نێیمار لە دەرگەی بەرشە دەداتەوە

نێیمار لە دەرگەی بەرشە دەداتەوە

زاری كرمانجی- ئاژانسییە هەواڵییە وەرزشییەكان: مشتومڕ لەسەر داهاتووی نەیمار داسیلڤای ئەستێرەی بەڕازیلی و ئەگەری درێژكردنەوەی گرێبەستەكەی لەگەڵ یانەی پاریس سانجێرمانی فەڕەنسی، كە لە هاوینی 2022 ماوەكەی كۆتایی دێت، بەردەوامە.
رۆژنامەكانی كەتەلۆنیا ئاماژە بۆ دەكەن نەیمار دانوستاندنەكانی بۆ نوێكردنەوەی گرێبەستەكەی لەگەڵ یانە پاریسییەكە دواخستووە، چونكە دڵنیا نیە لەوەی ئایا لیۆنێل مێسی بەنیازە لە كۆتایی ئەم وەرزەدا، كە ماوەی گرێبەستەكەی كۆتایی هاتووە، ریزەكانی بەرشە جێبهێڵێت یان نا، كە دەیویست بچێتە یانە فەڕەنسییەكەو جارێكی دیكە پێكەوە یاری بكەنەوە.
بەگوێرەی ئەو سەرچاوانە، نەیمار چەند مانگێك لەمەوبەر هەستی بەوە دەكرد كە لیۆ لە بەرشە دەردەچێت، بەڵام ئاماژەكان ئێستا بۆ ئەوە دەچن كە لیۆ لە بەرشە دەمێنێتەوەو گرێبەستەكەی نوێ دەكاتەوە.
رۆژنامەكانی كەتەلۆنیا، نووسیویانە" هەر لەبەر ئەمە نەیمار لە رێگەی هەندێك لە هاوڕێ و كەسانی دەوروبەرییەوە جارێكی دیكە لە دەرگاكانی بەرشەلۆنەی داوەو یاریزانە بەڕازیلییەكە بە كارگێڕی نوێی بەرشەی راگەیاندووە، ئامادەیە بگەڕێتەوەو مووچەكەی كەمبكاتەوە بۆ ئەوەی لەگەڵ بارودۆخی نوێی ئابووریدا بگونجێت".
ئەو سەرچاوانە روونیشیانكردووەتەوە كە كارگێڕی بەرشەلۆنە بە باشی پێشوازیان لە نیازەكانی نەیماریان وەرگرتووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا كاری سەرەتایی كارگێڕی نوێ هەوڵدان دەبێت بۆ كەمكردنەوەی مووچەو فرۆشتنی چەند یاریزانێك و گرێبەستكردن لەگەڵ ئێرلینگ هالاندی یاریزانی لاوی نەرویجی.
لەگەڵ ئەوەشدا وەك سەرچاوەكانی نزیك لە یانەی كەتەلۆنی باسی دەكەن" خوان لاپۆرتای سەرۆكی یانەی بەرشەلۆنەو جێگری سەرۆكی یانەكە بەتەواوی دەرگای گەڕانەوەیان بە رووی نەیماردا دانەخستووە، بەتایبەتی لەبەر رۆشنایی ئەو گومانە زۆرانەی لەنێو دیوارەكانی یانەكەدا كەڵەكەبوون، كە گرنگترینیان ئایندەی مێسی و ئەگەری نوێكردنەوەی گرێبەستەكەیەتی".
ئەو سەرچاوانە دەشڵێن" بەرپرسانی بەرشە ئێستا هەڵسەنگاندن بۆ ئەو سوودانە دەكەن كە دەكرێت لە گەڕاندنەوەی نەیماردا بەدەستیان بێنن، ئەگەر یاریزانەكە گرێبەستەكەی لەگەڵ پاریس نوێ نەكاتەوە، چونكە ناسر خلێفی سەرۆكی یانە فەڕەنسییەكە ئەمجارە ئەوەندە بەهێز نابێت لە دانوستانەكاندا، وەك ئەوەی لە هاوینی 2019 دا توانی رێگە لە گەڕانەوەی نەیمار بۆ بەرشە بگرێت".
نابێ ئەوەش لەبیر بكرێت كە خلێفی لە هەوڵێكی چڕدایە بۆ درێژكردنەوەی گرێبەستی كیلیان ئێمباپێی ئەستێرەی فەڕەنسی، كە بێگومان ئەوەش پارەیەكی زۆر لە خەزێنەی یانەكە دەردەكات.

زۆرترین بینراو