رێگەی كەمەربەندی ئازادی دەكرێتە دووساید

رێگەی كەمەربەندی ئازادی دەكرێتە دووساید

زاری كرمانجی - كاری چاككردن و فراوانكردنی رێگەی كەمەربەندی ناوچەی پیشەسازی كۆنی سۆران تا چوار ریانی ئازادی كە بەكەمەربەندی ئازادی ناسراوە، كاری تێدا دەكرێت و دەبێتە دوو ساید، سەرۆكی شارەوانی سۆرانیش دەڵێت" پلانمان هەیە بە پردێك ئەو رێگایە بە دێڵزیان ببەستینەوە".
كاوە نەجیم، سەرۆكی شارەوانی ئیدارەی سۆران بە زاری كرمانجی راگەیاند" دوای ئەوەی نیگەرانی زۆری شوفێرانمان لەبارەی خراپی ئەو رێگەیە بەدەست گەیشت، بە فەرمی ئەو داواكارییەمان ئاراستەی سەرووی خۆمان كرد، توانرا رەزامەندی وەربگرین لەسەر دابین كردنی 500 ملیۆن دینار بۆ چاككردن و نۆژەن كردنەوەی رێگەی كەمەربەندی ئازادی و بە دووساید كردنی".
سەرۆكی شارەوانی سۆران دەڵێت" لە ئێستادا وەك قۆناغی یەكەم دەستمانكردووە بە فراوانكردن و چاككردنەوەی رێگەی كەمەربەندی ئازادی،  بە تەواو كردنی ئەو رێگەیە هاتووچۆ ئاسانتر دەبێت، لە پلانماندایە بە پردێك ئەو رێگایە بە شەهیدانی ئازادی و دێلزیان ببەستینەوە، لەگەڵ چاككردنی رێگەی جووت سایدی دێلزیان و تەواوی ئەو رێگایانەی پێویستیان بەچاككردن و نۆژەن كردنەوە هەیە كاریان لەسەر دەكەین، یەكێك لە پڕۆژە ستراتیژییەكان كە لە داهاتوو كاری لەسەر دەكەین پڕۆژەی شەقامی 40 مەترییە".

زۆرترین بینراو