆر جار  و لە زۆرێك لە قوتابیان گوێمان لێدەبێت كە دەڵێن زانكۆ یاخود پەیمانگا واتە پشوودان و كات بەسەربردن, كە ئەمەش هەڵەیەكی زۆر گەورەیە).
٤_ هەوڵبدە پلانی تایبەتی خۆتت هەبێت بۆ زانكۆ و ژیانی زانكۆ، ئامانجی گەورە لە هزرتدا جێگیر بكە ، پلانی بۆدابنێ وە كاری لەسەر بكە، بیانۆ مەهێنەرەوە بۆ ئەوەی سەركەوتونەبیت لە گەیشتن بە ئامانجەكانت.
٥_ چێژ لە هەموو ساتێكی ئەم قۆناغە نوێیە وەرگرە، چالاكبە، هەوڵبدە، بخوێنە، بخوێنەوە، بنووسە، پێشبكەوە، مەوەستە، پێشەنگبە، مەهێلە هیچ شتێك بتوەستێنێت.
چەندین خاڵی تر هەن كە لە ژیانی زانكۆیتدا بە تێپەڕبوونی كات دانە بەدانەی بۆت ڕووندەبێتەوە. بۆیە قۆناغی دوای دەرئەنجامەكانی پۆڵی ١٢ تونێلێكە و خۆت دەتووانی چارەنووست دیاری بكەی.
 

بابەتى پەیوەندیدار بیروڕا

زۆرترین بینراو